15/8/2020 03:07 PM

کتێبی "مەستوورەی ئەردەڵان"

لە کتێبەکەدا باس لە ژیان و بەرھەمەکانی ئەم خاتوونە ئەدیبە کوردەی سەدەی نۆزدەھەم کراوە و خاسیەتەکانی نووسینی مێژوو و شیعر و کتێبەکانی خراوەتە ڕوو. ھەر لەم کتێبەدا باس لە قەسیدەی (مەستوورە)ی نالی شاعیر و پەیوەندی ئەم دوو شاعیرە کراوە و چەند باسێکی باسنەکراوی پەیوەست بە مەستوورەی ئەردەڵانیەوە خراوەتە ڕوو. ھاوکات خوێنەر لەم کتێبەدا ئاشنای شیعرە فارسی و ھەورامی و سۆرانیەکانی مەستوورە دەبێت و بە توانا و بلیمەتی مەستوورە لە ئەدەبیاتدا ئاشنا دەبێت. مەستوورە یەکێکە لەم خاتوونە کوردە ئەدیبانەی لەسەردەمەکەی خۆیدا پێشەنگ و داھێنانکار بووە و ئەم کتێبە ھەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ناوی مەستوورەی ئەردەڵانی و لەپێناو ون نەبوونی توانای ژنانی کوردە لە ئەدەبیاتدا. کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان، لە نووسینی (بوخاری وشیار)ە و ناوەندی مەم و زین چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. بەو ھیوایەی ژنە کوردە ھەڵکەوتووەکانی سەدەکانی ڕابردوومان لەبیر نەکەین و بە زیندوویی لە مێژووی خۆماندا بیانھێڵینەوە و یادیان بکەینەوە.
(کتێبی مەستوورەی ئەردەڵان) لە نووسینی (بوخاری وشیار)ە و (وشیار عەلی) پێداچوونەوەی زمانەوانی و ڕێنووس و خاڵبەندی بۆ کردووە و (ئیبراهیم ساڵح) نەخشەسازی بەرگ و (سەنار سەمەد) نەخشەسازی ناوەوەی بۆ کردووە، ناوەندی مەم و زین لە هەولێر بە تیراژی (٥٠٠) دانە چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
لە کتێبەکەدا سەرەتا نووسەر ژیانی مەستوورە لە مناڵیەوە تا مردنی دەگێڕێتەوە و هاوکات لە ڕووداوەکان و ساڵەکانیش بەراوردکاری و لێکۆڵینەوەیەکی زۆر کراوە و دەرەنجامی نوێ بۆ ڕووداو و ساڵەکانی پەیوەند بە مەستوورە بەدەست گەیشتوون. دواتر نووسەر بەرەو قەسەسیدەی (مەستوورە)ی (نالی)مان دەبات و لەوە دەکۆڵێتەوە کە ئایە ئەم قەسیدەیە هی نالیە؟ وە ئایە مەستوورە لەم قەسیدەیەدا مەستوورەی ئەردەڵانیە؟ وە ئایە هیچ پەیوەندیەکی سۆزداری لەنێوان نالی و مەستوورەدا هەبووە؟ و وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندانی تر بە خوێنەر دەداتەوە، بە پشت بەستن بە پەراوێز و لێکدانەوە و سەرچاوەگەلێکی تۆکمە.
دوابەدوای ئەمانە نووسەر لەمەڕ کتێبە مێژووییەکەی مەستوورە (کتێبی مێژووی ئەردەڵان) چۆنییەتی مێژوو نووسی مەستوورەمان نیشان دەدات و جیاوازیەکانی مەستوورەی یەکەمین مێژوو نووسی ژن لە کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد بە مێژوونووسە پیاوەکان، کە بەر لە ئەو مێژووی ئەردەڵانیان نووسیوەتەوە وەک (شەرەفخان و مەئمون بەگ و مەلا محەمەدی شەریف و خسرەو بەگی ئەردەڵانی و ..). دواتر نووسەر دێتە سەر شیعر نووسی مەستوورە و وەک دامەزرێنەری شیوەنە شیعری کوردی ئەژماری دەکات و باس لە ڕوخسار و ناوەڕۆک و خاسیەتەکانی شیعری مەستوورە دەکات و هاوکات شیعرە فارسی و سۆرانی و هەورامیەکانی مەستوورەمان بۆ دەخاتە ڕوو لەگەڵ کۆمەڵێک دەستخەت و دەستنووسی شیعرەکانی مەستوورە کە لە کتێبخانەیەکی بەرلین دۆزراونەتەوە. وەهەروەها نووسەر توانای مەستوورەمان بۆ دەخاتەڕوو لە بابەتە ئایینیەکان و ئاماژە بەو کەس و کتێبانە دەدات کەوا مەستوورە لە نووسینی کتێبی (شرعیات) سوودی لێ بینیون. ڕۆڵی مەستوورە لە کۆمەڵگای ئەوکاتەی میرنشینی ئەردەڵانەوە بەرز دەنرخێنێت. دواتر نووسەر وتارێکی پیرەمێردی شاعیرمان نیشان دەدات کە لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاو کراوەتەوە لەگەڵ ١٠ پارچە شیعری فارسی مەستوورە کە پیرەمێرد وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە بەشی (شێواندنی مێژووی کورد) نووسەر بەڵگە نامەیەکی زەمەنی (محمەمەد شای پەهلەوی) دەخاتە ڕوو، کە وەزارەتی فەرهەنگ سێ نووسەری دیاری ئەو سەردەمە ڕادەسپێرێت بۆ نووسینی کتێب دەربارەی ئەوەی کوردەکان بەشێکی دانەبڕاوی فارسن، کە یەکێک لەم نووسەرانە (محه‌مه‌د مه‌ردۆخە) کە میژووی کوردستانی نووسیوەتەوە و لەبابەت مێژووی ئەردەڵاندا بەئەنقەست مێژووەکەی بە هەڵە نووسیوە و مامۆستا هەژاریش ئاماژەی بەو هەڵانە کردووە، لە وەرگێڕانی کتێبە مێژووییەکەی مەستوورە و بەراوردکردنی بە مێژووەکەی مەردۆخ.
نووسەر (بوخاری وشیار) ماوەی دووساڵ خەیکی لێکۆڵینەوە نووسینی ئەم کتێبە بووە و نزیک بە ٥٠ سەرچاوە لەم کتێبەدا بەکارهاتوون و لە بەشی پەراوێزی ئەم کتێبەدا، نووسەر لێکۆڵینەوەیەکی چڕ و پڕی لە ڕووداو و ساڵەکانی پەیوەست بە مەستوورەوە کردووە و ئاماژەشی بە هەڵە مێژووییەکانی مێژوونووسان و سەرچاوەکانی پێش خۆی داوە و چەند دەرئەنجامێکی نوێی خستووەتە ڕوو کە دەکرێت ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بەم پرسە بگۆڕێت .

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved