6/6/2020 04:20 PM

محەمەد قودسی، ئەفسەری ئازادیخوازی شەهید

چراکانی نیشتمان - خەلیل عەبدوڵڵا

پێی ناوێ بۆ شەھیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وان لەدڵی میللەتا ئەژین

محەمەد قودسی تێكۆشەرو روناكبیری دیارو ناسراوی كوردستان، لەپێناو گەل‌و نیشتمانەكەیدا بەوپەڕی ئازایەتییەوە چووە پای سێدارە‌و بەمەرگی خۆی ژیان‌و نەمرییەكی ئەبەدی بۆ خۆی تۆمار كرد‌و ناوی پیرۆزی بەدرەوشاوەیی لە لاپەڕەكانی مێژووی كوردستاندا دەمێنێتەوە.
محەمە كوڕی مەحموود ئەفەندی ڕەسامە‌و بەمحەمەد قودسی ناسراوە، ساڵی 1921 لەشاری قودس لەدایك بووە، بەهۆی ئەوەی لەو كاتەدا باوكی ئەفسەری عوسمانی بووەو لە لەلایەن سوپای ئینگلیزەوە ئەسیر کراوەو لەو شارە زیندانی کراوە.
دواتر باوکی ئازاد کراوەو گەڕاونەتەوە شاری سلێمانی، قودسی خراوەتە بەر خوێندن‌و لەشارەكانی سلێمانی‌و بەغدا خوێندنی تەواو كردووە. كۆلیجی سەربازی بەغدای خوێندووە، سەرەتا بووە بەجێگری ئەفسەر‌و دواتر پلەی بەرزکراوەتەوە بۆ ئەفسەر، لەشارەكانی هەولێر‌و رەواندز وەك ئەفسەر خزمەتی كردووە.
قودسی لاوێكی نیشتمانپەروەر بووە‌و هەر زوو تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی كوردستان بووە. ساڵی 1938 لە كۆمەڵی برایەتی كاری كردووە‌و دواتر پەیوەندی بەحزبی هیواوە كردووە‌و لەباڵی سەربازی ئەو حزبە خەباتی كردووە.
ساڵی 1945 ریزی سوپای عیراقی بەجێهێشتووە‌و پەیوەندی بەجوڵانەوەی بارزانەوە كردووە. بەهۆی ئەوەوە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. هەمان ساڵ لەگەڵ بارزانییەكان چوونەتە خۆرهەڵاتی كوردستان‌و وەك ئەفسەر لەسوپای كۆماری كوردستان لەمەهاباد خزمەتی كردووە.
دوای روخانی كۆماری كوردستان، لەگەڵ سێ‌ ئەفسەری هاوڕێیدا( مستەفا خۆشناو، خەیروڵڵا عەبدولکەریم، عیزەت عەبدولعەزیز) گەڕاونەتەوە بۆعیراق، لەرۆژی 19ی حوزەیرانی 1947 رژێمی پاشایەتی هەرچواریانی لەسێدارەدا.
محەمەد قودسی،سەرباری ئەوەی تێكۆشەرێكی ئازای خەباتی كوردایەتی بوو. شاعیرو نووسەرێكی هەڵكەوتوو ‌و وتاربێژێكی بەتوانا بووە‌و بەوتاربێژی شۆڕشی كوردستان ناسراوە. شیعری بەرزی نیشتمانی‌و نەتەوەیی نووسیوە.
قودسی بەرهەمەكانی لە گەلاوێژ‌و رۆژی نوێ‌ بڵاو كردۆتەوە.چەند كتێبێكی چاپكراویشی هەیە لەوانە( بزووتنەوەكانی بارزان، نیشتمان‌و نیشتمانپەروەری چیە؟،نەسرین-چیرۆك).
وەسێتنامەی چوار ئەفسەرە شەهیدەكە بەناونیشانی( نامەی شانازی) بۆ گەلی كورد بەقەڵەمی قودسی نوسراوە، وەك بەڵگەنامەیەكی وەفاداری‌و شانازی بەنەمری ماوەتەوە‌و داوای درێژەدان بەتێكۆشان بۆ رزگاری وڵات دەكەن.
درودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی شەهیدمحەمەد قودسی‌و ئەفسەرانی شەھیدی هاوڕێی.

 

خاك - زاموا زاهیر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved