چین زلهێزی نوێ جیهان، لێكۆلینه‌وه‌یه‌كی گشتگیری هه‌مه‌لایه‌نه‌یه له‌سه‌ر وڵاتی چین وه‌ك یه‌كێك له وڵاته به‌هێزه‌كانی جیهان كه لایه‌ن نووسه‌رو وه‌رگێر ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا نووسراوه. ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه كه پشتبه‌سته به چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ڕه‌سمی و به زمانێكی ساده‌و له‌سه‌ر ئایینه‌كان و جوگرافیا‌و مێژوو هه‌روه‌ها دانیشتوان و زانست و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی وڵاتی چین نووسراوه، به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه ئه‌م وڵاته له‌بواری ئابوری زۆر به‌هێزه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو سه‌رباری بوونی گرفتی ناوخۆی و كێبڕكێی مێژووی له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كانی دونیا وه‌ك ئه‌وروپاو ئه‌مریكا، به‌ڵام توانیویه‌تی له‌ڕێگای كاڵا‌و به‌رهه‌مه‌كانیه‌وه زۆربه‌ی بازاڕی جیهان كۆنترۆڵ بكات. ته‌نها له ڕێگای سیاسه‌تی ژیرانه‌ی خۆیه‌وه كه له‌جیاتی به‌كارهێنانی هێز هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی تردا له‌ڕێگای ڕه‌وه‌نده‌ی چینه‌وه توانیویه‌تی بازاڕه‌كانی جیهان كۆنترۆڵ بكات. باشترین نموونه‌ی جۆری سیاسه‌تكردنی په‌یره‌و كردووه بۆ چوونه ناو كیشوه‌ری ئه‌فریقا كه له‌ڕێگه‌ی هاوكاریكردنی هه‌مه‌جۆرو قه‌رزی بێسوودی گرته‌به‌رو به چاوی ڕێزه‌وه له خه‌ڵكی ئه‌و كیشوه‌ره‌ی ڕوانی. جیاواز له زلهێزه‌كانی تر كه به چاوی ڕه‌گه‌زپه‌رستی و كه‌مه‌وه له دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌ڕوانن. هه‌ربۆیه سه‌رۆكی ته‌نزانیا ده‌ڵێت: (له مێژوودا بێگانه‌كان ده‌هاتن هێڵی ئاسنینیان بۆ دروستده‌كردین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی كیشوه‌ره‌كه‌مان تاڵان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مرۆ چینیه‌كان هێڵی ئاسنینمان بۆ دروستده‌كه‌ن، تا خزمه‌تی هاوڵاتیانمان بكه‌ین و ئابوریه‌كه‌مان پێشبكه‌وێت) هه‌روه‌ها له ڕووی كه‌رتی ته‌ندروستی و كاره‌باو خوێندنی سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانه‌وه به قۆناغی زانكۆشه‌وه یه‌كێكه له پێشكه‌وتووترین وڵاته‌كان كه كه‌مترین ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واری تێدایه. یه‌كێكی تر له بابه‌ته‌كه گرنگ و سه‌رنج ڕاكێشه‌كانی ناو كتێبه‌كه بابه‌تی جینۆسایده له‌وڵاتی چین، كه له لایه‌ن وڵاتی ژاپۆن و له ١٢/١٢/١٩٣٧ په‌لاماری شاری نانكینگی چین ده‌دات و زیاتر له ٢٠٠ هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی ده‌كوژن و زیاتر له ٢٠ هه‌زار كچ و ژنی ئه‌و وڵاته ئه‌تك ده‌كه‌ن و پاشان ده‌یانكوژن. ئه‌م جینۆسایده‌ی وڵاتی چین ده‌كرێت به خاڵێكی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو گه‌لی چین و گه‌لی كورد سه‌یر بكرێت، چونكه له هه‌مان ساڵ گه‌لی كورد له شاری ده‌رسیم له لایه‌ن حكومه‌تی كه‌مالی توركیاوه كۆمه‌ڵكوژ ده‌كرێت و هه‌زاران كه‌س شه‌هید ئه‌كرێت كه كوردی عه‌له‌وی بوون. له ساڵی (١٩٨٨) له‌باشوری كوردستانیش گه‌لی كورد ئه‌نفال ده‌كرێت به‌رچاوی جیهانه‌وه. كه ئه‌م سێ جینۆسایده ڕوویداوه به‌رژه‌وه‌ندی زلهێزه‌كان وای خواستووه كه‌ڕ و ڵاڵبن له ئاست ئه‌م تاوانه گه‌ورانه‌ی ده‌رحه‌ق به هه‌زاران مرۆڤ كراوه. چین به چه‌ندین قۆناغی جیاوازدا ڕۆیشتووه له ڕووی حكومرانیه‌وه و چه‌ندین شه‌ڕی ناوخۆی ڕووبه‌ڕوو بۆته‌وه، هه‌تا هاتنه سه‌ركاری حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كه له‌ڕووی سیسته‌می حكومڕانیه‌وه شیوعیه و له ڕووی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بازاڕ له ئێستادا بازار ئازاده وه‌ك جیهانی سه‌رمایه‌داری. ئه‌وه‌ی بۆ من گرنگه نووسه‌ری ئه‌م لێكۆلینه‌وه‌یه تا ڕاده‌یه‌كی باش توانیویه‌تی بێلایه‌ن بێت، چونكه چه‌ندین گرفتی دیاریكردووه كه ئێستای وڵاتی چین به ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت، كه كێشه‌ی پیسبوونی ژینگه‌و بڕینه‌وه‌ی به‌رده‌وامی دارستانه‌كان و كێشه‌ی وزه‌و سوته‌مه‌نی به‌تایبه‌ت نه‌بوونی نه‌وت و بوونی گه‌نده‌ڵی گه‌وره له‌و وڵاته به‌جۆرێك كه له ساڵی ٢٠١٦ زیاتر له یه‌ك ملیۆن به‌رپرس و كارمه‌ندی حكومی و حزبی ده‌ستگیركراون. هه‌روه‌ها گرفتی كه‌مئاوی له باكوری وڵاته‌كه كه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌یه. هه‌روه‌ها مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌گه‌رێتی، كه ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌یه كه زۆرترین ئابوری ده‌كه‌وێته ناوچه‌كانی باشور ڕۆژهه‌ڵاته‌وه، به‌شه‌كانی باكور خۆرئاوا به‌شێكی كه‌میان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی له‌لایه‌ن دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌وه دروستكردووه. هه‌روه‌ها چه‌ندین گرفتی تری هه‌یه به‌تایبه‌ت سزاكانی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر چین كه هه‌رده‌م به مه‌ترسی بۆ سه‌رخۆی لێی ڕوانیوه. ئه‌مه وێڕای بوونی په‌یوه‌ندیه‌كی بازرگانی گه‌وره له نێوانیان. گه‌لی چین سه‌ره‌ڕای هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی وڵاتان بۆ سه‌ری، به‌ڵام هه‌رگیز هه‌وڵی داگیركاری نه‌داوه جینۆسایدیش كراوه‌و به‌رده‌وام سزاده‌درێت كه ئه‌مه ڕوویه‌كی لێكچووی تریه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد. به‌ڵام جیگای داخه كه له‌و تاوانه گه‌ورانه‌ی به درێژای سه‌د ساڵی ڕابردوو ده‌رحه‌ق به نه‌ته‌وه‌ی كورد كراوه له سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی كوردستان ئه‌مان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه، له‌پێناو به‌رژه‌وه‌نده‌كانی خۆیاندا ئه‌مه له‌كاتێكدا كه خۆیان ئازاری بێده‌نگی به‌رامبه‌ر تاوانه‌كانیان چه‌شتووه كاتێك كه جینۆساید كران له‌لایه‌ن ژاپۆنیه‌كانه‌وه، به‌ڵام هیچ وڵاتێك گرنگی پێنه‌دان. ئا/ هۆشیار جه‌مال خاك - پوكمیدیا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure