4/7/2020 01:38 PM

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ - ی سەلاح موحەمەدی

هێمن ڕەحیمی
بەکردنەوەی کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ ئێمە لەگەڵ دەقێک رووبەروو ئەبینەوە کە هاوچەشنی وتەی پرۆستە ئەڵێ: دەقی جیدی لە دۆزەخدا ئەخولقێت. پێم وایە کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ لەروانینێکی کافکاییەوە بۆ جیهان ئەوەمان پێ ئەڵێت ئەگەر"یوزف کا" تووشی گوناحێکی نەکراوبووە. لێرەدا گوناحی نەکراو لەم کتێبە شیعرەدا دەربازبوونە لەجیهانی کاپیتاڵ/ هەستی یان هەر شتێک کە ژێستی مالکانەی لەهەستیدا پێوە گیراوە و وەک ئەمرێکی نەخوازراو هەموو مروڤێکی کۆمەڵگای تووشی جیهانێکی دڕەندە و وەحشیانە کردووە.
بەساکاری ناکرێ بڵێین شاعیرهەوڵ ئەدات لە ئەزموونگەرایی هەڵ بێت بەڵکو ئەزموونی جیهان زیستی شاعیر هێندەی سەرە نینۆکێکی لەهەموو ئەو ئەزموونگەلە لەسەر جیهان و دۆخی ژیکراوی مرۆڤ لەجەستەی پەیکەرێکدا کۆکردۆتەوە؛ هەر بۆیە دەقەکەی لە ئەزموونکردنی ڕابردوو و ئێستاش دەرباز نابێ. پێموایە پێویستە بۆ بەشێک لەسەر خوێندنەوە و شرۆڤەی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ ئەبێت ئەزمونی وێرانیی ئەزموون لە سوژەی مۆدڕێرندا لەروانگەی ئاگامبێنەوە تاوتوێ بکرێ.
تیۆدۆر ئادۆڕنۆ لە کتێبی "اخلاق صغیر" بەم رەستە دەست پێئەکات:
(ژیان زیندوو نییە) ئادۆڕنۆ مەبەستی ئەوەیە لە جیهانێکا ئەژین کە هەموو کەس تووشی شڵەژان و وێرانی بووە و چیتر ژیان ئەرزشی ئەوەی نییە ناوی بنرێت ژیان . ژیانی ئەمڕۆ بایەخی ئەوەی نییە مرۆڤ بژیت. ژیانێ کە پڕە لە شەڕ و نەهامەتی و سەرگەردانی و برسییەتی و لە لایەکی دیکەوە تەقینەوەی هەموو کەرەستەیەکی فەرهەنگی و دواکەوتنی ئەزموونی ستاتیکی ( زیبایی شناسی ) کە تەنیا بۆ تێپەڕینی ژیانی مرۆڤ تووشی تەنەزوول بووە و خاڵیە لەهەر بابەتێکی مرۆیی و ئینسانی. ئەو رەستەیەی ئادۆڕنۆ بەمانای مەرگ یان خاڵی کۆتایی ژیان نییە. ئەزمونی وێرانیی ئەزموون لای ئاگامبێنیشەوە بەمانای زەواڵ و لەناوبردنی تێگەیشتن نییە.
ئەزموون لە چییەوە دێت و ئەو ئەزموونانە کە وێران بووە چین؟  ئاگامبێن مەبەستی ئەزموونێکە کە زیندوو و شەخسییە و بەبێ ئەویتر(دیگری) لەسەردەمی ئێمەدا کەمترین بایەخی پێدراوە . بەپێچەوانەوە  مەبەستی ئەزموونی دەستە یەکەم (ئۆرجیناڵ) یان ئەو جوهەرە سەرەکییەی ژیان کە نەوە لە دوای نەوە بەمرۆڤ گەیشتووە نییە. ئاگامبێن پێیوایە تایبەتمەندیی سەردەمی هاوچەرخ لەدەست دانی ئیمکانی ئەزموونە. ژیانی دووپاتەیی و ئیبتزال و دواکەوتوویی کارێکی کردوە هەر مەسئەلەیەک وەک خودی جوهەرەی خۆی ئەزموون نەکرێت، بەس تەنیا ئەکرێ تێپەڕ بکرێ. لەسەر ئەساسی ئەم تێڕوانینە پێیوایە ئیمکانی ئەزموون کردن و گێڕانەوەی ئەزموونەکان و ئیمکانی نووسین لە مرۆڤی مۆدێڕن زەوت کراوە.

(Ia museificazione del mondo)1

مووزەسازیی جیهان:
جیهان بووە بەمووزە و هەمووشتێک پیشاندەری نامومکین بوونە. بەبڕوای بنیامین فەقری ئەزموون پەیوەندیی بە شەڕی یەکەمی جیهانییەوە هەیە، بەڵام ئاگامبێن پێیوایە ژیانی دووپاتەیی و رۆژمەڕەی مرۆڤی ئێستا ئیبتزال/ ژیانێکی یەک نەواخت و نابەدڵە کە پێویستی بەکارەسات نییە و خودی خۆی کارەساتە. پرس ئەوەیە لەکاتێکا ژیان پڕە لە رووداو و کارەسات چۆن ئەتوانین بڵێین دیسان شتێکمان ئەزموون نەکردووە؟ رووداو لەکوێی ژیانی ئێمەدا ئەبێتە ئەزموون؟ بنیامین لەیەکێک لە وتارەکانی
"ئەزموون وفەقر" ئەنووسێت : فەقری ئەزموون بەو مانایه نییە کە مرۆڤەکان حەسرەتی ئەزموونێکی نوێ و تازەیان هەیە. بەڵکو زیاتر هەوڵئەدەن خۆیان لە  قەفەسی ئەزموون دەرباز بکەن.

٭کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ ــ  ئەمرێکی ئەزموون کراو و نەکراو!
شاعیر لەم کتێبەدا هەوڵئەدات بە ئاشنایی زدایی_زمانێکی سیالی خەتی_بە گێڕانەوە بە تەسویرگەلێکی بکر و زمانێکی تایبەت ئاماژە بکات بە ئەزموون لە شیعری مۆدێڕندا. لەم رێگەوە و لەم قەیرانی ئەزموون کردنەدا شیعری مۆدێڕن جێگە و پێگەی خۆی پتەوتر ئەکات. شیعر ئەزموون ئەکات بە بەدیلێ بۆ زیندووبوونەوەی خۆی و هەوڵ بۆ بە کردەیی کردنی ئەمرێکی ئەزموون نەکراو. لەم باردۆخەدا گەڕان بەدوای ئوبژەی نوێدا بۆ بەدەست هێنانی ئەزموون نییە. بەڵکو پێداگری کردنە لە کسووف و تەعلیقی ئەزموون کردن. (ئەمری نوێ شتێکە کە ناتوانین ئەزموونی بکەین) و بە واتا دەقیقە کانتییەکەی ئەزموون نەکراوی پاش کۆگیتۆییە. لەم وەزعییەتەدا کە مرۆڤ لە ئیمکانی ئەزموون کردنی سوننەتی خەلع کراوە، پەنا ئەبات بۆ ئەزموون کردنی ویرانیی ئەزموونێک کە ئەتوانێ دەستی پێی بگات.

لەشیعری یەکەمدا:

خوایە ئەم هەمووە منە   کێم؟
من ئەڵێم:
کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ و
لە بێ خۆییەکا وەیلانە
بەڵام من ئەڵێم...

هاوردنەوەی فەلسەفەی دیکارتی ــ من می‌اندیشم پس هستم ــ بە تەکسیری منەکان ئانتی دێکارتییەکی جوانە لە شیعری یەکەمدا

٭فلۆرا_مارکۆ_ قەیرانی شوناسی مۆدێڕن
شوناسی مۆدێرن قاییل بە جیاوازییە و لەو رێگەوە مانا ئەبەخشێ بە گشتییەتی کۆمەڵگا. ئەگەرچی شوناس لە روانگەی تاکەکەسی خۆیەوە ئەمرێکی شەخسییە؛ بەڵام لەراستیدا بە دیوێکی تردا ئەمرێکی کۆمەڵایەتییە و تێکڵاوە بەکومەڵگا و موناسباتە نێوان زەینییەکان لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا ، واتە لە پەیکەری هەر تاک یان شەخسێکا کۆبەند ئەبێت.ئەم بابەتە هەر لە "من می شناسم"دکارتی تا سووژەی هوسرل بەم شێوەیە بووە. بەڵام بە بەهای لە یادکردنی خولق و خۆی کۆمەڵایەتی سووژە یان بە بوون لەناو "ئەویتر"ێکدا مرۆڤی مۆدێڕن تووشی دڵەڕاوکێ ئەبێت چونکە نازانێت دروست هەڵئەبژێریت یان هەڵە! شوناسێکی دروستی هەیە یان نا! ئەو شوناسە لەگەڵ خۆیا تەبایی هەیە یان نا!؟  جیاوازی و پارادۆکسی شوناسی سوژەکانە کە پیشانی ئەدات سوژەی هوشیار وزیرەکی ــ  لەخۆ دڵنیای دکارتی ــ چە بەڵایەکی نەگریسی بەسەر باردۆخی مرۆڤی سەردەمدا هێناوە. هەڵهاتن لە مۆدێڕنیتە وەک بودلر ئەڵێت : رۆژێ هەزار جار مرۆڤ ئەخاتە ناو بارۆدۆخێکی نەخوازراو کە ڕووبەرووی خیاڵگەلێکی تازەی ئەکات و هەر رۆژ بەدوای شوناسێکی تازەترەوەیە. مرۆڤی مۆدێڕن پێش لەوەیکه بە دوای نوستالژی شوناسی لەدەست چووی خۆیا بگەڕێ ؛ سەرقاڵی ناجێگیر بوونی شوناسەکانییەتی. وەک هیدیگر ئەڵێ مرۆڤی مۆدێڕن هیچکات لەجێگەی خۆیدا سەقام ناگرێت و هەمووکات بێ خانە وماڵە.
نموونەیەکی دیکە لە سەر پارچە پارچە بوونی شوناسی تاکی مۆدێڕن ڕوانینێکی زمانناسانەیە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەما پێکهات. ئەو جۆرە روانینی زمانناسانەیه بە سەر لە ناو بردنی سەنتەر (مرکز زدایی)ی سووژەکانەوە شکڵی گرت. پێیان وابوو کە هیچ کەس "مولف"ی گوزارەکانی خۆی نییە کە بەکاری ئەهێنێت و داهێنەریی ماناکان کە پێمان وابێت خۆمانین تاڕادەیەک وەهمە. بەو پێیە ئێمە لەنێۆ چوارچێوەی زمانا جێگیرین و لە ناو ساختارگەلێکی نمادینی کۆمەڵایەتیا کە پێشتر لە ئێمە بوونی بووە و زمان وەک ساختارێکی کۆمەڵایەتی نەک تاکەکەسی نمایش ئەکات پێش لەئێمە بوونی بووە. بەواتایەکی تر نووسین یان قسەکردن بەمانایەکی جیاواز وتایبەتی داهێنان و هێناونەوەی ئەندێشە شاراوەکانی ئێمه نین. بەڵکوو بەمانای ئەکتیڤ بوونی دەسەڵاتی مانایی ئێمەیە کە پێشتر یان لەو سۆنگە شیعریەوە کاری پێنەکراوە یان کەمتر کاری لە سەر کراوە.هەر بۆیە ئۆبژەکانی جیهان گوزارشتی یەک ئۆبژەدیاریکراو نین. بەڵکوو لەسەر ئەساسی قەراردادە نیشانەناسانەکان شکڵیان گرتووە. رۆشنتر بڵێم شاعیر بە تایبەت لەم دەقەدا ئانتی میمار و میعماری قەردادە زمانییەکانە.

بەیانی دەرکی ناگاتە هیچ ڕەنگێک و
کار ئەخانە جانتای پیاوێکەوە
شەوانە ماندوویی بە دەستییەوە ناشۆرێ
نەوەک مردنی کاڵ بێتەوە...

میترۆپۆلم نووچ ئەدا
ئوتوبان لە تەختەکەما پێچی تێکەوتووە و
تاریکم
تا ئەو پەڕی بێداری بەش ئەکا

فلۆرا چێ بڵێم؟
قسەم ئەتوانێ
کفری کارمەندێک بێ
لەدوایین قەتار جێماوە
ئەتوانێ پێرەمێردێ بێ
شێرپەنجە پەڕیبێتە کۆڵی و
عارەق لەحەسرەتی بێتە خوارەوە...

ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە بە چاشنیی دەم لارکردنەوە لە جهانی تەسویری و زمانیی به عورف ئاشنا شوناسی کتێبی کەس خۆێ بۆ تەرک ناکرێ ــ یە.

٭عەشق و فلۆرا
شاعیر بە یارمەتیی کایەی واتایی کە کایەیەکی پەسا زمانییە سەرقاڵی سەر لە نوێ داڕشتنەوەی عەشقە و وەک رەمبۆ  وەرزێکە لە جەهەنەمی گوومانەکانا٭
 هەر بۆیه لە بەشی دووەم واتە شیعری فلۆرای کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێدا قووڵتر و جیاوازتر ئاماژە بە عەشق ئەکات و ناکات. عەشقێک بە مۆرکی ئالێن بەدیۆ. لەم کتێبە شیعرەدا بەرجەستە بوونی کەرەستە نوێیەکانی ژیانی مۆدێڕن و جیهانی کاپیتاڵی بێ بەزەیی و خێرایی رێکلامی بەدی ئەکرێت بە سیمای زوو تێپەڕاندنی هەموو شتێکەوە. ئەو خێراییە زیاتر بەدیۆییە . بەدیۆ پێی وایە عەشق لە قەیران دایە. عەشقێک کە ئەیناسین لە دونیای مۆدێڕندا مەسەرف گرایە.شێوەیەکە لە لەزەت گرایی و عەشقێکی ئەمن و ئەمانە.هەروەها پێی وایە عەشقی ڕاستەقینە ریسک و خەتەر ئەکا و پەراوێز و سەنگەری ئەمن دروست ناکات.
لە شیعری فلۆرادا شاعیر بە رێگەی سنجاق کردنی پاژێکی سادە بە رواڵەت لە خەتر کردن ئەترسێت. وەک بێهەوێ ترسی لە دەست دانی هەمووشتێک بەرجەستە بکات. بەڵام لە راستیدا بەس ئەو لەحنە سادەیە قولابێکە بۆ تووڕدانە ناوەوەی خوێنەر لە نیو فەزا و ئێپیستمە ناتەواوەکانی ناوی دەقەکەدا و پلانێکی دژە عورفی واتایی و زمانیە لە دژی پێشتر زیستکراو و لەمسکراوەکانی خوێنەر.

فلۆرا
تۆ بی ئەو خواتە
درەنگ مەبە
با هەناسەم بەفری لێ بچێتەوە و
درەختەکان
سێبەریان بشکێتە سەر ئەم دێڕانا
خێراکە مردم
چاوەڕێتم فلۆرا

پاشان رەوایەتی ناو هۆتێلێک :

یەکێک لە جانتادایە و
ئەویتریان
شەوەکانی لە هۆتێلێکا
پووری ژوورەکەی دێنێتە گریان ... کە لە راستیدا شاعیر بە ئەنقەست لە رێگەی زووم ئینیەوە ئەتباتە ناو هۆتێلەوە و لە رێگەی زووم ئاوتەوە بە وتنی:
بڕوانن!
ئەم سینیۆرە داماوەش
چاکلێتەکانی له ویترینێکی درەنگا تواونەتەوە و ...

ئەکرێ بڵێین خاڵی جەوهەری بردن و بەردانە لە نێوان فەزای ناتەواو و رەوایەتی ناتەواوە کە لە نەفسی خۆیا دژە فەزا و دژە رەوایەتە ، چونکە ئیزن نادات هیچ شتێک بیچم بگرێ و کامل ببێ. لێرەوە ئەتوانین بڵێین ئاماژە بە عەشق ، ئەزموون، جیهان زیست و وێنە رۆژانەییەکان ئەکات و ناکات
هەروەها زۆر شت ئەتوانێ جێی ئاماژە بێت وەک کایە ، و ئایرۆنی لە کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ:

ئەم حوزنە
کونی خێمەیەکە
بەسەر شەوگاری سەرپێڵییەکا
خۆی و خواشی تیا لەرزاون
تووند نەڕۆین
ئەسپێکی ڕۆمییە
حیلە وسواری
لە قوستەن تەن تەن /تەنیا
دواکەوتووە.

لێرەدا ئایرۆنی وکایەی زمانی بە وشەی قوستەنتەنیه و تەنیا بەس لە رێگەی شێتی و عورف گوریزیی زمانییەوە ئیمکانی هەیە کە دێڕە شیعرێکی وەک :
لە قوستەن تەن تەن / تەنیا
داکەوتووە...
شاعیری بەرەی چواری پێ ئەساوێتە دار و نەداری شاعیرەکانی دیکەدا کە زمانی بە عورف و قەرداد زنجیر کراوە!
یان:
درەنگم وەک قاوەتوون و
مناڵێ لە زەینمەوە بۆ مەدرەسە بچێ
وەک ژنێ
لە تەقینەوە بازاری شاما
دڵی بە زەمبیلەکەیەوە داکەوتبێ
هەروەها:
شین
پەنجەی مناڵیمە
باوکم بە پەلەوە پێی نابێتە سەری و
شەوانە کۆڵێ منەت
بە ئۆتۆمبیلێکی پلاستیکییەوە
لە تەنیشت خەوتنما دانێ

زەرد دەردێکە لە گیرفانماو
ئەچەقێ بە جێیەکی مەغریبما
خۆ نامرن
ئێوەیش بڵێن
ماڵ تابووتێکی سەربازه
حاڵ پیاوێکە
لە تەرمێکا
بە حوزنێکییەوە داگیراوە
تەنانەت
ئاهێکیش ناکێشن بە سەر مردنیا

من لە خۆما بڕاوم و
پەرستارێ کە نیمە
وەهمم بە ڕەنگەکانەوە پانسمان ئەکات


٭بازاڕی شام ئایرۆنیەکی ڕۆند و سادەیە لە ئاشوفتەیی کە لە رێگەی تەرکیب کردن لە گەڵ فێعلی داکەوتن و دوو شتی فیزیکی و نا فیزیکی وەک دڵ و زەمبیل توانیویە داڵانێکی نوێی ستاتیکی و زمانی و واتایی دروست بکات. هەروەها "درەنگم وەک قاوەتوون و
مناڵێ لە زەینمەوە بۆ مەدرەسە بچێ"
تەسوێرێکی ئایزنشتاینییە کە نموونە و هاوچەشنی لە سەرانسەری کتێبەکەدا زۆرە.
ئوتۆمبیلێکی پلاستیکی ئایرۆنییە و ئاماژەیەکە بە ناخودئاگاهی فەرهەنگیی ئێمە کە ڕەنگە هەموومان بەو کەرەستەیه لە سەردەمی مناڵیدا گەمەمان کردبێت.بەڵام بە قوەتتر لەو بارە ناخودئاگاییە فەرهەنگیە تووڕەییە لە گشتیەتی سەخیفی هەستی و بوون کە ئالبۆمی جهانگەلێکی دەردناکی تێدایە.
یان:
شووشەیەک یان گۆشەیەک
پرس ئەمەیە
تف ڕەحمەت لەبابت شکسپیر


شیکسپیێر :ئیرجاعێکی بیرون مەتنیە کە بەم شێوە دەم لارکردنەوە و گاڵتە کردن بە شاهکارێکی کلاسیکیی ئەدەبیاتی جهانی هیچ ریسک و تێچوویەکی بۆ شاعیر نیە و بە ئاسانی بە موازاتی گومان لە هەمووشتێ بەزەیی بە جهان زیستی تاکە کەسی و گشتیدا نایەتەوە و تەنها خاڵی میغناتیسیی گوزەر کردنە لە ژێستی زمانی و زەینی و هەر شتێک کە رۆژێ لە رۆژان بۆ کەسێک پیرۆز بووە؛ کە ئەکرێ بەجۆرێک ئێقرار کردن بە پیرۆز بوونی نوێکاری و سەر لە نوێ خەلق کردنەوەی ناوزەد بکەین.


سەرچاوەکان:
مووزەسازی جیهان_1
کودکی و تاریخ_دربارەی ویرانی تجربە_جۆرجۆئاگامبن_2
_درستایش عشق_ٱلن بدیو 3
_اخلاق صغیر_آدورنو4
_کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ_سەلاح موحەمەدی5




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved