4/7/2020 01:02 PM

عەزی گەردی، خواجەی زمانێ

دوکتۆر حەمە مەنتك
بەپێی تێزە بوونگەراییەکەی هایدیگەر مرۆڤ فڕیدراوەتە ئێرە، واتە مرۆڤ بە ویست و ئارەزووی خۆی نەهاتۆتە دنیا. کەواتە مرۆڤ کە دێتە دنیا، هێشتا بوونی خۆی کامڵ نەکردووە. بێگومان مرۆڤ دەکەوێتە بەر کارتێکەری کەسانی دەوروبەری، ئەوان بەها و ئاکار و دابونەریت و کۆی بیرکردنەوەکانی خۆیان بەسەر ئێمەدا دەسەپێنن، دەیانەوێ خودی ئێمە داگیر بکەن. لێرەوە هایدیگەر دوو فۆرمی بوونمان بۆ شرۆڤە دەکات. یەکیان بوونی ڕەسەنە، ئەوی دیکەیان بوونی ناڕەسەنە. لە سادەترین پێناسەدا بوونی ڕەسەن بوونێکە خاوەن بیرکردنەوە و تێڕوانین و پڕۆژەی خۆیەتی بۆ ژیان. هەرچی بوونی ناڕەسەنە کەسێکە بەردەوام لەژێر کاریگەری دەوروبەریەتی، بەردەوام لە ڕێی ئەوانی دیکەوە بیر دەکاتەوە، خاوەنی هیچ پڕۆژەیەک نییە. وەکوو د.محەمەد کەمال لە کتێبی ئۆنتۆلۆجی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤدا باسی دەکات: بوونی ناڕەسەن بوونێکی زۆربڵێیە، ئەوەی دەشیڵێت کرچوکاڵ و بێتامە. کەواتە بوونی ناڕەسەن بوونێکە تەنێ دەنگە دەنگ بەرهەم دەهێنیت.
لەناو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا دەیان کەسمان هەن، هێندێکیان تەنێ دەنگەدەنگ بەرهەم دەهێنن، پڕۆژەیەکیان بۆ کامڵکردنی بوونی خۆیان پێ نییە. خواجەی زمانی کورد، عەزیز گەردی، یەک لەو بوونانەیە، بەردەوام خەریکی بە ڕەسەنکردن و کامڵکردنی بوونی خۆیەتی. ئەو بەردەوام خۆیەتی، خاوەن پڕۆژەی خۆیەتی. لە ڕێی ئەوەوە کەسانی دیکەیش هەوڵی کامڵکردنی بوونی خۆیان دەدەن، یان دەیانەوێ ببن بە بوونی ڕەسەن. هایدیگەر چەند پێشمەرجێک بۆ بوونی مرۆڤ دادەنێت، واتە مرۆڤ لە ڕێی ئەم چەند پێشمەرجەوە دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنیت، ئەوانیش پێشمەرجی جیهان و بوونی ئەوانی دەوروبەرمان و پێشمەرجی داهێنانن. ئەوەی بە کەڵکی باسەکەی ئێمە دێت، پێشەرجی داهێنانە. هەمان شێوە د.محەمەد کەمال لە کتێبی بوون داهێنان دەڵێت: داهێنان پرۆسەیەکی بەردەوامە لە نەبوونەوە بەرەو بوون لە پێناوی خۆتەواوکردنی ئەم بوونەدا دەکەوێتە گەڕ. کەواتە مرۆڤ بەبێ داهێنان و پڕۆژە بوونێکی ناتەواوە. خواجەی زمانی کوردی، بوونێکە لە ڕێی داهێنانەوە بوونی خۆی تەواو کردووە. خواجەکەمان لە ڕێی پڕۆژەوە ئیش دەکات. ئەو زانستەکانی سەروا، کێشی عەرووز و ڕەوانبێژی بە تەواوی بڕاندۆتەوە.
کاتێک خواجەی زمانی کوردی، لە سەرەتای ساڵانی حەفتای سەتەی ڕابردوو زانستی ڕەوانبێژی بە سێ بەرگ لە ئەدەبی کوردیدا بڵاو دەکاتەوە. لە ڕێی ئەم سی بەرگەوە چ لە ڕووی تیۆری و چ لە ڕووی پراکتیکییەوە بناغەیەک بۆ ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا دادەنێت. بە بڕوای من ئەم سێ بەرگەی خواجەکەمان زانستی ڕەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا بڕاندەوە. ئیدی ئەوەی دوای ئەو هاتووە و باسی ڕەوانبێژی کردووە، تەنێ جوینەوەی بیرکردنەوە و پێناسەکانی خواجەی ئێمە بووە.
دوای دەردیسەرییەکی زۆر، دواجار لە ساڵی ١٩٩٤دا لە خوێندنی باڵا (ماستەر) وەردەگیرێت. لە نووسینی نامەی ماستەرەکەیدا فۆرمێکی جوایەز لە ئیشکردن، تەنانەت نامەیەکی تایبەت و جوایەز دەنووسێت، کە کۆتایی بە بابەتی کێشی عەرووز دەهێنێت. ئەگەر تەماشای نامەی ماستەر و دوکتۆراکانی ئەو سەردەم لە زانکۆکانی کوردستان بکەین، هەست بە هەژاری و هەرزانی ناوەڕۆکی نامەکان دەکەین. زۆربەی نامەکان خۆخەریککردن بوون بە کۆکردنەوەی ژیان و شیعری شاعیران. خواجەی زمانی کوردی دێت خۆی لە قەرەی زانستێک بە ناوی کێشی عەرووز دەدات. نامەکەی بە ناوی (کێشی شیعری کلاسیکیی کوردی و بەراوردکردنی لەگەڵ عەرووزی عەرەبی و کێشی شیعری فارسی) دەنووسێت. هەر لە ناونیشانەکەوە مرۆ تووشی سەرسوڕمان دەبێت. زانستی عەرووز لەگەڵ عەرووزی عەرەبی و فارسی بەراورد بکرێت! دیارە بۆ ئەم هەوڵەی ئیش لەبارەی کۆی دیوانی شیعری شاعیرە کلاسیکیە کوردییەکان دەکات. هەر بەوەندە ناوەستێت، دێت ئەو کێشە عەرووزیانەی تایبەتن بە شیعری کلاسیکیی کوردی لە کتێبێک بە ناوی کێشناسیی کوردی بڵاو دەکاتەوە، هاوکات کتێبێکیش تایبەت دەکات بە زاراوەی کێشناسی و بە ناوی فەرهەنگی کێشناسی بڵاو دەکاتەوە. دەبینین داهێنانی خواجەی ئێمە لەوەدایە یەخەی ئەم زانستەی گرت و تاکوو دوا دێڕ هەمووی باس کردووە. هیچ شتێکی بۆ دوای خۆی نەهێشتۆتەوە. هەرچی دیوانی شیعری شاعیرانی کلاسیکە شرۆڤە و شەنوکەوی کردوون.
دوای پڕکردنەوەی کەلێنی توێژینەوەی کێشناسانەی شیعری کلاسیک، کار لەبارەی تەکنیکێکی دیکەی شیعری کلاسیک دەکات، ئەویش سەروایە. سەروا یەکێک لە لایەنە هونەرییەکانی شیعری کلاسیکە، کە ڕەهەندی ئێستێتیکی و مۆسیقایی بە شیعر دەبەخشێت. لە گۆران و شێخنووری و ڕەشید نەجیب و پیرەمێردەوە دژایەتییەکەی تەواوی کێش و سەروای شیعری کلاسیکیی کوردی دەکرا. بەردەوام تا ساڵانی هەشتای سەتەی ڕابردوو، کێش و سەروای شیعری کلاسیک، تەنانەت کێش و سەروا لە شیعردا بە دوو خەوش و ڕووی ناشیرینی شیعر دەژمێردران. کاتێك نامەی دوکتۆراکەی خواجەی زمانی کوردی دەخوێنینەوە، جادوو و هەوری ڕەشی هەموو ئەو بۆچوونانەی پێشتر سەبارەت بە سەروا وەکوو لایەنی کێماسی و خەوشی شیعر هەبوون، بەتاڵ دەکاتەوە. ئاخر کاتەک تۆ دێی ئەم نامەیە دەخوێنیەوە تێدەگەی سەروا چ هونەرێک و مۆسیقایەک بە شیعر دەبەخشێت. ئنجا تێدەگەین بەشێکی ئێستێتیکای شیعری کلاسیک لە سەروادایە. لە ڕێی ئەم تێزی دوکتۆرایەی خواجەکەمانەوە تێدەگەین سەروا چەند فراوانە، چەند قووڵە و چ کاریگەرییەکی لە بنیاتی شیعر بە گشتی و شیعری کلاسیک بەتایبەتی هەیە. هیچ کەلێن و قوژبنێکی سەرواش نامێنێت خواجەی زمانی کوردی شیکردنەوە شرۆڤەی بۆ نەکردبێت. ئەو، توێژینەوە لەم زانستەیش لە ئەدەبی کوردی تەواو دەکات و ئیدی بوار بۆ هیچ کەسێکی تر ناهێڵێتەوە قسەی دیکەی لەبارەوە بکات. ئەگەر تەماشای لیستی سەرچاوەکانی تێزی دوکتۆراکەی لەبارەی سەرواوە بکەین، بە زمانەیلی کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیسی، فرەنسی، ئەسپانی و ئیتاڵی سەرچاوەی بەکارهێناوە. لێرەشدا کەم دیوانی شاعیرانی کلاسیکیی کوردی هەیە کاری لەبارەوە نەکردبێتەوە و سەروای شیعرەکانی لێکنەدابێتەوە.
لە ئەدەبی کوردیدا خواجە عەزیز، هێندەی بە وەرگێڕ تاریف دەکرێ، ئەوەندە بە نووسەر تاریف نادەرێ. بە بڕوای من داهێنانی ئەو لە وەرگێڕان چەندە، لە نووسین و پڕۆژەی نووسینیشدا هێندەیە. دەبینین ساڵانی هەشتای سەتەی ڕابردوو چەند کتێبێکی پڕۆگرام بۆ قوتابیانی بەشی زمانی کوردی دادەنێت، سەرڕای ئەوەی چەندین کەس لە یەکێتیی سۆڤیتی ئەوکات بە بڕوانامەی بەرزەوە هاتبوونەوە. بەڵام خواجەی ئێمە کتیبی (ئەدەب و ڕەخنە) لە ساڵی ١٩٧٤دا دەنووسێت. هاوکات لە بواری پەروەردەدا ڕۆڵێکی باڵای هەبووە، چەندین ساڵی بە خزمەتکردنی وانەگوتنەوە وەکوو مامۆستا لە قوتابخانەی ئامادەیی ڕزگاری و قوتابخانەکانی دیکەی شاری هەولێر بە ڕێ کردووە.
ئەوەی جەختی لەبارەوە دەکرێتەوە، هەوڵەکانی خواجە عەزیزە لەبارەی وەرگێڕانەوە. لە وەرگێڕانیشدا پتر بە لای ئەدەبی کۆن و ئەفسانەدا ڕۆیشتووە. بیرمە کاتێك قوتابی ئەو بووم لە کۆلێژی زمان، زوو زوو لە ماڵەوە دەچوومە خزمەتی. جارێک لێم پرسی: کاک دوکتۆر بۆ کتێبی فەلسەفی و ڕەخنەیی وەرناگێڕیت، ئەوەندە خەریکی هەقایەت و چیرۆکی ئەفسانەیت؟ لە وەرامدا گوتی: ئەتوو هێشتا منداری، کورد هێشتا قیمەتی ئەفسانە نازانێ، لە داهاتوودا قیمەتی ئەفسانە بە دەر دەکەوێت. ئەم قسەیەی خواجە لە مێشکمدا مایەوە و دەمێنێتەوە. کاتێك لە خوێندنی باڵا/دوکتۆرا وەرگیرام، بیرم لەوە کردەوە کەرەسەی توێژینەوەکەم هەقایەتی ئەفسانەی کوردی بێت، بۆ ئەمەیش تیۆری سیمیۆلۆژیای گێڕانەوەم هەڵبژارد. لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت، ڕۆمان و چیرۆکی نوێ وەکوو بەرهەمی شار، چەند سوودیان لە بنەما و ڕەگەزەکانی گێڕانەوە وەرگرتووە. ئاخر ئەوەی گابریێل گارسیا مارکیزی دروست کرد، ئەو هەقایەتە ئەفسانەییانە بوون، کە داپیرەی بۆی گێڕابۆوە. کاتێک ئەو هەقایەت و دەقە ئەفسانەییانەی خواجەی زمانی کوردی بە کوردییان دەکا دەخوێنمەوە، بۆم دەردەکەوێت هەموو نەتەوەکانی دنیا پێوەندییان پێکەوە هەیە. کاتێك ئەفسانەی ئێرانی، ئەرمەنی، سلاڤی، تورکیایی، ئەفریقی، کوردی و ئازەربێجانی دەخوێنمەوە، ئنجا دەزانم مرۆڤ لە کۆندا چۆن پەنای بۆ ئەفسانە بردووە، بۆ ئەوەی دەوروبەری خۆی بناسێت. بۆیەیش دەبینین تیۆریزانێکی وەکوو کلۆد لیڤی شتراوس لە ڕووی ئەنثرۆپۆلۆجییەوە دێت لە ئەفسانەی میللەتان دەکۆڵێتەوە و ئەوەیش دەسەلمێنێت، کە ئەفسانەی کۆی میللەتان لێکدیەوە نێزیکن. مێتۆدەکەی شتراوس ناونرا “مرۆڤناسیی بنیادی” بۆیەیش لەبارەی ئەفسانەوە دەڵێت: ئەفسانە زمانە بە شێوەیەکی تایبەتی لە ئاستێکی بەرزی گەشەکردن وەستاوە، بەڵام واتاکانی، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەهەندێکی زمانییان هەیە، هەمیشە لە جوڵەدایە و بەردەوامە. بۆیەیش کاتێك لە ڕووی مرۆڤناسییەوە لە ئەفسانە دەکۆڵێنەوە، دەتوانین پێوەندی نێوان ئەفسانە و مێژوو، ئەفسانە و زانست، ئەفسانە و ئایین بدۆزینەوە. ئیستا تێدەگەم، دەڵێم خواجەی من سەدەقت، ئێمە هێشتا لە ئەفسانە تێنەگەیشتووین. میللەتانی دیکە بە وردی خەریکی هەڵکۆڵێن و بنکۆڵکردنی دەقە ئەفسانەییەکانی خۆیانن.
وەرگێڕان یەکێکە لە بوارەکانی مەعریفە. هەموو نەتەوەیەک دەتوانێت ئەدەبی خۆی لە ڕێیەوە پێش بخات. خواجەی ئێمە بە بڕوای من لە وەرگێڕاندا دوو تایبەتمەندی هەیە. یەکیان ئەوەیە زمانی وەرگێڕانی خواجە دیارە، بەو زمانە وەردەگێڕێ، کە قسەی پێ دەکات، ڕستەکانی بێ گرێوگۆڵن، بەرانبەر هیچ شتێک دانامێنێ. خوێنەر بەبێ ساتمە دەتوانێت بخوێنێتەوە. تایبەتمەندییەکی دیکە ئەوەیە خواجەکەمان وەکوو پڕۆژە و پسپۆڕی کاری وەرگێڕان دەکات. دەمەوێ بڵێم ڕاستە وەرگێڕانەکانی هەمەجۆرن، بەڵام لە ئەفسانەدا پسپۆڕی وەرگرتووە. کارەکانی دیکەیشی لە هەمان فەزاوە نێزیکن. بۆ نموونە بەرهەمەکانی عەلی ئەشرەفی دەروێشیان، کە دوای وەرگێڕانی ساڵانی هەورین، ڕەحمەتی دەروێشیان گوتی: ئیستا کوڕێکم بە کوردی قسان دەکات. هاوکات بەرهەمەکانی مەنسوور یاقوتی. ئەوەی لە هەموو سەرنجڕاکێشترە ئەو خۆڕەپێشکەر نییە، خاکەرا و بێدەنگ خەریکی پڕۆژەکانیەتی.
کاتێک وەرگێڕانەکانی خواجەی زمانی کوردی دەخوێنێتەوە، دەزانیت، کتێبناسە. ئەوەی جێی سرنجە زۆربەی وەرگێڕە کوردەکان تەماشای بازاڕ دەکەن. چ کتێبێک ڕەواجی هەبێت، یان چ ڕۆماننووسێک خەڵاتی نۆبێلی وەرگرتبێت، دێن ئەوە بە کوردی دەکەن. تەماشاکەن، هەموو وەرگێڕە کوردەکان ڕۆمانە ناودارەکانی تۆڵستۆی دەکەنە کوردی، ئەو دێت پێچەوانەی ئەوان کتێبێکی تۆڵستۆی بە ناوی بەرنامەی خوێندن دەکاتە کوردی، خەمی ئەدەب و پەروەردە لە هەڵبژاردنی کتێبدا بۆ وەرگێڕان چەند جوانە. خواجەی ئێمە چونکە کتێبناسە، کتێبی دانسقە و دەگمەن بە کوردی دەکات. کاتێک ئەو هونەری شیعری ئەریستۆ دەکات بە کوردی، هەموو توێژینەوە و نامە و ماستەرەکانی زانکۆ لە ڕێی دەستی دوو و سێ بۆچوونەکانی ئەریستۆیان لەبارەی شانۆ، ئەدەب، شیعر و داستان دەهێنایەوە. ئەو پەراوێزانەی خواجە بۆ کوردییەکەی هونەری شیعر دایناوە، خۆی بارتەقای توێژینەوەیەکی سەربەخۆیە. کاتێك کۆمیدیا خواوەندیی دانتێ بە کوردی دەکات، هەموومان تەنێ لە دوورەوە ناویمان بیستبوو، مەگەر ئەوەی زمانێکی دیکەی زانیبێ، ئنجا خوێندبێتیەوە. کە کۆمیدیای خواوەندی دەخوێنیتەوە، لە دڵی خۆت دەڵێی: پەکوو لەو کوردییە ڕەوانە. بۆ هەموو وشەیەک دیسان خواجە لەم وەرگێڕانەیشدا ماتەڵت ناکات و لێناگەڕێت بە دیار وشەکان دامێنی و خەم لە واتا و پێناسەیان بخۆیت، بارت سووک دەکات و بارتەقای دوو- سێ کتێبان پەراوێزت بۆ دەنووسێت. ئەو کاتێک کتێبێک دەکاتە کوردی، بە شێوازی وەرگێڕان و کوردییەکەی ئەو کتێبە لە زەین و یادگەی خوێنەردا دەهێڵێتەوە. ئاخر کێ هەیە لە نەوەی ساڵانی حەفتا و هەشتای سەتەی ڕابردوو داغستانی منی حەمزەتۆفی بیر نەبێت. ئەوەی یەک جار ئەم ڕۆمانەی خوێندبێتەوە، بیرکردنەوە و هزری داگیر دەکات. ئەوەی وەرگێڕانەکانی خواجە بخوێنێتەوە، هەموو وەرگێڕانێک ناخوێنێتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هەڵبژاردنی کتێب بۆ وەرگێران لە کن خواجەی زمانی کوردی، ئەو کتێبانەن لەبارەی کولتوور و ئەدەب و دابونەریتی کوردەوارییە. لە ساڵی ١٩٨٣دا کتێبی ژیانی ئافرەتی کورد لە نووسینی هێنی هارۆڵد هانسن دەکاتە کوردی. ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی مەیدانییە لەبارەی ژیانی ژنی کورد. تێدەگەین، ژنی کورد چۆن ژیاوە. هاوکات توێژینەوەیەکی مەیدانی و سۆسیۆلۆژییە بۆ ئەوەی زانین ژنی کورد لە کۆندا چۆن ژیاوە. ئەگەر باسی پڕۆژە و کتێبە بژاردەکانی خواجە بکەین، پێویستی بە توێژینەوەی ورد هەیە. خواەی زمانی کوردی لە وەرگێڕان و نووسیندا هێند ئەمانەتتدارە، دەتوانین تیۆرییەکی تایبەتی لەبارەی تێز و بیرکردنەوەی ئەو بۆ وەرگێڕان دابڕێژین.

 

سەرچاوە: KurdishBookHouse

خاک _ پشکۆ کامەران



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved