23/8/2020 11:19 AM

چارەنووسی چامپیۆنزلیگ

دوای 11 مانگ، درێژترین ڤێرژنی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەگاتە کۆتایی و پاڵەوانەکەی دەردەکەوێ، یان ئەوەتا بایرن میونشنی ئەڵمانی دەیکات بە شەش نازناو، یانیش پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوەکە دەباتەوە.
چاوی وەرزشوانان و خۆشەویستانی تۆپی پێ تێکڕا دەچێتە سەر لیشبۆنای پایتەختی پۆرتوگال، بۆ بینینی چێژی راستەقینەی تۆپی پێ کە لە نێوان گەورەترین نوێنەری ئەڵمانیا و گەورەترین نوێنەری فەرەنسا دەکرێت.
دوای ئەوەی دوو رووبەڕووبوونەوەی فرانکۆ جێرمانمان لە قۆناخی پێشکۆتایی بینی، یەکێكیان فەرەنسییەکان و ئەوەی دیکەش ئەڵمانییەکان براوەبوو، ئەمجارە هەم بۆ یەکلاکردەنەوەی نازناوەکە و هەم بۆ دووپاتکردنەوەی باڵادەستیی لایەکیان بەسەر وەرزی ئەمساڵی خولەکە، یاری بایرن و پاریس دەکرێت.
کوڕانی تۆماس تۆخێل کە باشترین ئەنجامیان لە مێژووی خولەکە گەیشتنە بەم قۆناخە، ئێستا دەیانەوێ خەونەکە بکەنە راستی و نازناوەکە ببەنەوە بۆ شانزێلیزێ و لەوێ لەگەڵ هاندەرانیان ئاهەنگی بردنەوەی جامە دوو گوێیەکە بگێڕن.
پاریسییەکان بە خاوەنداریێتی ناسر خڵێفیی قەتەری، دوای خەرجکردنی زیاتر لە ملیارێک یۆرۆ و هێنان و لابردنی چەندین راهێنەر و یاریزان، ئێستا لە هەموو کاتێک لە ئامانجەکەیان نزیکترن، ئەویش بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگە کە هەموو قوربانییەکیان بۆیداوە.
هێڵی پێشەوەی پاریس کە مەترسیدارترین و گرانترینی جیهانن، نزیکەی 400 ملیۆن یۆرۆ تەنیا لە گواستنەوەی نەیمار و ئێمباپێدا خەرجکراوە، ئەوان لە یارییەکانی رابردوودا هەمووانیان تۆقاند، بێگومان بیرکردنەوە لە راگرتنی ئەم دوو گەوهەرە هانز فلیکی راهێنەری تووشی سەرئێشە کردووە.
پاریس لە قۆناخی کۆمەڵەکان بە پلەی یەکەم سەرکەوت، دواتر دۆرتموندی ئەڵمانی دەرکرد، ئینجا ئاتالانتای ئیتالی ناردەوە و لە پێشکۆتاییش سەرکێشییەکانی لایپزیگی ئەڵمانی کۆتاییپێهێنا، کەواتە لەم وەرزەدا زۆر شارەزایی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەڵمانەکان پەیداکردووە.
ئەو تیپەی کە لە ریزبەندی حەوتەمی یۆفادایە، بۆ ئەم یارییە بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە توانای کەیلۆر ناڤاسی گۆڵپارێز و ئیدریسا گانا گێی و کورزاوەی چەپ بەرگری بێبەش دەبێت، بەڵام ڤێراتی کە لە یاریی رابردوو بەشداری لە نیوەی دووەمداکرد، بە تەواوی ئامادەیە، پێشبینیش دەکرێ لە هێڵی پێشەوە پشت بە تواناکانی دیماریا، نەیمار و ئێمباپێ ببەستێ و ئیکاردی و چوپۆ مۆتینگ لەسەر کورسی یەدەگبن.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved