ئه‌م كتێبه له كۆمه‌ڵێك وتار پێكهاتووه كه هه‌ر وتارێك باس له بابه‌تێكی جیاواز ده‌كات كه نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس بورهان شێخ ڕه‌وف نووسیویه‌تی. كتێبه‌كه له دوو پێشه‌كی و پێنج به‌ش پێكهاتووه. له پێشه‌كی یه‌كه‌مدا نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس ستران عه‌بدوڵڵا ئاماژه به‌وه ده‌كات ده‌رو دراوسێ گۆشه‌یه‌كی ده‌ستوبرد كاك بورهان بوو كه جگه له هه‌فتانه‌كه‌ی خه‌سڵه‌تی دڵنیایی و جێگیری ڕۆماڵكردنی پێ به‌خشین به جۆرێك ئه‌وه‌ی ستافی كوردستانی نوێ فریای نه‌ده‌كه‌وت له ڕۆماڵكردن و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بارودۆخی عیراقی و ئیقلیمی، ده‌رو دراوسێی شێخ بورهان ده‌یكرد. ستران عه‌بدوڵڵا باسی له‌وه‌ش كردووه كه بابه‌ته‌كانی نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس بورهان شێخ ڕه‌وف ده‌بووه ماده‌و كه‌ره‌سته بۆ میدیاكان به‌تایبه‌تی ته‌له‌فزیۆنه‌كان. له پێشه‌كی دووه‌مدا كه خودی نووسه‌ر نووسیویه‌تی باس له‌وه ده‌كات كه هه‌رچه‌نده وتار‌و ستوون نووسین له ڕۆژنامه‌و ماڵپه‌ڕه‌كان بۆ كات و ساتی خۆیه‌تی، به‌ڵام ده‌كرێت سوودو گرنگی خۆیشی هه‌بێت له دووتوێی كتێبێكدا به دیكۆمینت بكرێت. نووسه‌ر باسی له‌وه‌ش كردووه كه به‌شی دیكه‌ی گۆشه‌ی ده‌رودراوسێ كۆكراونه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت ڕه‌خسا چاپی ده‌كات و ده‌یخاته ناوی كتێبخانه‌ی كوردییه‌وه. كتێبه‌كه له پێنج به‌ش پێكهاتووه: به‌شی یه‌كه‌می كتێبه بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراوه، به‌شی دووه‌م بۆ عیراق، به‌شی سێیه‌م بۆ ئێران، به‌شی چواره‌م بۆ توركیا‌و باكووری كوردستان و به‌شی پێنجه‌م و كۆتایی بۆ سوریا‌و ڕۆژئاوای كوردستان ته‌رخانكراوه كه تێیدا نووسه‌ر به گشتی ڕاوبۆچوون و ڕۆئیاو سه‌رنجه‌كانی خۆی خستۆته‌ڕوو. نووسه‌ر ده‌ڵێت: كه باس له عیراق و پرۆسه سیاسییه‌كانی ده‌كه‌ین، نابێت ڕابردووی خوێناوی پێنج هه‌زار ساڵی ڕابردوو له‌به‌رچاو نه‌گرین كه مێژووه‌كه خوێنی لێده‌چۆڕێت. له هه‌موو قۆناغه‌كانیدا له‌ناوچوون و وێرانكردنی ده‌یان شاری گه‌وره‌و دروستكردنی گردو ته‌پۆڵكه به كه‌للـه‌سه‌رو لافاوی خوێن و مره‌كه‌ب و هه‌ڵواسینی لاشه‌ی قوربانییه‌كان و شێواندنیان، ده‌یان و سه‌دان نموونه‌ی تر له‌و بابه‌ته له دووتوێی لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی عیراقن. ناوی كتێب/ ده‌ر و دراوسێی كورد ناوی نووسه‌ر/ بورهان شێخ ره‌وف چاپی یه‌كه‌م/ 2020 دیزاین و به‌رگ/ عومه‌ر حسێن چاپخانه/ شڤان تیراژ/ 500 دانه له بڵاوكرانه‌وه‌كانی ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێیه. خاك - پوكمیدیا
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure