30/8/2020 04:47 PM

لەناوبردنی گرژبوونی ماسولکەکان

ئەوەی ڕونە ھەمو پزیشکێکی پسپۆڕی ئازارشکێن لەدوای ھەر چارەسەرێک کە بۆ چارەخوازەکانی دەکات، داوای ئەوەیان لێدەکات کە پاش ھەفتەیەک یان دەڕۆژ و کەمبونەوەی ئازارەکە دەست بکەن بە وەرزش، زۆربەی جار چارەخوازەکان لەترسی ئەو ئازارەی لە ماسولکەکانیاندا بۆیان دروست دەبێت وەرزشەکان فەرامۆش دەکەن. 
لە هەندێک حاڵەتدا کە یەکێک بۆ یەکەمجار دەستدەکات بە وەرزش یاخود لەدوای وەرزش ومەلەکردنێکی زۆر و ماندوکەر، ئازار و گرژبونێکی زۆر لەماسولکەکانیدا رودەدات، کەھەندێکجار راستەوخۆ نیە و لەوانەیە لەدوای 24-72 کاتژمێر لە وەرزشکردنەوە روبدات، کەئەمەش زۆربەی جار لەئەنجامی تێکشکاندنی ریشاڵی ماسولکەکان ئەم ئازارە رودەدات، دکتۆر هەڤین کەمال شاه محەمەد باشترین رێگەکانی بڵاوکردەوەتەوە کە دەتوانیت لە کاتی دروستبونی ئەو ئازارە بیگریتەبەر.

*ھەوڵ بدە "پرۆتین" بەڕێژەیەکی زیاتر بخۆ بۆ زوچاکبونەوەی ئەو ماسولکانەی ئازاریان پێگەشتوە، پرۆتینیش دیارە بەڕێژەیەکی زۆر لە گۆشتی سور و مریشک و پاقڵەمەنی و شیرەمەنیەکاندا ھەیە.

*ئاو بەڕێژەیەکی زیاتر بخۆرەوە بۆ رێگری لەوشکبونەوەی ماسولکەکان، ھەروەھا ئەو پاشەڕۆیانەی لەماسولکەکاندا کۆدەبنەوە زوتر پاکدەکرێنەوە و دەکرێتە دەرەوەی جەستە.

*شەربەتی گێلاس یاخود گێلاس بەڕێژەیەکی زۆر بخۆرەوە کەدژە ھەوکردن و دژە ئۆکسیدی تیادایە. 

*دەتوانیت مۆز یاخود کێوی بخۆیت، کەڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێومیان تیادایە و گرژی ماسولکەکان ناھێڵن.

*کافایین، ھەندێک لەتوێژینەوەکان سەلماندویانە ئەو کەسانەی کافایین و کاربۆھیدرات دوای وەرزش وەردەگرن ماددەی "گلایکۆجین" کەسوتەمەنی ماسولکەکانە، تا 4 کاتژمێر زیاتر دەبێت لەماسولکەکاندا و یارمەتی دروستبونی ماسولکە دەدات، دەتوانیت چایەکی رەش یان قاوەیەک بخۆیت پێش وەرزش.

*خۆشوشتن بە خوێی ئینگلیزی، ئەمیش جۆرە خوێیەکە کەزبر و گەورەیە دەتوانیت بیکەیتە ئاوی شلەتێن و خۆتی پێبشۆیت.

*ئەو میوانە بخۆ کەڤیتامین C تیادایە، ناھێڵێت توشی گرژی ماسولکە بیت وەکو مزرەمەنی و بیبەری سور.

*خەوتن و پشودان، بینراوە خەوتن لە دوای دو کاتژمێر لە وەرزشکردن ڕێژەی ھۆرمۆنی گەشە زیاددەکات لە لەشدا و یارمەتی چاکبونەوەی گرژی ماسولکەکان دەدات.

*بەستن بە باندج و یاخود سپلینتی تایبەت بۆ زوچاکبوونەوەی ماسولکەکان، ھەروەھا مەساج کردن بۆ ئەو ماسولکانەی ئازاریان ھەیە، دەشتوانیت پێش وەرزشکردن ئەو کرێمانە بەکاربھێنرێت کە ماددەی مینتۆڵیان تیادایە بۆ رێگری لەگرژبونی ماسولکەکان.

*ئەگەر ئازاری بەردەوام و گرژبونت ھەبو دەتوانیت وەرزشەکەت بگۆڕیت بۆ دوسێ ڕۆژ و پاشان دەستبکەیتەوە بەوەرزشە ڕۆتینەکەی خۆت، یاخود وەرزشی کاردیۆ و سترێچینگ بکەیت تا ماسولکەکانت بەتەواوی چاک دەبیتەوە.

سەرچاوە: healthxchange

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved