18/8/2020 02:46 PM

ڤاکسینە گرانەکەی چین

یەکێک لەو ڤاکیسنە دژەکۆرۆنایانەی کە لەلایەن کۆمپانیای "سینۆفارم"ـی چینییەوە پەرەی پێدراوە، نرخەکەی نزیکەی 144 دۆلارە کە بەنیسبەت نرخی ڤاکسینی دژەکۆرۆنای کۆمپانیاکانی دیکە گرانترە. سینۆفارم گوتوویەتی کە ئەم ڤاکسینە تا کۆتاییەکانی ئەمساڵ ئامادە دەبێت. ئەم ڤاکسینە دوایین قۆناغی تاقیکاری لە وڵاتی ئیمارات تێپەڕ کردووە بۆ ئەوەی بتوانێ مۆڵەتی فەرمی لە رێکخراوە تەندروستییەکان وەربگرێت.
زۆرینەی وڵاتانی جیهان لە هەوڵ دان بۆ دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا و ئێستا زیاتر لە 200 وڵات ئەم پرۆژەیەیان دەست پێکردووە کە 20 نموونەیان لە قۆناغی تاقیکاریی کۆتاییدان. بەڵام ئەو نرخەی سینۆفارم رایگەیاندووە زۆر زیاتر لەو ڤاکسینانەی کە لە ئەمریکا و ئەوروپا دروست کراون. بۆ نموونە لەو ماوانەی پێشوودا باس لەوە کرا کە نرخی ڤاکسینەکەی ئاکسفۆرد 14 دۆلارە! کۆمپانیای "مۆدێرنا" لە سەرەتاکانی مانگی پێشوودا گوتی نرخی ڤاکسینەکەیان لەنێوان 32 بۆ 37 دۆلار دەبێت. هەروەها ئەمریکا گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای "فایرز" بەستووە کە بە 40 دۆلار 50 ملیۆن ڤاکسینی بۆ بەرهەم بهێنێت.
ئەو ئەگەرەش هەیە کە حکومەتی چین ئەم ڤاکسینە بە بەلاش بەسەر هاووڵاتیانی خۆیدا دابەش بکات. کارگەکانی کۆمپانیای سینۆفارم دەتوانن هەموو ساڵێک نزیکەی 2 ملیۆن دانە لەم ڤاکسینە بەرهەم بهێنن.

 

سەرچاوە: reuters

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved