13/8/2020 01:50 PM

ناساندنیBMWـی 454e xDrive

کۆمپانیای BMW بە مەبەستی ئاراستە کردنی ئۆتۆمبێلێک کە کەمترین زیانی بۆ ژینگە هەبێت، بەرهەمێکی دیکەی بە بنەماڵەی زنجیرەی 5ـی فەیس لیفتەوە زیاد کرد. ئەم بەرهەمە نوێیە بە کۆدی 454e xDrive دەناسرێ و هەم سووتەمەنییەکی کەمی دەوێت و هەم بزوێنەرێکی بەهێزیشی هەیە.
وزەخانەی ئەم ئۆتۆمبێلە بریتییە لە بزوێنەرێکی بەنزینی 6 سیلەندەر کە توانای بەرهەمهێنانی 286 ئەسپەهێز وزەی هەیە و بزوێنەرە کارەباییەکەشی دەتوانێ 109 ئەسپەهێز بەم وزەیەوە زیاد بکات و بەگشتی 394 ئەسپەهێز وزە و 600 نیۆتۆن‌مەتر زەبر دەخاتە بەردەستی بەکارهێنەری ئەم ئۆتۆمبێلەوە.
ئەم وزەیە لەلایەن کێسی گێڕێکی 8 دانەییەوە ئەگوازرێتەوە بۆ هەر چوار تایەکە و بەپێی گوتەی BMW ئەم ئۆتۆمبێلە دەتوانێ لە ماوەی 4.7 چرکەدا خێراییەکەی بگەیەنێتە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئەوپەڕی خێراییەکەی کە هەڵبەت بە شێوەی ئەلیکترۆنی سنووردار کراوە، 250 کیلۆمەترە لە کاتژمێترێکدا.
BMWـی 454e XDriave دەتوانێ بە بێ هەڵکردنی بزوێنەرە بەنزینییەکە و تەنها بە بەکارهێنانی بزوێنەرە کارەباییەکە 54 بۆ 57 کیلۆمەتر بپێوێت و ئەوپەڕی خێراییەکەشی بگەیەنێتە 140 کیلۆمەتر. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەم ئۆتۆمبێلەدا ئەوەیە کە بەپێی راگەیاندنی کۆمپانیای BMW، ئەم مۆدێلە بۆ هەر 100 کیلۆمەتر تەنها 2.1 بۆ 2.4 لیتر سووتەمەنی پێویستە!.
ئەم گەورە ئۆتۆمبێلسازە ئەڵمانییە هێشتا سەبارەت بە نرخ و کاتی هاتنە بازاڕی ئەم بەرهەمە نوێیە هیچ شتیکی نەگووتووە.

 

سەرچاوە: carscoops

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved