11/9/2020 10:20 AM

ئایا هیپنۆتیزم بۆ کەمکردنەوەی ئێش بەسوودە؟

ئایا هیپنۆتیزم ئێش کەم دەکاتەوە؟ شیکارییەکی گەورە دەریدەخات کە هیپنۆتیزم دەتوانێت ڕێگەیەکی کردەیی، ئەمن، و کەم تێچوو بێت بۆ کەمکردنەوەی ئێش.
توێژەران بەراورد دەکەن کە زیاتر لە ١.٥ ملیارد کەس لە جیهاندا ئێشی درێژخایەنیان هەیە. 
زۆربەی کات دکتۆرەکان تلیاک (opioid) وەک دەرمان بە کار دەهێنن. کێشەی ئەم جۆرە دەرمانانە تێچووی زۆرە و بەکارهێنەران خووی پێدەگرن، بۆیە توێژەران بە دوای ڕێگەچارەیەکی جێگرەوەدا دەگەڕێن.
لەم دواییەدا توێژەران لە زانکۆی گرینویچ لە لەندەن، بەراوردیان کردووە کە ئایا هیپنۆتیزم یان خەوی دەستکرد دەتوانێت لە کەمکردنەوەی ئێشدا یارمەتیدەر بێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە شیکارییان بۆ ٨٥ توێژینەوەی ئەم بوارە کرد. 
هیپنۆتیزم کاریگەریی لاوەکی نییە، ئەگەر کەسەکان دەنگی لە پێشدا تۆمارکراو بە کاربهێنن، هیچ تێچوویەکیشی نابێت.
توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە "هیپنۆتیزم لەوانەیە بە گشتی لە کەمکردنەوەی ئێشدا کاریگەر بێت، بەڵام ڕەنگە کاریگەرییەکەی درێژخایەن نەبێت."
هەروەا دەڵێن کە "هیپنۆتیزم دەتوانێت تا ئاستێکی مامناوەندی یان بەرز لە کەمکردنەوەی ئێشدا کاریگەری بێت، هەرچەند ئەم توێژینەوەی ئێستا هەندێک سنووردارە و پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت."
لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە کەمکردنەوەی ئێش بە هیپنۆتیزم سەرنجی توێژەرانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە و توێژینەوەکانی ئەم بوارە ڕوویان لە زیادبوون کردووە. سەرجەم توێژینەوەکان کەڵکیان لە ڕێبازی ئەزموونی وەرگرتووە کە تێیدا توێژینەوە لەسەر کەمکردنەوەی ئێش بە  هۆی سەرمابوونی زۆر، شۆک، زەخت، و وەزشکردن لەو کەسانەدا کراوە کە هەوڵیان داوە بە هیپنۆتیزم ئێشەکانیان کەم بکەنەوە. بەراوردەکان لەگەڵ ئەو کەسانە کراون کە کەڵکیان لە هیپنۆتیزم وەرنەگرتووە نەک ئەو کەسانەی بە ڕێگەی دەرمان یان دەرمانئاسا (placebo) ویستوویانە ئێشەکانیان کەم بکەنەوە.

سەرچاوە: medicalnewstoday

خاک _ پشکۆ کامەران





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved