11/9/2020 09:27 AM

تەندروستی جیهانی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆتە قۆناغێكی نوێی بڵابوونەوەی كۆرۆنا

ئەحمەد بن سالم مەنزەری بەرێوەبەری هەرێمایەتی رێكخراوی تەندروستی جیهانیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: ناوچەكە لەم هەفتەیەدا قۆناغێكی گرنگی دیكەی بەخۆوە بینی، بە شێوەیەك ژمارەی توشبووان بە پەتای كۆڤید-19 گەیشتە 2 ملیۆن حاڵەت.

وتیشی: رێكخراوەكە لەنزیكەوە چاودێری پێشهاتە نوێیەكان دەكات، پێویستە بەوریایی تەواوەوە بەرەنگاری ئەم ڤایرۆسە ببینەوە.

راشیگەیاند: ژمارەیەك وڵات پێش چەند مانگێك توانیان كۆنترۆڵی بڵاوبوونەوەی پەتاكە بكەن و سەركەوتن بەدەستبهێنن، وەك وڵاتەكانی مەغریب و تونس و ئۆردن و لوبنان، بەڵام لە ئێستادا حاڵەتەكانی توشبوون بە پەتاكە بە خێرایی زیاد دەكات.

مەنزەری وتیشی: لە چەند وڵاتێكی تردا، ئاراستەی توشبوون بە ڤایرۆسەكە بەرەو زیادبوون دەڕوات، وەك لیبیاو فەلەستین و بەحرەین و میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەب. چونكە زیادبوونی كۆبوونەوە كۆمەڵایەتییەكان و هاتوچۆو تێكەڵابوونی دانیشتوان، دەستپێكردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەكان، كەمبوونەوەی بەكارهێنانی ماسك، ئەمانە وادەكات لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەكەدا حاڵەتەكانی توشبوون بە پەتاكە جارێكیتر بە ئاستی جیاواز دەربكەوێتەوە. تاكە ئاڵانگارییەك كە روبەڕووی هەموومان دەبێتەوە، بریتییە لەوەی ئەم رێكارانە توندتر بكرێنەوە، بە شێوەیەك بێت مەترسییەكان لەسەر تەندروستی گشتی كەمبكرێنەوە.

روونیشیدەكاتەوە: لە ئێستادا ئەوەی گرنگە پارێزگاریكردنە لەوانەی توشی پەتاكە نەبوون، بەتایبەتیش ئەوانەی لاوازن و بەرگەی پەتاكە ناگرن.

ئاماژەشیدا: لە هەندێك وڵات وەك عیراق و مەغریب، نەخۆشخانەكان قورسایی زۆریان كەوتۆتەسەر، بەشەكانی چاودێری ورد پڕبوون، ژیانی ئەوانە دەكەوێتە مەترسییەوە كە پێویستییان بەم بەشە هەیە.

روونیشیدەكاتەوە: وەرزی پەتای ئەنفلۆنزا لە زۆربەی ئەو وڵاتانەدا دەستیپێكردووە، ئەمەش وادەكات حاڵەتەكانی توشبوون بەم نەخۆشییە زیادبكات و بەرەو هەڵكشان بڕوات، لە هەفتەكان و مانگەكانی داهاتوودا بۆ رێگریكردن لە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، پێویستە رێكارەكانی خۆپارێزی و كۆمەڵپارێزی، بەتایبەتی لە هەندێك لە شوێنی وەك خوێندنگاكان و جێگەكانی كۆبوونەوە كۆمەڵایەتییەكان و بۆنە گشتییەكانی تر بگیرێتەبەر.

خاك - ئاژانسەكان

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved