24/6/2020 11:38 AM

تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی "سایکۆپات"

زۆرن ئەو فیلمانەی کە کارەکتەرە سەرەکییەکەیان کەسایەتییەکی سایکۆپات و دژی نۆرمە باوەکانی کۆمەڵگایە. بەڵام خودی وشەی "سایکۆپات" دەرخەری کێشەیەکی پزیشکی نییە. خەڵک زۆرجار بۆ وەسفی کەسانی نەگونجاو و نەحەواوە لە وشەی "سایکۆپات" کەڵک وەدەگرن بەڵام لە روانگەی دەروونناسییەوە ئەم وشەیە هیچ مانایەکی نییە. لە زانستی پزیشکیدا نزیکترین پێناسە بەم وشەیە "کەسایەتی دژە-کۆمەڵگا"ـیە. ئەم جۆرە کەسانە گرنگی بە هەڵە/ دروست، باش/ خراپ و تەندروستیی دەروونیی کەسانی دیکە نادەن. گەرچی ئەم کەسانە رەفتارەکانیان ژەهراوییە بەڵام هەندێک جار کەسایەتییەکی کاریزماتیکیان هەیە و خەڵک لە دەوریان کۆ ئەبێتەوە. لە درێژەدا بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی سایکۆپات/ دژە-کۆمەڵگا دەخەینە روو.

*لەوەی کە زیان بە کەسانی دیکە دەگەیەنێت هەست بە پەشیمانی ناکات
ئەگەری ئەوەی کە ئەم کەسانە لە تاوانکارییە پێشکەوتووەکاندا بەشدار بن زۆرە، چونکە لەوەی کە کەسانی دیکە تووشی زیان بن هیچ خۆی بە بەرپرس نازانێت و بۆی گرنگ نییە. ئەم کەسانە بە هیچ شێوەیەک پابەندی پرەنسیپە ئەخلاقییەکان نین.

*هەر کارێک تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەنجام دەدا
کەسانی دژە-کۆمەڵگا تەنیا بیر لە خۆیان دەکەنەوە و بۆ گەیشین بە ئامانجەکانیان ئامادەن تەنانەت بنەماڵەکەشیان بکەن بە پەیژه و لێی سەرکەون. ئەوان بە درۆ کردن، دزی، فێڵبازی و هەر کارێکی زیاندەری دیکە هەوڵ ئەدەن ئامانجەکانیان دەستەبەر بکەن.

*هەستی هاوخەمییان نییە
کەسایەتیی سایکۆپات بەردەوام خەریکی زیان گەیاندن بە کەسانی دەوروبەریەتی و نەبوونی هەستی هاوخەمیی لەودا خۆی بە کاری توندوتیژانه نیشان دەدات، بەڵام هەمیشەش بەم شێوەیە نییە. هەندێک جار بە شێوەیەکی هەست پێنەکراو ئەم نەبوونی هەستی هاوخەمییە نیشان ئەدەن. بۆ نموونە بەکارهێنانی مناڵەکەی بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە تاکەکەسییەکانی خۆی.

*سایکۆپاتەکان بە سەختی دەستنیشان دەکرێن!
دۆزینەوەی کەسایەتی سایکۆپات زۆر ئەستەمە. چونکە ئەم کەسانە زۆر سەرنجڕاکێش و کاریزمان و هەندێک جار بە رواڵەت هەستی هاوخەمی و هاودڵی خۆیان بە خەڵک ئەنوێنن. دەستنیشان کردنی ئەم کەسانە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆر هەیە لە بواری نەخۆشییە دەروونییەکاندا.

 

سەرچاوە: insider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved