27/8/2020 04:41 PM

کۆبوونەوەی دوو ئەستێرەکە

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیتالیا ئاماژەیان بەوەکرد کە یانەی یوڤێتنوسی ئیتالی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی مێسی بە پاڵپشتی سپۆنسەری سەرەکیی یانەکە دەستپێکردووە.
مێسی شەوی رابردوو لە رێگەی فاکسێکەوە یانەی بارسێلۆنا لەوە ئاگادارکردەوە کە دەیەوێ یانەکە جێبهێڵێت، ئەمەش میدیاکانی جیهانی بەتەواوی سەرقاڵکردووە و هەریەکە و بابەتێک لەسەر ئەو مەسەلەیە باس دەکات.
رۆژنامەکانی ئیتالیا راپۆرتێکیان لەسەر یانەی داهاتووی مێسی ئاشکراکردووە و دەڵێن: خەزێنەکەی یانەی یوڤێتنوسی ئیتالی بەرگەی کڕین و گواستنەوەی مێسی ناگرێت، چونکە ئەو یاریزانە مووچەیەکی زەبەلاحی هەیە و بە زۆر یانە هەڵناسووڕێت.
بەڵام رۆژنامەیەکی شاری تۆرینۆ ئاماژەی بەوەکردووە کە کۆمپانیای ئەدیداسی ئەڵمانی ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی یارمەتیی یانەی یوڤێنتوس بدات تاوەکو مێسی بگوازنەوە، ئەو کۆمپانیایە سپۆنسەری سەرەکیی درێسەکانی یوڤێنتوسە.
ئامانجی کۆمپانیای ئەدیداس کۆکردنەوەی رۆناڵدۆ و مێسییە لە یەک یانەدا، کە ئەمەش وادەکات فرۆشی درێسەکانی یوڤێتنوس ژمارەی پێوانەیی تۆماربکات و هەموو جیهان چاوی لەسەر ئەو یانەیەبێت، رووداوە مەحاڵەکە بکەنە راستی و لە کۆتاییدا دوو رکابەرە مێژووییەکە لەپاڵ یەکدیدا یاریبکەن.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved