27/7/2020 05:40 PM

رامۆس چی ئاشکرا دەکات؟

سێرجیۆ رامۆسی بەریگریکاری یانەی ریاڵ مەدرید ئەوەی ئاشکراکرد دەیەوێت تۆپی ئاڵتونی بەدەست بێنێت و خەونی پێوەدەبینێت.
 سێرجۆ ڕامۆسی بەرگریکاری شاهانەییەکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئەوەی ئاشکراکرد خەون بەوە دەبێنێت خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بباتەوە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەو ئەستێرەیە وتیشی لەو ماوەیەی لە ڕیزی یانەی شاهانە یاریکردوە، زۆر دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە و شانازی پێوە دەکات، بەڵام ئەوەشی ناشاردەوە بردنەوەی تۆپی ئاڵتونی خەونی لە مێژینەی بوە.
لەبەشێکی قسەکانیدا کاپیتانەکەی شاهانە ئاشکرایکرد کە ڕاستە چەند ساڵێکە لیۆنێل میسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ  قۆرغی باشترین یاریزانانی جیهانیان کردوە، بەڵام کارێکی ئەستەم نییە کە بەرگریکارێکیش ئەو خەڵاتە بە دەستبێنێت، بۆ پاڵپشتی قسەکانیشی کاناڤارۆی هاوڕێی و بەرگریکاری پێشوی ڕیاڵ مەدریدی بە نمونە هێنایەوە کە ساڵی 2006 توانی ببێتە باشترین یاریزانی جیهان.
دەربارەی ڕیاڵ مەدرید ناوبراو ئاشکرایکرد پەیوەندی نێوان یاریزانان زۆر باشە و ئەوەی لە تواناماندا هەبێت دەیکەین بۆ ئەوەی مێژو بۆ یانەکە دروستبکەین و جەختی لەوە کردووە دەبێت بەردەوام بن لەسەر ئەو ئاستە باشەی ساڵی پێشو پێشکەشیان کرد.
چەند رۆژێك لەمەوبەر گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ فەرەنسی ئاشكرایكرد، كە بۆ ساڵی 2020 خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی دابەش ناكەن و باشترین یاریزانی ئەمساڵ دیاریی ناكەن.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved