9/8/2020 03:58 PM

تۆشیبا ماڵاوایی لە جیهانی لاپتۆپەکان کرد

کۆمپانیای تۆشیبا یەکەم بەرهەمهێنەری کۆمپیتەری تاکەکەسی یان هەمان لاپتۆپ بوو کە بە شێوەی فەرمی ماڵاوایی لە جیهانی لاپتۆپەکان کردووە و بەتەمایە وزە و توانستەکانی خۆی لە بوارەکانی دیکەدا بخاتە گەڕ. یەکەم بەرهەمی ئەم کۆمپانیایە، کۆمپیتەری T1100 بوو کە لە ساڵی 1985ـدا بەرهەم هات و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر جیهانی کۆمپیتەرە تاکەکەسییەکان و پێکهاتنی لاپتۆپە ئەمڕۆییەکان بوو. تۆشیبا ساڵی 2018ـدا نزیکەی 80٪ـی پشکەکانی خۆی لە بواری لاپتۆپدا بە کۆمپانیای شارپ فرۆشت. کۆمپانیای شارپ/ SHARP بڕیاریدا بەرهەمەکانی کۆمپانیا بە ناوی Dynabook رەوانەی بازاڕ بکات.
ئێستا پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ تۆشیبا بەتەمایە ئەو پشکەش کە ماویەتی بە شارپ بفرۆشێت. لە بەیاننامەی ئەم کۆمپانیایەدا باس لەوە کراوە کە لەم کاتەوە، Dynabook بەگشتی یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای شارپە و ئەو خاوەندارێتی دەکات.
کۆمپانیای تۆشیبا ماوەیەک لەمەوبەر، بەشی پەرەپێدانی بیرگەکانی NANDـیشی لە خۆی جیا کردەوە و ئەم بەشە بە ناوی سەربەخۆی Kioxiaـەوە درێژە بە چالاکییەکانی خۆی دەدات. هەروەها بەشی بەرهەمهێنانی تەلەفیزیۆنی ئەم کۆمپانیایەش بە HiSense فرۆشراوە. ئەم شتانە نیشانەی هەرەسهێنانی ئەم کۆمپانیا ژاپۆنییەن و لەوانەیە لەداهاتوودا شایەتی هەوڵوەشانەوەی بین.

 

سەرچاوە: techspot

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved