24/6/2020 08:56 PM

وەزیری رۆشنبیری: میدیاکاران بەرپرسانە مامەڵە بکەن

وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم داوا لە میدیاکاران دەکات بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەوالەکانی هۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن.

پەیامێک لە وەزیری رۆشنبیری و لاوانەوە بۆ کەناڵەکانی میدیاو میدیاکارانی بەرێز..

بەڕێزان.... ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیھانیدا دۆخێکی دروستکردووە کە میدیاو میدیاکارانیش بەشێک بن لەو جەنگەدا لەپێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان. 

لەم روانگەیەوە میدیاکاران ئەرکێکی ئەخلاقی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ ھاندان و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری تەندروستی و خۆپارێزی. 

لە کوردستانیشدا خۆشبەختانەو بەسوپاسەوە میدیاو میدیاکاران، بەھەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە ڕۆڵی بەرچاو و گەورەیان ھەبوو لە کەمپینی خۆپارێزی و وڵاتپارێزیدا، بەڵام بەداخەوە لەم پانتاییەدا ھەندێکجار دەنگی نەشازو ناکۆک لەئاستی مەترسیەکاندا دەبیسترێ و دەبینرێ، بەوھیوایەی ئەم کەس و لایەنانە بە ویژدانەوە ئاوڕ لە ئامارەکانی مردن و توشبوون بدەنەوەو لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقییەوە بە ڕێنماییە تەندروستیەکان پابەندبن، خۆیان بەدوور بگرن لە یاریکردن بە بەکارھێنانی گیان و تەندروستی ھاووڵاتیان لە ململانێی سیاسیەکان و بەرژەوەندییە شەخسیەکان. بۆ ئەم مەبەستە جارێکیتر داواکارین لەو کەس و لایەنانە بەگیانی نیشتمانی و  بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکەن، چونکە میدیاو میدیاکاری بەرلەوەی یاسا سنورەکانی دیاریبکات، دەبێ پرنسیپە ئەخلاقییە کۆمەڵایەتیەکان بەڕێوەیببەن. ئەگەرنا ئەوە ناچاردەبین لەپێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، پەنا بۆ یاسا لەم بوارەدا ببەین.

بەھیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ ھەموو لایەک.

حەمەی حەمە سەعید وەزیری رۆشنبیری و لاوان

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved