11/7/2020 04:22 PM

مرۆڤ و کەرامەت

کتێبی ”مرۆڤ و کەرامەت” لە نووسینی "مەریوان وریا قانع"، باسێکی درێژە سەبارەت بە سێ چەمک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو دونیای مۆدێرن، کە بریتین لە چەمکەکانی ”ماف“ و ”کەرامەت“ و ”پلورالیزم“. ئەم سێ چەمکە ھەم وەک دەرەنجامی دروستبوونی دونیای مۆدێرن و ھەم وەک ھێزی دروستکردنی ئەو دونیایە وێناکراوە و باسکراوە.
لەبەشی یەکەمدا، کە تەرخانە بۆ باسکردنی لەدایکبوونی ”مرۆڤی خاوەن ماف“، بەدرێژیی لەسەر مەسەلەی وێناکردنی مرۆڤ لە فیکری ئەرستۆ و فیکری سەدەکانی ناوەڕاست و فیکری ئیسلامی کلاسیکیی و ئینجا فیکری ڕۆشنگەریی و مۆدێرندا وەستاوە. لە ڕوانینی ئەرستۆوە بۆ دیاردەی کۆیلایەتیی، بۆ ڕوانین بۆ مرۆڤی ھۆمۆساکەرلە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا، لە مافی خوداییەوە بۆ مافیی سروشتیی و لە بیعەی ئیسلامییەوە بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتیی، کتێبێکە سەفەرێکی درێژە بەناو چەندان ڕوانینی جیاوازدا سەبارەت بە شوێن و پێگەی مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتیی سیاسیی و فەرھەنگیدا و لەدایکبوونی زەحمەتی وێناکردنی مرۆڤ وەک خاوەن بوونەوەرێکی خاوەن ماف. بەشێکی تری ئەم بەشە تەرخانە بۆ نیشاندانی مێژو و سیاقی لەدایکبوونی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەکانی مارکس و ھانا ئارێنت لەو مافانە.
بەشی دووھەمی کتێبەکە تەرخانە بۆ باسکردنی پرسی کەرامەت. ئەم بەشە بە باسکردنی شوێن و جێی کەرامەت لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەستپێدەکات و ھەوڵئەدات مێژووی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگای ئێمە لەڕێگای چەمکی کەرامەتەوە بخوێنێتەوە. دوای ئەوە بەدرێژیی لەسەر مانا فیکریی و فەلسەفیی و سیاسییەکانی چەمکی کەرامەت دەوەستێت و باس لە چۆنیەتی لەدایکبوونی بیرۆکەی مرۆڤ دەکات وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت. لەمەشدا کتێبکە باس لە بۆچوونەکانی ھیگڵ و بۆچوونەکانی فەیلەسوفی کەنەدیی چارلس تایلەر و ئالێکس ھۆنێسی ئەڵمانی دەکات، کە سەر بە نەوەی سێھەمی فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرتە ومەسەلەی کەرامەت یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەو. کۆتایی ئەم بەشەش تەرخانە بۆ نیشاندانی شوێنی کەرامەت لەنێو زمان و چەمک و ڕوانینەکانی ”بەھاری عەرەبیی“دا.
بەشی سێھەم و کۆتایی کتێبە تەرخانە بۆ شیکردنەوەی دیاردەی پلورالیزم و چۆنیەتی بوونی ئەم دیاردەیە بەبەشێک لە ڕوانین بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا ھاوچەرخەکان. لەم بەشەدا ڕوانینەکانی سێ فەیلەسوفی گەورە بۆ پلورالیزم بەدرێژیی باسکراون ، کە بریتین لە ھانا ئارێنت و جیانی ڤاتیمۆ و ئەلفارابی.
بەسەریەکەوە کتێبێکە بەرگرییکردنێکی ھەمەلایەنە لە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت و جیاواز و پلورال. بەھیوای خوێندنەوە و ڕەخنەکردن و دەوڵەمەندکرنی بابەتەکانی کتێبەکە.

 

سەرچاوە: KurdishBookHouse

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved