8/7/2020 04:05 PM

گەورە بەیتبێژەکەی موکریان


عەلی کەردار ساڵی 1928 لە ئاوایی باخچەی بناری چیای میرقاز، سەر بە شاری بۆکان لە دایک بووە. حەیران و بەیت و باوی لە دەمی خۆشخوانانی وەک "ساڵە کوردە" و "کەریم ملخوار" و "ڕەحمان لێفەدروو"وە قۆزتۆتەوە و بە زەوقی خۆی وەریگرتوون و کوتوونیەتەوە. حەیرانی بە ھەر سێک شێوازی دەشتی ھەولێر و بەری سۆران و دیوی مەنگوڕ و گەورکان کوتۆتەوە. شێوازی کوتنی بەیتەکان لە زاری عەلی کەردارەوە تایبەت بە خۆیەتی و سۆزی دەنگ و حەزی شاراوەی ناو قوڕگی وای کردووە لاسایی کردنەوەی مەحاڵ بێ. عەلی کەردار جگە لە حەیران و بەیت، وردەقام و بەندیشی کوتوون. وردەقامەکانی مۆرکی خۆی پێوەیە و کوتنی لە کوتنی کەس ناچێ و لاسایی‌کردنەوە نین. کەردار جگە لەو ھونەرانەی ھەیبوون قسەخۆش و نوکتەزان و بەمشووریش بووە، لە ناو مەجلیساندا ڕووی ھەموان لەوی بووە. ھەقایەت و چیرۆکانیشی زۆر زانیوە و لە مەجلیسان کوتوونی. خەڵک بە حورمەتەوە لێیان ڕوانیوە و قسەیان لێ وەرگرتووە و لە ناوبژیدا کەس قسەی نەشکاندووە. بە ھەر ھۆیەکەوە بێ زۆر خووی نەداوەتە تۆمارکرانی دەنگ و ڕەنگی و لەو دەریا بێ‌سامانەی فولکلۆری کورد ئەوی لە خنکان قوتار بووە زۆر نین و ھەمووشیان عەنتیکەن. 
لەو سامانە بێ نەزیرەی ناو سینە و دەنگی بەسۆزی عەلی کەردار تا ئێستا ئەم بەرھەمانە بە تۆمارکراوی لە بەر دەستن:
بەیت: سەیدەوان، ناسروماڵماڵ، لەشکری، شەم و شەمزین، کاکەمیر و کاکەشێخ، کانەبی، برایمۆک، خەج و سیامەند، عەبدوڕڕەحمان
بەند: سوارۆ، پاییزە، بەھارە، ئازیزێ، وەرە زاڵم، ئایشێ گوڵ، گەلۆ، ڕۆی مەحشەرە ئیمڕۆ
وردە قام: وەخەی وەخەی خەزاڵێ، نیزام نیزام، کیژ دەڵێ خۆشم دەوێ، گوڵاڵە سوورە، بەری بەیانە، ڕاوچییان ڕاوە، ئەی یار ئەی یار، مەلەک بۆ وا دەکەی، ئایشیلێ ئەمان، دەڵێ ھات ڕابرد، خاڵۆی ڕێبوار، کراس ڕەشێ، لە گوڵان و لە گوڵان
عەلی کەردار ساڵی 2002 و لە تەمەنی 74 ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کردووە و ھەر لە گۆڕستانی ئاوایی باخچە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردراوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved