21/7/2020 12:12 AM

لە ڕۆژئاوای كوردستان چوارەمین پێشانگای كتێب كرايەوە

بە سەرپەرشتی دەستەی رۆشنبیری و هونەر لە باكوورو باكووری رۆژهەڵاتی سوریا، چالاكییەكانی چوارەمین پێشانگای كتێب بە ناوی شەهید هەرگوڵ لە هۆڵی زانا لە شاری قامشلۆ بە دروشمی (بخوێنەرەوە.. خۆت بناسە) دەستیپێكرد.

لە پێشانگاكەدا 39 خانەی بڵاوكردنەوە بە 120 هەزار كتێب و 11 هەزار ناونیشان بەشدارییان كردووە كە بوارەكانی رووناكبیری و مێژوو و كۆمەڵایەتی و ئایین و سیاسەت و سەربازی و فەلسەفەو رۆمان لەخۆدەگرێت، بە زمانەكانی (كوردی و سریانی و عەرەبی و توركی و ئینگلیزی) بڵاوكراونەتەوە. 

لە یەكەم رۆژی چالاكی كردنەوەی پێشانگاكەدا، ژمارەیەك رۆشنبیرو نووسەر، بێریڤان خالید هاوسەرۆكی ئەنجومەنی جێبەجێكار لە رۆژئاوای كوردستان و نوێنەرانی دەستەكانی خۆسەری و ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتیان ئامادەی پێشانگەكە بوون.

بۆ یەكەمجارە سێ‌ خانەی بڵاوكردنەوەی نوێ‌ (نەقش، ئاڤا، مەدا) بەشداری لەم پێشانگایەدا دەكەن.

لە پێشانگای ئەمساڵدا بەشێكی تایبەت بۆ مناڵان كراوەتەوە، هەروەها ژمارەیەك چالاكی ئەنجامدەدرێت، لەوانە پێشكەشكردنی 12 سمینیار، ئەنجامدانی 5 دیداری لێكۆڵینەوە، جگە لە واژۆكردنی ژمارەیەك كتێب.

چالاكییەكان بۆ ماوەی 6 رۆژ بەردەوام دەبێت، بەیانیان و ئێواران چالاكییەكان ئەنجامدەدرێن.

خاك - پوكمیدیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved