30/6/2020 01:20 PM

کاهۆکیا؛ یەکێک لە کۆنترین شارەکانی ئەمریکا

ئەگەرچی ئەمریکا بەنیسبەت وڵاتە دێرینەکانی جیهان بە وڵاتێکی نوێ دێتە ئەژمار، بەڵام پێکهاتنی شارستانیەت و مێژووی ژیانی شاری لەسەر خاکی ئەم وڵاتە رابردوویەکی دوور و درێژی هەیە. بە واتایەکی دیکە کۆنەشارەکانی ئەمریکا مێژوویەکی درێژتریان لە دامەزراندنی ئەمریکای ئەمڕۆیی هەیە. ئەگەر گەشتێک بە ناو ئەمریکادا بکەن، زۆر بە دەگمەن لەگەڵ بینایەک رووبەڕوو دەبنەوە کە مێژووەکەی زیاتر لە سەدەیەک بێت؛ بەم حاڵەوە ئەم وڵاتە مێژوویەکی کۆنی هەیە.
کاهۆکیا یەکێک لە کۆنەشارەکانی ئەمریکایه کە لە ویلایەتی ئیلنۆی و لە 13 کیلۆمەتری شاری "سەنت لۆویس" هەڵکەوتووە. ئەم شارە 700 ساڵ پاش زایین بونیاد نراوە و کاتی خۆی یەکێک کە گەورەشارەکانی ئەمریکای باکوور و باکووری مەکسیک بووە. کاهۆکیا لەلایەن "می‌سی‌سی‌پی"ـیەکان و گرووپێک لە خەڵکی خۆجێیی ئەمەریکاوە بونیاد نراوە کە کاتی خۆی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکای باشووردا دەژیان.
پێدەچێ کاهۆکیا تا ساڵی 1050ـی زاینی، ژمارەی دانیشتووانەکەی بە ئەندازەی لەندەنی ئێستا بووبێت! بەپێی بەڵگە مێژووییەکان کۆمەڵێک پێکهاتەی جۆربەجۆر لەم دەڤەرەدا پێکەوە ژیاون. زۆرینەی ئەو بینایانەی کە کاهۆکیایان پێک هێنابوو لەئێستادا لەناو چوون. ئەم بینایانە تا ساڵی 1350ـی زاینی بە هۆکارگەلی نادیار وێران بوون.
بەم حاڵەوە، گەلی کاهۆکیا یادگارێکی بەشکۆیان لە کۆمەڵگای خۆیان جێهێشتووە: 80 گردی خۆڵ. گەورەترین گرد ناوی "مانکس ماوند/ Monks Mound"ـە کە بەرزاییەکەی 30 مەترە و رووبەرەکەی 24 دۆنمە.
ئەم گردە هێشتاش بە گەورەترین گردی ئەمریکای باکوور دێتە ئەژمار. لە رابردوودا باڵەخانەیەک لەسەر ئەم گردە بووە کە وەکو ناوەندی چاوپێکەوتنی رێبەرە ئایینی و سیاسییەکانی کاهۆکیا بەکار هاتووە.

 

سەرچاوە: theculturetrip

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved