31/8/2020 05:33 PM

شی کردنەوەی ڕۆمانی گابۆڕ بە خوێندنەوەی تیۆری گێڕانەوەناسی رۆلان بارت

سامان ئەمجەدی (ماستەری فەلسەفەی هونەر)

لە سەرەکی ترین لایەنگەلی جیاوازی ئەدەبیاتی مۆدێڕن لەگەڵ نەریتی ڕۆمان نووسینی پێشوو، تاقی کردنەوەی ئەزموونگەلی نوێ لە شێوەی گێڕانەوەدایە و لە ئەم ڕوانگەوە بە ململانێ لەگەڵ خوێنەر، وەکوو بەردەنگی دەق وردبینی و چالاکییەکی زۆر ڕەچاو دەکرێت.
ڕۆلان بارت بە سەرنج دانەوە بەم تایبەتمەندییە نێوی “دەقی نووسینەوەیی” دەنێتە سەر ئەم چەشنە گێڕانەوە لە بەرانبەر “دەقی خوێندنەوەیی”. مەبەستی ئەو تاقمە دەقانەیە کە هەر ڕوانگە و وریاییەکی نوێ وەگەڕ دەخەن بۆ نووسین و پەیڤین. خوێندنەوەیان سانا نیە، شرۆڤە و ڕاڤەیان دەوێ. لەگەڵ سیستەمگەلێک کە هەن ڕکابەری دەکەن.
ڕۆمانی گابۆڕ بەرهەمی سەیدقادر هیدایەتی کە بە لێشاویەتی و ئاڵوگۆڕ لە گێڕانەوەی هەر بگێڕەوێک، وەکوو ئەزموونێکی نوێی و دەسپێکێک لە گێڕاندنەوەدایە کە دەکرێ بە دڵنیاییەوە، بە دەقێکی نووسینەوەیی ناوزەدی بکەین.
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ توێژینەوەی ڕۆمانی گابۆڕ بە خوێندنەوەی تیۆری بارت کە بە تایبەت لە کتێبی ئیس/زێددا  ورووژاندوویەتی.
سەرەکی ترین جیاوازی ڕۆمان لەگەڵ چیرۆک و تەنانەت یەکێک لە گرینگترین جیاوازیەکانی ڕۆمانەکان پێکەوە، ئەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی لە گێڕانەوە. ڕۆمان لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی تا ئەمڕۆ چەشنی زۆری بە خۆ بینیوە و لێرەدا گابۆڕ تێدەکۆشێ چەشنێکی دیکە و جیاواز لە گێڕانەوەمان پیشان بدات.گرینگ ترین تایبەتمەندی ئەم ڕۆمانە لە سەرەتا گێڕانەوەکەیەتی و ئینجا ناوەڕۆکەکەی.
 گابۆڕ. ناوی ئەم ڕۆمانە لەسەرەتا سێ کۆد لە خۆ دەگرێ، یانی کۆدی ڕاڤە، کۆدی هێمایین و کۆدی واتایی؛ گابۆڕ چیە و بە چ مانایەکە؟ مەتەڵی یەکەم هەر لە ئەم سەرەتاوە خراوەتە بەردەممان و دواتر لە دووتوێیی یەکێک لە دوو چیرۆکی ئەم ڕۆمانە، ئەم مەتەڵمان بۆ دەکرێتەوە کە ئاماژەیە بە بۆڕاندن و لووراندنی مانگا و گا و گوێلکەکان لە کاتی سەربڕینی هاوچەشنەکانیان لە کوشتارگا کە #کەریم بگێڕەویەتی.
بەڵام هەر ئەم نێوە مەتەڵێکی دووهەمیش ساز دەکا کە پێوەندی بە بەشی سەرەکی ڕۆمانەکەوە چیە؟ گابۆڕ هێمایە و بەم چەشنە لەگەڵ بەشی یەکەمی ڕۆماندا پێوەندی پێکدێنێ (کۆدی هێمایین).
مانگاکان کە دەست دەکەن بە گابۆڕ، لە ترسان و ڕق و تووڕە بوون لەهەمبەر کوشتنە. لە دیتنی خوێن و سەلاخی هاوچەشنێکە و پەی بردن بە ئاکامێکی هاوشێوە بۆ خوە. هەر وەها گابۆڕ، کە لە دوو وشەی گا کۆ لەگەڵ بۆڕ پێکهاتووە، کردارێکی تایبەت بە مانگایانە، بەڵام وێڕای ئەوەش هەم لە ڕۆمانەکەدا هەم لە چاندی زارەکی خەڵکی دا بۆ مرۆڤیش بەکار دێ کە بە توانجەوە دەردەبڕێ. لێرەدا و وێڕای ئەم نێوە، ئێمە کۆدی واتاییمان بۆ دەردەخرێ کە هەم ڕاستەوخۆ ئاماژە بە بۆڕاندنی مانگا و گوێلکەکان دەکا و هەم بە وێڕاییش ئاماژەیە بۆ دەربڕینی کردارێکی مرۆڤ. مرۆڤێک کە لە حاند #زوڵم و #چەوسانەوە و کوشتن دەنگی هەڵهێناوە.
 تەنیا شتێکمان کەم بوو, ئەویش تۆپ بوو. لێرەدا کۆدێک زەق ئەبێتەوە و هاوکات وەڵامیش دەدرێتەوە. بگێڕەوە بە ئەگەرییەکی زۆر منداڵە، چونکە هەستەکەی و دونیاکەی زۆر چکۆلەیە. کەم بوونی تۆپ تەنیا بۆ منداڵێک دەتوانێ کێشەیەکی گەورە بێ. (کۆدی واتایی/ دەنگی کەس). بەڵام تۆپ چیە؟ بۆچی بگێڕەوی ئەم ڕستانە تۆپی نیە؟ مەبەست لە تۆپ هەر تۆپێکی ساکارە یان هێمایە بۆ شتێکی دیکە؟ (کۆدی ڕاڤە).
ئەم تۆپە لە ڕەوتی گێڕانەوەکەدا ئەبێتە کێشەیەکی گەورە و ڕوون کەرەوەی هەندێ زانیاری بۆ ئێمە و بۆ کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکەن.
لەسەرەتا تۆپە، کە کەمە، دواتر کە بە هۆی تۆپ لەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەری پازگا ڕووبەڕوو ئەبنەوە و تۆپەکەیان لێ زەوت ئەکەن، ئەبینن کە زۆر شتی دیکەیان کەمە. #ئازادی، #کەرامەت و #ماف و هتد کە بە هۆی تۆپەوە پەی بە نەبوونیان دەبەن.(کۆدی هێمایین و کۆدی واتایی).
 هیچ گەڕەکێک حازر نەبوو مسابەقەیان لەگەڵدا بدا؛ چونکە تۆپ بەرچاوترین نیشانەی تیم بوو. هەبوونی تیم بە بێ تۆپ، لەلایەن هیچ تیمێکی دیکەوە کە خاوەنی تۆپە فەرمی نیە و تیم ناکاتە تیم. بەڵام وێڕای ئەم مانا بەرچاوە، مانایەکی دیکەش بەدی دەکرێت. بۆ گەیشتن بە تۆپ و پاراستنی ئەو دەسکەوتە، یەک شتی گرینگ پێویستە، ئەویش یەکبوونە. ملدان بە ڕیساکانی ئەم یەکیەتیەیە. گەر بتەوێ تیمت هەبێ دەبێ تۆپت هەبێ، تۆپیشت هەبێ ئەگەر یەک ڕیز نەبی، تیمت لێ هەڵدەوەشێتەوە(کۆدی هێمایین و کۆدی واتایی).

 

سەرچاوە: ماڵی کتێبی کوردی

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved