23/7/2020 03:02 PM

ئەحمەد شاملۆ

ئەحمەد شاملۆ شاعیر، نووسەر، رۆژنامەوان و رۆشنبیری هەڵکەوتووی ئێرانی 20 ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. شاملۆ لەدایکبووی ساڵی 1921ـی تارانە و زۆربەی ژیانی لەم شارەدا بردۆتە سەر. ئەم شاعیرە بەهەڵوێستە یەکێک لە کۆڵەکەکانی شیعری نوێی فارسییە و زۆر شاعیری دیکە لە ژێر کاریگەریی زمان و روانگەی ئەودان. شاملۆ سەرەتا لەسەر شێوازی شاعیری گەورەی فارس، نیما یووشیج، شیعری نووسیوە و پاشان زمان و دەربڕینی تایبەت بە خۆی رەچاو دەکا.
شاملۆ جگە لە هۆنینەوەی شیعر، کاری وەرگێڕانیشی کردووە و لەم بوارەدا چەندین بەرهەمی ناوازەی لە شاعیران و نووسەرانی گەورەی جیهان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی. شاملۆ هەروەها لە کتێبێکدا بە ناوی "کتێبی کۆڵان" هەوڵی داوە ئەو ئیدیۆم و دەستەواژانەی کە خەڵکی ئاسایی پێی دەدوێن کۆ بکاتەوە و لەڕاستیدا ئینسایکڵۆپێدیای فەرهەنگی خەڵکییە.
شاملۆ لە ئێراندا بە "شاعیری ئازادی" ناودێر کراوە و هەر بۆیە هەر شاعیر و نووسەرێک بیری ئازادی لە زەیندا بووبێت، شاملۆ هەوڵی داوە پەیوەندی لەگەڵ بگرێت. شێرکۆ بێکەسی مەزن یەک لەو شاعیرە کوردانەیە کە شاملۆ لە نزیکەوە دیداری لەگەڵ کردووە و چەندین شیعریشی لێ کردووە بە فارسی.
لە ناو نووسەرانی کوردیشدا چەندین کەس هەوڵیان داوە شیعرە ناوازەکانی شاملۆ بکەن بە کوردی؛ لەم نێوەندەدا وەرگێڕانەکانی مامۆستا ناسر حیسامی لە هەمووان زیاتر سەرنجی خوێنەرانی کوردی راکێشاوە؛ "خەمی نان" یەکێک لەو شیعرە وەرگێڕدراونەی شاملۆیە کە مامۆستا ناسر رەزازی بەو پەڕی لێهاتووییەوە کردوویەتی بە گۆرانی و هەردەم لە گوێی هۆگرانی مۆسیقای کوردیدا دەزرینگیتەوە.
شاملۆ 23ـی 7ـی ساڵی 2000 کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی ئیمامزادە تاهیری شاری کەرەج ئەسپاردەی خاک دەکرێت.

لە دەستە گەرمەکانی تۆ

کە مناڵی ئاوەڵدوانەی ناو باوەشمن

چیها قسەم پێیە بیکەم

ئەگەر خەمی نان لێم گەڕێ...

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved