16/8/2020 12:49 PM

فرێسکۆ چییە؟

شێوەکاریی فرێسکۆ(Fresque, Fresco) یان شێوەکاری لەسەر دیوار، جۆرێک لە شێوەکارییە کە لەسەر دیواری بە گەچی تەڕ یان نیوە تەڕ داپۆشراو ئەنجام دەدەرێت. ئەم تەکنیکە زیاتر هی سەردەمی رێنێسانس و پێش ئەوە. رەنگ لە شێوەکاریی فرێسکۆدا لە تێکەڵاوکردنی تۆزی رەنگ و ئاوی پاک بەرهەم دێت کە لەگەڵ گەچی دیوارەکە وشک دەبێتەوە و دەبێت بە بەشێکی هەمیشەیی لە دیوارەکە. شێوەکاریی فرێسکۆ بۆ نەخشاندنی دیوار زۆر باشە، چونکە لەگەڵ ستایلی حیماسی و شکۆدار زۆر دەگونجێ و لە باری زەمەنییەوە زۆر ئەمێنێتەوە. فرێسکۆ وشەیەکی ئیتاڵییە واتە "نوێ، تازە".
شوێنی سەرهەڵدانی فرێسکۆ ناڕوونە، بەڵام ئەم تەکنیکە لە سەردەمی زێو و لە دورگەی "کرێت" و لە سەردەمە کۆنەکاندا لە شارستانیەتی رۆما و "پۆمپی" بەکار دەهات. ئیتاڵیای سەردەمی رێنێساس زۆر بە باشی ئەم جۆرە شێوەکارییەیان وەرگرت و ئەم ستایلە لە کارەکانی "چیمابۆئە، جۆتۆ، مازاچۆ، فرانجلیکۆ" و شێوەکارانی کۆتاییەکانی سەدەی سێزدە تا ناوەڕاستەکانی سەدەی شانزەهەم، دەبیندرێن.
شێوەکارییەکانی "میکل ئانژ" لە کڵێسەی سیستین(واتە گرنگترین بەرهەمەکەی، ئافراندنی ئادەم)، شێوەکارییەکانی رافائێل لە ڤاتیکان و "دوایین شێو"ـی داڤنشی لە پەرستگەی "سانتا ماریا دلێ گرتزیە"، لەو کارە بەناوبانگانەن کە لەسەر ئەم شێوازە بەرهەم هاتوون. هەڵبەت داڤنشی شێوەکارییەکەی خۆی لەسەر دیواری بە گەچی وشک داپۆشراو کێشایەوە.
تەکنیکی شێوەکاری فرێسکۆ بەم شێوەیە ئەنجام دەدرێت: سەرەتا سێ توێژ لە گەچ، لم و تۆزی بەردی مەڕمەڕ بەسەر دیوارەکەدا دەهێنن. رادەوەستن تا ئەو دوو توێژەی یەکەم بەتەواوی وشک بێتەوە. لەم نێوەندەدا هونەرمەندی شێوەکار پلانی سەرەکی خۆی لەسەر دیوارەکە ئەکێشێتەوە و لە قۆناغێکی دیکەدا دەستت دەکەن بە کێشانەوەی وردەکارییەکان. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە شێوەکاران تەنها چەند کاتژمێرێکیان کات هەیە بۆ ئەوەی پلانەکەی خۆیان لەسەر دیوارەکە بکێشنەوە، چونکە دواتر گەچەکە وشک ئەبێتەوە. بەم دەورە کاتییە گرنگە دەڵێن "کاتی بەسوود/ Gonrnate".

 

سەرچاوە: Britannica

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved