زیاتر لە 11 میلوێن 500 هەزار تووشبوو و 540هەزار قوربانی، ئاکامی هێرشی دڕندانەی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان کۆڤیدـ19ـیە بۆ سەر مرۆڤ. ڕۆژ لەگەڵ رۆژ ڕێژەی تووشبووان و قوربانیانی ئەم پەتایە ڕوو لە زیاد بوون دەکا و نەبوونی پێکوتە و دەرمانی کڕۆنا زیاتر خۆی وەبەر چاو دەخا. ئانتۆنی فاوچی، بەڕیوبەری ڕێکخراوی نەتەویی ئالەرژی و نەخۆشییە هەوکردووەکانی ئامریکا لە دیمانەیەک لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەری ڕۆیتێرز دەڵێ: چەند نمونەی پێکوتەی کۆڤید١٩ لە تاقیکارییەکان سەرکەوتن و خۆشبینین کە تا کۆتایی ساڵی 2020 بتوانین 300 میلوێن دۆز لەم پێکوتەیە بەرهەم بێنین. تەواوی ڕێکخراوە تەندرووستییەکان لە ئاستی جیهانی، بە کەڵک وەرگرتن لە نوێترین زانستەکان و ئەنجامدانی سەدان تاقیکاری جۆراوجۆر هێشتا نەیانتوانیوە ڕێگەچارەیەکی هەرچەند کاتی بۆ ئەم پەتایە بدۆزنەوە، بەڵام هەر هەموویان کۆکن لەسەر "خۆپاراستن"، "مەوداپارێزی کۆمەڵایەتی" و بەکارهێنانی "دەمامک" بۆ دوور کەوتنەوە لەم پەتایە. لە ئێستادا ئەنجامدانی تەنیا و تەنیا ئەم سێ خاڵەی سەروو، دەتوانێ بەدوورمان خا لە نەخۆشی، ئازارکێشان و لە کۆتاییشدا "مردن". بۆ مانەوە و بەردەوامبوون لەسەر هێڵی ژیان پێویستە تەواوی ڕێنماییە تەندرووستییەکان ڕەچاو بگرین و حەول بدەین تا چیتر سێبەری نگریسی "مەرگ" جیهانمان لێ تاریک نەکا.
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure