12/8/2020 03:23 PM

فەرهەنگی هانی

ناسنامەی کتێب: فه‌رهه‌نگی هانی، فەرەیدوون پەروازە، چاپەمەنی زایەڵە، مەریوان 2020.

ئەم کتێبە لە نزیکەی سێسەد لاپەڕە لە قەوارەی روقعی پێک هاتوە و بە قەڵەمی بەڕێز “فەرەیدوون پەروازە” نووسراوە.  بەهاری ١٣٩٩ کۆچی هەتاوی، لە لایەن یانەی چاپ و پەخشی”  زایەڵە  “وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
نووسەری ئەم بەرهەمە هەوڵی زۆری داوە و بەدواداچوونی زۆری کردوە تا ئەو دەستەواژە و زاراوانەی کە بەجۆرێک پێوەندییان بە بیرۆکە و روانگەی فمنیستیەوە هەیە کۆ بکاتەوە. شێکاری و لێکدانەوەیان بۆ بکات.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەڵێت:
” … فەرهەنگ نووسی وەک بە ناوەکەیدا دیارە بنەڕەت و دەستپێکی هەموو زانستەکانە، چوونکا وەک سەرچاوەی سەرەکی هەوێنی بارستایی هەموو کتێب و نامیلکەکان پێک دێنێت. لە راستیدا فەرهەنگەکان تەنیا کتێب گەلێكن کە لە هەموو کتێبەکانی دیکە زیاتر پرسی پێدەکرێت و لاپەڕەکانی هەڵئەدرێتەوە، هەر بۆیە ئەگەر پێش لە سەرهەڵدانی هەر دیاردەیەکی زانستی، بتوانرێ فەرهەنگ یان فەرهەنگۆکی بۆ بنووسرێت، ئەوا ئەو کتێب گەلەی کە لەو بوارەدا ئەنووسرێن کەمترین کۆسپ و تەنگ و چەڵەمە ئاراستەی نووسەرەکانیان دەبێتەوە، بۆ نموونە لە بواری وێژە یان سیاسەتدا بە هەزاران کتێب و دەق و نووسراوە هەیە، بەڵام فەرهەنگی تایبەت بەو بوارگەلە کە رۆڵی دەروازەیەک بۆ چوونە نێو ئەو زانستانە ئەگێڕن دەگمەنە…”
یان لە درێژەدا ئەڵێت: “… ئەو لێکۆڵینەوەی لە بەر دەست دایە و ناوی فەرهەنگمان بە سەردا بڕیوە، کارێکی قورس و مایەگران و هەروەها دواتر جێگای لێپرسینەوەیە. بەر لەوەی دەست بدەمە نووسینی ئەو پەڕاوە هەستم بە هەراسێک ئەکرد کە دواتر یەخەم بگرێتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە ئەمزانی کارێکی گرانە و پرسیار و بابەتی نوێ بە شوێن خۆیدا دێنێ و دەبێ لاپەڕەی کتێبە زانستییەکان هەڵبدەمەوە و بە ناخی مێژوودا شۆڕ ببمەوە، دەستم دایه‌. ئەو کتێبە دەبوا چەندین ساڵ لەمە پێش بنووسرایە، فمینیستێک یان رێکخراوێکی ژنانە ئەو ئەرکەی لە ئەستۆ بگرتایە هەتا کارەکە زانستی تر بووایە. ئەگەر توێژینەوە بە شێوەی دەسەجەمی ئەنجام بدرێ ئەوا بەرهەمێکی باش لە کڵ دێتە دەر، بەڵام بەداخەوە هێشتا ئێمەی کورد فەرهەنگی ئیش کردن بە شێوازی کۆ لە ناوماندا پەرەی نەسەندووە. زۆر رێکخراوی ژنانە لە کوردوستان دا هەیە بەڵام هەتا ئێستا دەستیان نەداوەتە توێژینەوەی زانستی و بەربڵاو. ئه‌ڵبه‌ت ژنانی رۆشنبیر بە شێوەی تاک و سەربەخۆ بەرهەم و نووسینی باشیان خولقاندووە.
هەر ناوەند و رێخراو و NGO یەک کە دائەمەزرێت وەک چۆن سەرەتا ئەبێ پێرەو و پرۆگرامی کاری خۆی دیاری بکا، ئەوەندەش پێویستە وەک دەسپێک و یەکەم کار دەست بدەنە نووسینی فەرهەنگ یا فەرهەنگۆکێک لە بوار و پێشەی خۆیدا. ئێستا بە سەدان ئەنجومەن و رێکخراو لە گشت کوردوستان دا هەیە. ئەگەر هەر رێکخراوێک لە بوار و رێچکەی هزری خۆیدا دەست بداتە فەرهەنگێکی تایبەت، ئەوا هەم زمانەکەمان زانستی و ئیمڕۆیی ئەبێتەوە و هەم جەماوەریش ئاستی رۆشنبیری و زانستییان ئەچێتە سەرێ…”

 

سەرچاوە: KurdishBookHouse

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved