9/8/2020 04:02 PM

کۆنترین وڵاتانی جیهان

ئەو شتەی کۆن بوونی وڵاتێک دەستنیشان دەکات، سەقامگیربوونی شوناسی ئەو وڵاتەیە لە پاش تێپەڕبوونی هەزاران ساڵ؛ ئەوەی کە بتوانی تا چ رادەیەک ریشەی وڵاتێکی ئەمڕۆیی لە رابردوودا بدۆزیتەوە. لە ماوەی هەزاران ساڵدا نەتەوە و وڵاتانێکی زۆر سەریان هەڵداوە و پاش ماوەیەک لە لاپەڕەی مێژوو سڕدراونەوە؛ لەم نێوەندەدا، ژمارەیەکی کەم توانیویانە بەدرێژایی مێژوو هەرمان بن و ببن بە کۆنترین وڵاتانی جیهان. لە درێژەدا لەگەڵ بەشێک لەم وڵاتە دێرینانە ئاشنا دەبین.

سەن مارینۆ


دەگوترێ کۆماری سەن مارینۆ کۆنترین وڵاتی جیهانە و هەروەها بە یەکێک لە بچووکترین وڵاتانی جیهانیش دێتە ئەژمار. ئەم وڵاتە بچووکە کە لەناو ئیتاڵیادا هەڵکەوتووە، لە 3ـی مانگی سیپتامبەری ساڵی 301ـی بەر لە زایین بونیاد نراوە. خەڵکی ئەم وڵاتە لە سەدەی شەشی بەر لە زایین پەرستگەیەکیان لەسەر چیای "تیناتۆ" دروستکرد؛  بەڵام ماوەیەکی زۆری خایاند تا ئەوەی کە "پاپا" لە ساڵی 1631ـی زاینیدا سەن مارینۆ وەکوو وڵاتێک سەربەخۆ بەفەرمی بناسێت.

چین


یەکەم زنجیرەی پاشایەتی تۆمارکراو لە مێژووی چیندا زیاتر لە 3500 ساڵی تەمەن هەیە و پەیوەندی بە بنەماڵەی فیۆدالی "شانگ"ـەوە هەیە. ئەم بنەماڵەیە لە سەدەی 17 تا سەدەی 11ـی بەر لە زایین حوکمڕانی چین بوون. بەڵام چینی ئێستا، ساڵی 221ـی بەرز لە زایین بە رێکەوتی دامەزرانی خۆی دەزانێ؛ واتە ئەو ساڵەی کە "چین شی هوانگ" خۆی وەکوو ئیمپراتۆری چین ناساند.

ژاپۆن


بەپێی بەڵگەی مێژووییەکانی ژاپۆن، ئیمپراتۆر "جنیمۆ"، یەکەم حوکمڕانی کۆلۆنیال بوو کە وڵاتی ژاپۆنی لە ساڵی 660ـی بەر لە زایین بونیاد نا. ژاپۆن بەدرێژایی مێژوو حوکمڕان و ئیمپراتۆری زۆری بە خۆیەوە بینیوە. ژاپۆنی ئێستایی لە ساڵی 1868 و بەدوای کۆمەڵێک چاکسازی کە "میجی" ئەنجامی دا سەری هەڵدا. بەڵام ئەم وڵاتە ساڵی 660ـی بەر لە زایین بە رۆژی دامەزرانی خۆی دەزانێت.

میسر


ئەگەرچی شارستانیەتی میسر جیاوازی یەکجار زۆری لەگەڵ میسری ئێستا هەیە، بەڵام دەرکەوتنی یەکەم شارستانیەتێک کە هاوشێوەی یەکەم حوکمڕانانی میسر بێت، دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی شەشەمی بەر لە زایین. رێنووسی هێرۆگلیف لە دوای رێنووسی بزماری، دووهەمین رێنووسی نووسیاری جیهانە و ساڵی 3200ـی بەر لە زایین دروست کراوە. میسر پاش سی بنەماڵەی پاشایەتی، سەرەتا لەلایەن فارسەکان و پاشان لەلایەن یۆنیانیەکانەوە داگیر دەکرێت؛ دواجاریش دێتە ژێر رکێفی خەلیفە ئیسلامییەکانەوە و لەمەودوا زۆرینەی خەڵکی ئەم وڵاتە دەبنە موسوڵمان.

هەڵبەت یۆنان و ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەش لەم لیستەدا هەن بەڵام چون زانیاری گشتی لەسەر ئەم وڵاتانە زۆرترە تەنها ئاماژەمان بەم چەند وڵاتەی سەرەوە کرد.

 

سەرچاوە: theculturetrip

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved