12/8/2020 11:41 PM

شەش جۆری توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

ژمارەیەك زانای بەریتانی لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاماژەیان بەوە كرد توانیویانە شەش جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان بكەن كە دەبێتە هۆی دەركەوتنی نیشانەی جیاواز لای ئەو كەسانەی توشی دەبن.

ئەو لێكۆڵینەوەیە لەلایەن زانكۆی كینگز كۆلیژ لە بەریتانیا ئەنجامدراوەو سوودمەند دەبێت بۆ پزیشكان و یارمەتیدەر دەبێت لە دیاریكردنی چارەسەری سەركەوتوو بۆ توشبووانی كۆرۆنا.

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیە كۆكەی بەردەوام و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن بە دیارترین نیشانەكانی توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دادەنرێت، بەڵام هەندێك توشبوو ئەو نیشانانەیان لەسەر دەرناكەوێت و پێدەچێت نیشانەی جیاوازیان تێدا دەربكەوێت، لەوانە سەرئێشەو ئازاری ماسولكەكان و سكچوون و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و لەدەستدانی توانای هەناسەدان بە شێوەیەكی سروشتی.

زانایانی بەریتانی ڕایانگەیاند یەكەم جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی ئەنفلۆنزایەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەگەڵ نیەو نیشانەكانی بریتیيە لە سەرئێشەو لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئازاری ماسولكەو هەوكردنی قوڕگ و بوونی ئازار لە سنگ.

جۆری دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەگەڵدایەو نیشانەكانی بریتيیە لە سەرئێشەو لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئارەزووی خواردن و كۆكەو هەوكردنی قوڕگ لەگەڵ گۆڕانكاری لە دەنگ.

جۆری سێیەم پەیوەندی هەیە بە كۆئەندامی هەرسەوەو نیشانەی وەك سەرئێشەو لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و نەمانی ئارەزووی خواردن و سكچوون و ئازاری سنگی لەگەڵ دەبێت و توشبوو كۆكەی نابێت.

زانایانی بەریتانی جۆری چوارەمیان بە قۆناغی مەترسیداری یەكەم داناوە نیشانەكانی بریتيیە لە سەرئێشەو لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئازاری سنگ و هەستكردن بە هیلاكی.

جۆری پێنجەم بە قۆناغی مەترسیداری دووەم دەستنیشان كراوەو نیشانەكانی بریتيیە لە سەرئێشەو لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و كۆكەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕانی دەنگ و هەوكردنی قوڕگ و ئازاری سنگ و هەستكردن بە هیلاكی و تێكچوون و ئازاری ماسولكە.

زانایانی بەریتانی جۆری شەشەمیان بە قۆناغی مەترسیداری سێیەم ناوبردووە كە بریتيیە لە كۆبونەوەی پشێوی لە كۆئەندامی هەناسەو هەرسكردن و نیشانەكانی بریتیيە لە سەرئێشەو لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئارەزووی خواردن و كۆكەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەوكردنی قوڕگ و ئازاری سنگ و هیلاكی و ئازاری ماسولكەو لاوازی هەناسەدان و سكچوون و ئازاری سك.

نیشانەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و هەندێك توشبوو بارودۆخی تەندروستیان تێكدەچێت و هەندێكیان گیانلەدەست دەدەن بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە.

زانایان رایانگەیاندووە تەنیا 1.5% توشبووانی جۆری یەكەم پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبووەو ئەو رێژەیە لای توشبووانی جۆری چوارەم لە 8.6% بووە، بەڵام توشبووانی جۆری شەشەم كە مەترسیدارترینە نیوەیان پێویستیان بە چاودێری هەبووە لە نەخۆشخانە.

خاك - ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved