17/8/2020 01:20 PM

دۆخی ئاڵۆزی یانەی بەرشەلۆنە

کاردانەوەکانی دۆڕانی یانەی بارسێلۆنا، بەرامبەر بایرن میونشن و کرانە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگدا هێشتا لە یانەکەدا گەرمن و ئەمڕۆ یانەکە بڕیار لە داهاتووی خۆی دەدات.
کاتژمێر 14:00 بەکاتی باشووری کوردستان یانەی بەرشەلۆنە بە سەرۆکایەتی جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەبارەی ئەو بارودۆخە دەکات کە پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەم پرسانەوە بکەن.
میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، ئێستا بارتۆمیۆ بەتەواوی متمانەی لەدەستداوە، لە ماوەی 6 ساڵی کارکردنیدا وەک سەرۆکی یانەکە ملیارێک و 177 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە، بەبێ ئەوەی یانەکە دەستکەوتی زۆر بباتەوە، بۆیە ئەگەری ئەوەی هەیە دەست لەکار بکێشێتەوە هەروەها لەوانەیە ئێریک ئەبیدالی سکرتێری هونەری یانەکەش لە پۆستەکەی دوو بخرێتەوە.
درەنگانی شەوی یەکشەممە، چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی بڵاویانکردەوە، کە سەرۆکی یانەکە لەگەڵ ئێریک ئەبیدال، کۆبووەتەوە و بڕیاری دوورخستنەوەی کیکێ سیتێن، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە دراوە، ئەمڕۆش بەفەرمی ئەو بڕیارە رادەگەیێندرێت.
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانە کەتەلۆنییەکە باشترین و نزیکترین بژاردەی بەردەم یانەکە، رۆناڵد کۆیمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندایە، لەکاتێکدا پێشتر ئەو راهێنەرە وەرگرتنی راهێنەرایەتیی بارسای رەتکردبووە، دوای ئەویش ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری پێشووی یانەی تۆتێنهام بژاردەی دووەم و گارسیا پیمیێنتای راهێنەری تیپی دووەمی بەرشەلۆنەش بژاردەی سێیەمە، کە هەندێک سەرچاوە پێشبینی بۆ ئەوە دەکەن، گارسیا بکرێتە راهێنەر و پێیان وایە ئەو کەسێکی گونجاوە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.پرسی لە هەمووان گرنگتر لە یانەکەداچارەنووسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یەکەم و کاپتنی یانەکەیە، کە شەوی یەکشەممە، هەواڵی ئەگەری رۆیشتنی ئەو یاریزانە بە هەموو جیهاندا بڵاوبووە و راگەیێندرا کە مێسی بە بەرشەلۆنەی گوتووە، تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی چاوەڕوان نابێت و لەم هاوینەدا دەیەوێت لە یانەکە بڕوات، بەڵام هەر زوو میدیای ئیسپانی و بەرشەلۆنە ئەم هەواڵەیان رەتکردووە وگوتیان هیچ پەیوەندییەک لە مێسییەوە بۆ یانەکە نەهاتووە و کەسیش باسی رۆیشتنی یاریزانەکەی نەکردووە.
رۆژنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مێسی چاوەڕێی دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە یانەکە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کارگێریی یانەکەی دەکات، بەتایبەت کە بارتۆمیۆ دەیەوێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە یانەکەدا بکات و لە هەموو ئاستەکاندا خوێنی نوێ بهێنێتە نێو یانەکەدا.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved