30/6/2020 01:37 PM

ئەنفلۆئانزای بەراز دەرکەوتەوە

زانایان باس لە دەرکەوتنی نوێی ئەنفلۆئانزای بەراز دەکەن لە چین کە بەرازەکانی تووش کردووە و لە باری جینەتیکییەوە هاوشێوەی ئەنفلۆئانزای بەرازی ساڵی 2009ـیە. ئەم ئەنفلۆئانزای بەرازە نوێیە دەبێتە هۆی کۆمەڵیک نەخۆشی لە کۆئەندامی هەناسەدا و بەپێی بۆچوونی زانایان ئەگەر پێکهاتەی جینەتیکییەکەی گۆڕانکاری بەسەردا بێت دەتوانێ بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
توێژەران هەروەها بەو درئەنجامە گەیشتوون کە ئەنفلۆئانزای بەراز لە کەسانێکدا دەبیندرێت کە لە شوێنی پەروەردەکردنی بەراز کار دەکەن. هەروەها دەگوترێ ئەم ڤایرۆسە سەر بە جینۆتایپی G4ـە کە لە ساڵی 2016ـەوە لەناو بەرازەکاندا بڵاو بووەتەوە.
پاش بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆئانزای بەراز لە ساڵی 2009ـدا، ڤاکسینی ئەم نەخۆشییە بەرهەم هات و بەشێوەی ساڵانە لەو کەسانەی وا حەزیان لێیە دەدرێت. لەم توێژینەوەیەدا هۆشداری دراوە کە ڤاکسینی ئەنفلۆئانزای وەرزی ناتوانێ لەمپەرێک بێت لە بەرامبەر زنجیرەی چوارەمی ئەنفلۆئانزای بەراز و دەبێ ڤاکسینێکی نوێ دروست بکرێت.
پرۆفیسۆر "کین چو چانگ" کە لە زانکۆی ناتینگهامی بەریتانیا کار دەکات لەم بارەیەوە گوتوویەتی: "لەئێستا ئێمە تەوای سەرنجمان خستۆتە سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئەمە کارێک باشە. بەڵام نابێ لە ڤایرۆسە مەرگهێنەرەکانی دیکە چاوپۆشی بکەین. هەڵبەت ئەم ڤایرۆسە نوێیه(ئەنفلۆئانزای بەرازی نوێ) لە ئێستادا هەڕەشە نییە بۆ سەر جیهان بەڵام نابێ لەبەرچاویشی نەگرین."

 

سەرچاوە: Mirror

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved