27/8/2020 04:15 PM

دیدار لەگەڵ مردووان

هەموو ساڵێک لە مانگی ٨ـدا خەڵکی ناوچەی تۆرانجای ئەندۆنیسیا دەڕۆن بۆ لای مردووەکانیان و دیداریان لەگەڵ دەکەن. لەم رێوڕەسمەدا هەر کەس تەرمی کەسوکارەکەی خۆی کە مۆمیایی کراوە لە گۆڕ دێنێتە دەر، پاکی دەکاتەوە و جلی لەبەر دەکات. خەڵکی تۆرانجا لەگەڵ مردووەکانیان قسە دەکەن و تەنانەت جگەرەشیان بۆ دادەگیرسێنن. 
رێوڕەسمی مردووان لە تۆرانجا بە گەورەترین جەژنی رێزلێنان لە ژیان دێتە ئەژمار، چونکە لەلایەن کەسانێکەوە بەڕێوە دەچێت کە باوەڕیان وایه پەیوەندییەکی زۆر لەنێوان ژیان و مەرگدا هەیە. ئەم نەریتە لە حاڵێکدا لە ناو خەڵکی تۆرانجادا پێک هات کە ئەوان کەمینەیەکی پرۆتیستانن لە وڵاتێکدا کە زۆرینەیان موسوڵمانن. 
خەڵکی تۆرانجا کاتێک کەسێکیان دەمرێت تەرمەکەی مۆمیایی دەکەن و تەنانەت بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ماڵی خۆیان یان لە بینایەک کە تایبەتە بە مردووان ئاگاداری لێ دەکەن. بنەماڵەکان لەو ماوەیەدا کە خۆیان بۆ بەرێوەبردنی رێوڕەسمی کفن و دفن و ناشتنی مردووەکە ئامادە دەکەن و پارەی بۆ کۆ دەکەنەوە، جۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن وەک ئەوەی کەسە مردووەکە زیندوو بێت.
خەڵکی تۆرانجا مەرگیان پێ گرنگترین لایەنی ژیانە و زۆر جار بۆ دابین کردنی خەرجیی ناشتن و شتی لەم چەشنە تووشی قەرزێکی زۆر دەبن. ئەم دیدارە ساڵانەیە بە ئەندازەی رێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی کەسێک کە دەمرێت تێچووی بۆ ئەم خەڵکە هەیە. بنەماڵەکان پاش ئەوەی بە دیداری مردووەکانیان شاد بوونەوە، جلوبەرگیان لێ گۆڕین و تابووتەکانیان پاک کردەوە، کۆمەڵێک خەڵات دەخەنە ناو تابووتەکانیانەوە و هەمیسان تەرمەکان دەنێژنەوە. 

سەرچاوە: dailymail

خاک - پشکۆ کامەران





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved