27/7/2020 03:26 PM

دوای ئەوەی بیروەرییە هەرگیز لەبیرنەكراوەكانی گەلاوێژ خانم خوێندەوە

 

بورهان شێخ ڕەئوف

 نووسینی بیرەوەری و سەرگوزشتەی ژیانی كەسایەتی وكاریزماو سیمبولەكانی گەلان كارێكی نوێ‌ نیە بەڵكولەدێرزەمانەوە هەیەو گرنگی خۆی هەبووە چ لەڕووی مێژووییەوەبێت یان ئەدەبی .
لەڕاستیدا نووسینی بیرەوەری  جۆرێكە لەجۆرەكانی نووسینی مێژوو كەپەیوەندی توندوتۆڵی بەسەرگوزشتەی كەسیەوە هەیە، هەرچەندەسەرگوزشتەی كەسی باسی ئەزموونی نووسەرەكە و شارەزایی وداهێنانەكانی خۆی  دەكات لەپلەی یەكەمدا، بەڵام بیرەوەری پێش هەموو شتێك باسی ڕوداوەكان دەكات  هۆكارەكانی بەتایبەتی ئەوانەی كەنووسەرەكە خۆی ڕۆڵی تێدا گێڕاوە یان لەنزیكەوە شاهیدی بووە یان خۆی لەگەڵ ڕوداوەكاندا ژیاوە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێناسانەدا دەتوانین بیرەوەرییەكانی گەلاوێژ خان پۆلین بكەین لەنێوان سەرگوزشتەی كەسی خۆی وبیرەوەریش چونكە ئەم بیرەورییانە هەردوو بوارەكە لەخۆدەگرێت چونكە گەلاوێژخان هاوسەری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەدە كەلەسەرتاوە  سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بووەوە جگە لەوەی پارەێزەرو دادوەرو شاعیروڕۆمان نووسێكی گەورەش بووە، دواتریش ڕێبەرو مامۆستای باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە، هەرچەندە ئەوباڵە  بەناوی خوا لێخۆشبوو مام جەلالەوە ناوزەد كرا واتە (جەلالی ) بەڵام  خودی مام جەلال لەكتێبی دیداری تەمەن كەسەلاح ڕەشید  لەم دواییەداچاپی كرد مام جەلال دەڵێت ئەو ناوە بەناهەق بەسەرمندا سەپێنرا بەڵكو مامۆستا ئیبراهیم ڕابەرو مامۆستامان بوو.
لەبەرئەوە ئەم دووبەرگە بیرەوەرییە نایاب و دەگمەنە گرنگی وبایەخێكی كەم وێنەیان هەیە كەلەلایەن ژنێكی هۆشیاروبەئاگاوە  لە ئاستێكی بەرزی ڕاستگۆیی و هۆشیاری و دوور لەناوزراندن و برینداركردنی هیچ كەسێك تەنانەت ئەوانەشی كەلە قۆناغەكانی شۆڕش و خەباتدا بوونەتەنەیارو ڕكابەری سەرسەختی  یەكتر، جگە لە خوالێخۆشبوو ناهیدەی شێخ سەلام كە بەر ڕەخنەی گەلاوێژخان كەوتووە لەچەند قۆناغێكدا .
گەلاوێژخان جیا لەوژنانەی كەلە مێژووی تازەی كورد چ ئەوانەی لەبنەماڵەناودارو دەستەڵاتدارەكانی كوردستان بوون یان خاوەنی بەهرەو قەڵەم وناوبانگ بوون هەرلەعادیلە خانم وحەپسەخانی نەقیب ومەستوورەی ئەردەڵانی  كەسیان بیرەوەرییان نەنووسیوە وەكو ئەم كە كەلێنێكی گەورەی پڕ كردۆتەوە وڕۆشنایی خستۆتەسەر زۆركون قوژبنی دیرۆك وڕداواوەكان كەدەكرێت توێژەران ومێژوونووسان لەئێستاو داهاتووشدا كەڵكی لێ‌ وەربگرن.
((بیرەوەرییە هەرگیز لەبیرنەكراوەكانی من)) كەگەلاوێژخان نووسیویەتی لەدووبەرگی قەشەنگدا و د. كەمال غەمبار  پێشەكیەكی جوانی بۆنووسیوە زۆربەی ئەوتێبینانەی من هەمبوو ئەونووسیبووی لەسەر نووسەر بۆیەحەزمنەكرد لێرەدا دووبارەیان بكەمەوە، 
جگە لەوەی دەكرێت خوێندنەوەی تری بۆبكەم  ئەویش گەلاوێژخان كە كیژێكی بادینی (كرمانجی سەروو)  دوایی بەحوكمی گۆڕانكارییەكان دەبێت بەنووسەرێكی بەتوانا بەزاری سۆرانی ( كرمانجی خوارو) چەندین ڕۆمان وبیرەوری بنووسێت لەئاستێكی باڵادا لەگۆشەنیگای خۆیەوە باسی لەت بوونی كوردستانی باكوروباشورمان بۆبكات لەدوای دروستبوونی  دەوڵەتی عێراقەوە ئەمەش بە دیاری كراوی لەژیانی خاڵۆی خوالێخۆشبوو هەمزە عەبدوڵادا بە ڕوونی بەرجەستە دەبێت .
ئەگەرلەشەڕی چاڵدێرانەوە 1514  كوردستان بووبە دوولەتەوە ئەوالەم قۆناغەیشدا كەئەم باسی دەكات  جارێكی دی كوردستان دەكرێت بە سێ‌ بەشەوە.
بەرگی یەكەم

 ئەگەرئەوەی سەرەوەپێشەكیەكی كورت بێت بۆ خوێندنەوەكەم ئەوا پێمخۆشە چەند وێستگەیەكی جوان وسەرنجڕاكێش لەدیدی  خۆمەوەبخەمە ڕوو بۆ خوێنەرانی ئازیز :
گەلاوێژ خان وەكو هەرتاكێكی كورد ئازاری ژێردەستی و كوردبوونی چەشتووە وزیاتر هەستی پێ كردووە بەوپێیەی كەلەگەڵ خاڵیدا ئەفسەر بووە لەسوپای عێراقدا بەشێكی زۆری ژیانی مناڵی لە ناوەڕاست وباشووری عێراق بەسەربردووە ، تا كارگەیووەتەئەوەی بەئاشكرا بڵێت لەمنداڵییەوە تاوەكو ئێستا كە گەیشتوومەتە ئەم تەمەنە، لەژیانمدا هیچ كات خۆشییەكمان نەدیوە، لەئازاردان ونا ئارامی زیاتر بە دەست ئەوحكومەتەعێراقییە بەدناوانەوە، جگە لەیەك دووساڵی شۆڕشی زەعیم عەبدولكەریم قاسم كەئەویش دوای ئەوەی دڵیان پیس كرد لە كورد ، یاخود جێی خۆی گرت ولەخۆی بایی بوو، بە كوردییەوەدا و وەكو هەنگی لێ‌ هات كە بە كوردییەوە دا خۆیشی مرد.
گەلاوێژخان باسی خورماوجۆرەكانی مان بۆدەكات كاتێك كە لە بەسرە بوون ( خورمای معسل ، بڕیم، خەستاوی، زهدی ، خچراوی ....تد ).
فەیلیەكان 
بابەتێكی تر كەلەم بیرەوەرییانەدا تیشكی خراوەتەسەر ڕۆڵی نیشتمانپەروەری وكوردانەی كوردەفەیلیەكانی بەغدایە بەتایبەتی ئەوانەی لەبازاڕی شۆرجەی بەغدا كاریان دەكرد كەزۆر زەنگین و بەتوانا بوون و بەهەمووتواناكانیانەوە یارمەتی تێكۆشەرانی كوردیان دەدا لە كاتی پێویستدا بەسەرو ماڵ بەتایبەتی لەكاتێكدا مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد وهەمزە عەبدوڵاو ئەوانی تر ڵێ‌ یان بقەومایە پەنایان دەدان ودەیانشاردنەوە.
سۆزو خۆشەویستی 
گەلاوێژ خان باسی سۆزو خۆشەویستی خۆی بۆ مناڵەكانی دەكات بەشێوەیەك دەڵێت لەحەد بەدەربوو هەرمناڵێكم نەخۆش كەوتبێت خۆیشم نەخۆش كەوتووم لەگەڵیدا ،جاری وابووە نانیشم  نەدەخوارد تاوەكو مناڵەكەم چاك نەبووایەتەوە، زۆرجار دایكم بە گریانەوە قاپەچێشتی دەگرت بە دەستیەوە و بۆی دەهێنام ودەیگوت لەبەرخاتری من ودڵی من دەبێت شتێك بخۆیت ،ئاخركەتۆبۆمناڵەكەت وا ناڕەحەتیت ،تۆش مناڵی منیت منیش بۆتۆ ناڕەحەت دەبم وخەفەت دەخۆم .
باوكی هێرۆ وكچەكان
لەهەڵوێستێكی پێشكەوتنخوازانەومرۆڤانەدا دادە گەلاوێژ باسی ئەوكاتانەدەكات كەخۆی كچی دەبوو كەدیارە ئەوساو تا ئێستاشی پێوەبێت كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی وڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی حەزیان لەوەیە كوڕیان ببێت، بەڵام مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد كەكچیان بووە ئاهەنگ وزەماوەندی گێڕاوەو دەبێژێت كچی فرە خۆشویستوە، دەڵێت من دەمگووت خەڵك دەڵێت دیسان  گەلاوێژكچی بووە ،باوكی هیرۆ تووڕەدەبوو دەیگوت : بابۆخۆیان بڵێن فەرقی كچ وكوڕ چیە؟ كچی واهەیە حەوت كوڕ دەهێنێت . هەرزۆر ڕاست دەرچوو ئەم پێشبینیەی مامۆستا ئیبراهیم  چونكەهەموومان شاهیدی ئەدائو لێهاتوویی هیرۆخان بووین دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال ومەرگیشی  .
14 تەموز 1958
گەلاوێژ خان  باسی ئەوساتەدەكات كەیەكەم جار ڕادیۆی بەغدا بانگەواز دەكات (( ئێرەئیستگەی جمهوری عێراقە )) .
بەرگی دووەم
ڕیشی مام جەلال 

لەبەرگی دووەمدا ڕوداوەكان زیاتردەچنەپێشو و دەركەوتن وهەڵكشانی مام جەلال  وەكو سەركرەیەكی گەنج وخوێنەوارو شارەزا وای كردبوو كەخەڵك ئاواتە خواز بوون تەنانەت بیبینن ، بەڕێزوبەرزو ئازا بوو لەگەڵ پێشمەرگەكانی هەمیشە بەڕێوە بوون لەچەمی ڕەزان بەتەنگ پێشمەرگەكانیەوەبوو، مام جەلال ئەوەندە خۆشەویست  بوو كەتائێستاش هەروایە قوماشێكی سورمەی كەوای كوردی هاتبوو ە بازاڕ ناویان نابوو ڕیشی مام جەلال .
ڕەیس كەمال موفتی و هێزەكەی 
یەكێكی ترلەوبابەتە گرنگ و پڕ بایەخانەی كەلەبەرگی  دووەمدا باسی كراوەو دواتروەكوپاشكۆیەكی سەربەخۆ بە واژۆی ڕەیس كەمال چاپ كراوە لە كۆتایی كتێبەكەدا ئەوچالاكیە  گەورەوجەربەزانەیە كەڕەیس كەمال پلان ونەخشەی ئەو ئۆپەراسیۆنە گرنگە ی لەنزیك چیای حەمرین ئەنجامدا لەكاتێكدا كەزەعیم كەریم بانگەشەی ئەوەی دەكرد كەشۆڕشی كورد تەواوبووە توانای هیچیان نەماوە .
ئەوەی گرنگەبەلامەوە ئەوچالاكیە لەناوچەی گەرمیان وقەرەداغەوە ئامادەسازی بۆكراوەو وەكو ڕەیس كەمالی ڕەحمەتی بەدرێژی باسی كردووەوبەبیری تیژی هیچ كەسێك لەیاد نەكردووە ، حەزدەكەم لێرەدا  ئاماژە بەڕۆڵی ڕەیس كەمال بكەم بەحوكمی ئەوەی برادەرو دۆستی باوكی كۆچكردووم  (( شێخ ڕەئوفی كێلەبەرزە )) بوو خۆیشم بۆچەندینجارلەخزمەتیا بووم كەباسی ئەو ڕوداو چالاكیانەی بۆكردووین ئەو  وتەیم هەرگیز لەبیرناچێتەوەكە بەباوكمی وتبوو كەئەوكات لەسەرەتای شۆڕشی ئەیلول لە1963 بە  برا گەورەكەم كە هێشتا من لەدایك نەبووبوم وتبووی ئەم مناڵەش گەورەدەبێت  وشانی لار دەبێت بەچەكەوە مەسەلەی كورد هەر تەواو نابێت .
بەهەرحاڵ ڕەیس كەمال باسی هەموونەخشەو پلانەكانی ئەونەبەردە گەورەیەی كردووە  وڕێخۆشكەریەكان كۆبوونەوەكان لەگەڵ پیاوماقوڵان وكەسایەتیەكانی ناوچەی قەرەداغ وسەنگاو گەرمیان وجاف وزەنگەنە وشێخان  وهەمەوەند و كەئەوكات خێڵ وهۆزو تیرەكان ڕۆڵ وپێگەی كاریگەرییان لەكۆمەڵگای كوردیدا هەبووە، خۆشحاڵم ناوی باوكم شێخ ڕەئوفی كێلەبەرزە لەولیستەدایەكەپێگەوڕۆڵیان بەرچاوبووە سەرەڕای كەسایەتیە دیارەكانی تری ناوچەكە.
گەلاوێژخان ویەكڕیزی
هەرچەند گەلاوێژخان دەڵێت من هەرگیز سیاسەت وحزبایەتیم نەكردووە ، بەڵام لەهەمان كاتدا لەئاستێكی بەرزی نیشتمانپەروەی وكوردبووندابووە وپەرۆشی یەكڕیزی ناوماڵی كوردبووە لەهەڵوێستێكی زۆر مەردانەدا كەوەڵامی یەكێك لەسەرەكانی بەعس  دەداتەوە دەبێژێت: تەواو ئەوڕۆژە ڕۆیشت، ئینشەڵا تاوەكو ماوین هەریەكدەبین  ویەكتریمان زۆرخۆش دەوێت و ئەوەی تۆباسی دەكەیت قەت نایبینین و نابێتەوە، هەرواش بوو .زۆر زۆریان پێ‌ ناخۆش بوو كە ئاشت بووینەوە وبووین بەیەك . زیاتر دەڕوات ودەڵێت (( هەركوردێك وسەركردەیەك ، میللەت و وڵاتی خۆی خۆش بوێت نابێت ئەو ئاواتە نەگریسەی دوژمن بهێنێتە دی، هەرچەندە بیربۆچونیشمان یەك نەبێت دەبێت پشتی یەك بەرنەدەین بۆدوژمن، چونكەئەوان ئاواتیانە كە كورد یەكتری لەناو بەرن وئیشی خۆیان ئاسان  بكەن )).
شیعرەكانی گەلاوێژ خان
لە كۆتاییدا گەلاوێژخان كۆمەڵێك كۆپەڵەشیعری جوانی لەبۆنەو كاتی جیاوزدا نووسیوە هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت كەئەوشاعیرنیەبەڵام ئەمانەشی وتوە منیش حەزمكرد لێردەچەندكۆپەڵەیەكی جوانی پیشانی خوێنەرانبدەم:
كوردستان خۆشەویستم    پاش خوا تۆ ئەپەرستم 
بۆتۆزۆرپەرێشانم         لای تۆیەهۆش وهەستم 
ناتوانن هەر بۆساتێ‌     دوورت خەنەوە لە بیرم 
           هەی جێی باب و باپیرم
دڵملای پێشمەرگەیە        لای عەزیزوهەنەیە 
هەروا لای ەڵكی شارە      لای دێهاتی وهەژارە

لەشوێنێكی  تردا دەڵێت
كوردستانی شیرینم       بەتۆەوەخەوندەبینم
هەمووشەوێ‌بەخەیاڵ   وا ئەدەملە شەقەیباڵ
 










زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved