5/6/2020 12:49 PM

هێرشی هاککەرەکان بۆ سەر توێژینەوەی پەیوەندیدار بە کۆرۆنا

رێکخراوی تەندروستیی نەتەوەیی بەریتانیا لەجیاتی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، زیاتر لەگەڵ هێرشی هاککەرەکان بۆ سەر توێژینەوەکانی پەیوەندیادار بە کۆرۆنا رووبەڕوو بۆتەوە کە لەم وڵاتە خەریکە ئەنجام دەدرێت.
"جێرمی فلمینگ"ـی سەرۆکی ئاژانی ئەمنیەت و زانیاریی بەریتانیا دەڵێ: "هاککەرەکان لەو کاتەوەی کۆرۆنا دەستی پێکردووە، چەندین جار هێرشیان کردۆتە سەر سیستەمی پاراستنی تەندروستی ئەم وڵاتە. ئەو گوتی ئێمە چەندین جار ئەم جۆرە هێرشانەمان بینیوە. ئێمە دەزانین ئەم هێرشانە لەلایەن هەر کەس و گرووپێکەوە بێت، بەشوێن کۆمەڵێک زانیارییەوەن کە بۆ ئێمە زۆر هەستیار و گرنگن.
بە گوتەی گۆڤاری گاردیەن، رێکخراوی تەندروستیی نەتەوەیی بەریتانیا لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لەوانەیە ئەم هێرشانە کاری چین بێت.
هاککەرەکان هەوڵیان دا دەستیان بە کۆمەڵێک زانیاری هەستیاری پەیوەندیدار بە کۆرۆنا رابگات بۆ نموونە ئەو کارانەی کە بەریتانیا بۆ دروست کردنی ڤاکسینی کۆرۆنا ئەنجامی داوە. هەڵبەت هەوڵی هاککەرەکان زۆر پێچیاو و ئاڵۆز نەبوو. ئەوان زیاتر هەوڵیان دەدا بە هەندێک پەیوەندی سەر لە بەکارهێنەران بشێوێنن بۆ ئەوەی پاسوۆردی لاواز بەکار بهێنن.
بەم حاڵەوە ناوندی نەتەوەیی ئەمنیەتی سایبێریی بەریتانیا بۆ پاراستنی نەخۆشخانە و تاقیگەکان هاوکاری ئەوانی کردووە. ئەم ناوەندە هەروەها یارمەتی رێکخراوی تەندروستیی بەریتانیاشی داوە بۆ ئەوەی ئەمنیەتی بەرنامەی بەدواداچوونی نەخۆشەکان بەرز ببێتەوە.
دەست راگەیشتن بە زانیاری  توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە کۆرۆنا و ڤاکسین یان دەرمانی ئەم پەتایە بۆ هەر کۆمپانیا و رێکخراوێک گرنگە و لە بواری سیاسی و ئابووریدا دەتوانێ کاریگەرییەکی زۆری هەبێت؛ بابەتێک کە هاککەرەکان بە باشی لێی ئاگادارن.

 

سەرچاوە: engadget

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved