5/9/2020 06:41 PM

کاڤێرز هەڕەشە دەکات

کای هاڤێرتز، یاریزانی نوێی یانەی چێڵسی ئینگلیزی پەیامێکی هەڕەشەئامێزی بۆ یانەی لیڤەرپوولی پاڵەوانی پرێمەرلیگ نارد و رایگەیاند "هاتووم نازناوی پرێمەرلیگ لە لیڤەرپوول وەربگرینەوە".
یاریزانی ئەڵمانیی تەمەن 21 ساڵان، کە بەهای گرێبەستەکەی دەگاتە 89 ملیۆن پاوەند، یەکێک بوو لە باشترین یاریزانانی وەرزی رابردووی بوندێسلیگا، کە یاری بۆ یانەی بایرلیڤەرکوزن دەکرد.
هاڤێرتز دووپاتیکردەوە کە ئەو هاتووەتە ستامفۆرد بریدچ بۆ ئەوەی زۆرترین نازناو لەگەڵ چێڵسی بباتەوە و دەڵێت "من ئاڵنگاریی لیڤەرپوولم لەبەرچاو گرتووە و دەمەوێت نازناوی پرێمەرلیگ لێیان دووربخەمەوە".
هاڤێرتز لە لێدوانێکدا، گوتی "چێڵسی هەمیشە یانەیەکی گەورە بووە، هەموو ئەو یاریزانە گەورانەی یارییان بۆ کردووە بەبیرم دێنەوە، سەبارەت بە من ئەوە هەنگاوێکی گەورەیە و هەموو تواناکانم دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکەم بدەم".

ئەو یاریزانە گەنجە، هەروەها گوتی "بێگومان هەنگاوێکی گرنگە، وڵاتێکی نوێیە، لەوانەیە چەند هەفتەیەک کارەکە زەحمەت بێت، بەڵام تەنیا دەمەوێت یاری بکەم و لەگەڵ هاوڕێکانم چێژ وەربگرم".
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، هاڤێرتز گوتی "ئیمە دەمانەوێت نازناوەکان ببەینەوە، هەموو توانایەکم دەخەمەگەڕ لەپێناو ئەو ئامانجەماندا".
چێڵسی دوای ئەوەی لە هاوینی رابردوودا لە مێرکاتۆ قەدەخە کرا، لەم هاوینەدا ئەو یانە لەندەنییە شۆڕشێکی لە مێرکاتۆدا بەرپاکرد و گرێبەستی لەگەڵ چەند یاریزانێک کردووە، لەوانەش تیاگۆ سێلڤا، تیمۆ ڤێرنەر، کای هاڤێرتز، بێن چیلۆێل، حەکیم زیاش و مالانگ سار.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved