ڕۆژی یه‌كشه‌ممه به‌رواری 21-6-2020 خۆرگیرانی نیمچه‌یی له ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان رووده‌دات. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه دوو دیارده‌ی گه‌ردوونی ڕووبدات، یه‌كه‌میان سه‌عات 7:28 ده‌قیقه‌ی به‌یانی، سه‌ره‌تای خۆرگیرانی كه‌رتی ده‌ستپێده‌كات و له سه‌عات 08:15 ده‌قیقه به چاوی ئاسایی هه‌ستی پێده‌كرێت و ده‌بینرێت و له سه‌عات 09:45 ده‌قیقه‌ی به‌یانی به ته‌واوی خۆرگیرانه‌كه كۆتایی دێت. له ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان (43%)ی قه‌باره‌و ڕووناكی خۆر دیارنامێنێت، واته هێشتا خۆرگیرانه‌كه ناگاته نیوه‌ی ته‌واوه‌تی، به‌ڵام له وڵاتانی باشووری سعودییه‌و ئیمارات و سه‌ڵته‌نه‌ی عومان و یه‌مه‌ن و ئه‌سیوبیا تا ناوه‌ڕاستی ئه‌فریقیا خۆرگیرنه‌كه ئه‌لقه‌یی ده‌بێت، واته هه‌موو ڕووناكی و قه‌باره‌ی خۆر دیارنامێنێت، ته‌نها ئه‌ڵقه‌یه‌كی بازنه‌یی ده‌مێنێته‌وه، ته‌ماشاكردنی ڕاسته‌وخۆی دیارده‌كه ڕه‌نگه زیانی زۆری هه‌بێت بۆ چاو، بۆیه باشتره ڕاسته‌وخۆ سه‌یرنه‌كرێت. خۆرگیران دیارده‌یه‌كی سروشتی گه‌ردوونییه‌و كاتێك ڕووده‌دات كه خۆر‌و مانگ و زه‌وی بكه‌ونه سه‌ر یه‌ك هێڵی ڕاست، به شێوه‌یه‌ك مانگ بكه‌وێته نێوان خۆر‌و زه‌وی و مانگ تیشكی خۆر ده‌شارێته‌وه‌و سێبه‌ره‌كه‌ی به‌ر زه‌وی ده‌كه‌وێت و تاریك ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌موو خۆر دیارنه‌ما پێیده‌وترێت خۆرگیرانی گشتی، ئه‌گه‌ر به‌شێكی خۆر دیارنه‌ما پێیده‌وترێت خۆرگیرانی كه‌رتی و خۆرگیرانی ئه‌ڵقه‌يیش هه‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه باسمانكرد. دووه‌م دیارده‌ی گه‌ردوونی وه‌رگه‌ڕانی هاوینه‌یه كه به‌هۆی سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆردا دروستده‌بێت. خاك - ئاژانسه‌كانی كه‌شوهه‌وا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure