19/8/2020 01:54 PM

میسی کۆڵەکەی سەرەکییە

بارتۆمیۆ لە هەڤپپەیڤینێکدا سەرەتا باسی مانەوەی لیۆنێل میسی لە یانەکەی کرد، کە بەمدواییە دەنگۆی رۆیشتنی لە بارسا بەشێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەتەوە، ئەو گوتی "لیۆنێل میسی چەندینجار گوتوویەتی دەمەوێت لە بارسێلۆنا کۆتایی بە کاروانی یاریکردنم بێنم، ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە رۆناڵد کۆیمانی راهێنەر لە کاتی گفتوگۆکانی نێوانماندا لە چەند رۆژی رابردوودا پێیگوتووم میسی بەردی بناخەی تیپەکەم دەبێت".
سەرۆکی بارسا هەروەها لەبارەی میسییەوە گوتیشی "میسی بۆ هەمیشە لە بارسێلۆنا دەمێنێتەوە".
کاتێکیش قسە هاتە سەر رۆناڵد کۆیمانی راهێنەری نوێی بارسێلۆنا، بارتۆمیۆ گوتی "ئەگەر کارەکان بەباشی بەڕێوەچوون راهێنەری نوێمان لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە کارکردن دەکات". 
هەروەها بارتۆمیۆ لە بەردەوامی قسەکانیدا سەبارەت بە کۆیمان گوتی "رۆناڵد کۆیمان دەتوانێت روویەکی دیکەی جیاواز بە تیپەکەمان بداتەوە، ئەو راهێنەرێکی ناسراوە بۆ یانەکەمان و جەماوەرەکەمان، نەک لەبەرئەوەی رۆژانێک یاریزانی بارسێلۆنا بووە، بەڵکو ئێمە بەدواداچوونیشمان بۆ کاروانی راهێنەرایەتی ئەو کردووە، لێکۆلینەوەمان لە فەلسەفەی مەشقی و شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتەکانیشی کردووە".
سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی ئێریک ئەبیدالیش، سەرۆکی بارسا گوتی "لە راستیدا ئەو داوایکرد بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری کەسییەوە دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەوە بڕیاری خۆی بوو دەبووایە قبوڵی بکەین، سوپاسی دەکەین کە بەشداری باشی هەبوو لە یانەکەماندا".
لەم هەڤپەیڤینەدا، بارتۆمیۆ راشکاوانە باسی لەوەکرد کە بڕیاریانداوە تیپێکی نوێ دروستبکەن و لەو پێناوەدا کۆمەڵێک یاریزان بفرۆشن، کە هەندێکیان یاریزانی ناسراوی یانەکەن و چەندین نازناویان بۆ بارسا بردووەتەوە، ئەو گوتی "هەندێک لە یاریزانەکانمان زۆر خزمەتیان کردووە و چەندین نازناویان بۆ یانەکەمان بەدەستهێناوە، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە بە جوانترین شێوە لە بارسێلۆنا بڕۆن."

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved