20/9/2020 04:17 PM

پێداویستییەکانی گەشتی ئەوروپا

ئێستا کە هاتنە سەر ئەو بڕیارەی گەشتێک بەرەو ئەوروپا بکەن وا باشە خۆتان بە باشی ئامادە بکەن. ئەم گەشتە بە دڵنیاییەوە یەکێک لە خۆشترین گەشتەکانی ئێوە دەبێ، چونکە کیشوەری ئەوروپا جوانی و تایبەتمەندی کەم‌وێنەی زۆرە. پێداویستییەکانی ئەم گەشتە کۆمەڵێک کەرەستە و کەلوپەلەن؛ هەر لە جلوبەرگەوە هەتا چاویلکەی دژەخۆر و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان.
خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئەم کەرەستانە بە باشی لە جانتای سەفەردا بپێچنەوە. جۆری جانتای سەفەرەکەتان زۆر گرنگە و هەر کامەیان باشی و خراپی خۆی هەیە. ئەو جانتایەی وا تایەی هەیە دەتوانێ ژمارەیەکی زۆر لە کەلوپەلەکانتان لە خۆیدا کۆ بکاتەوە و هاوکات هەڵگرتنەکەشی ئاسانە، بەڵام کاتێک بە شەقامە بەردفەڕشەکانی ئەوروپا تێپەڕ دەبن لەوانەیە تووشی کێشەتان بکات و ئەمجار پێویستیتان بە جانتایەک دەبێ کە لە شان بکرێت. ئەو جانتایانەی لە شان دەکرێت بە ئاسانی ئەتوانی بۆ هەموو شوێنێکی ببەیت، بەڵام هەمیشە قورساییەک لەسەر شانتانە و هەروەها جلوبەرگەکانتان لۆچ دەکات. بەگشتی بەپێی ئەوەی جۆری گەشتەکەتان بە چ شێوەیەک دەبێ هەوڵ بدەن جانتایەکی گونجاو هەڵبژێرن.
بابەتێکی دیکە جۆری جلوبەرگە. ئەوروپییەکان بە تەڕپۆشی بەناوبانگن و خۆیان دەڵێن ئێمە دەتوانین لە رووی جلوبەرگەوە هەموو جۆرە نەتەوە و گەلێک بناسینەوە. کەوابوو بۆ ئەوەی زۆر نەکەونە بەر سەرنج هەوڵ بدەن جلوبەرگەکانتان لەگەڵ ئەوروپییەکان رێک بخەن. دواتریش هەوڵ مەدەن چەندین جۆر جلوبەرگ لەگەڵ خۆتان ببەن بۆ ئەوەی لێتان نەبێ بە بار. هەر وەک دەزانن بەشە باکوورییەکانی ئەوروپا هەمیشە ساردە، کەوابوو ئەگەر گەشتەکەتان بەرەو ئەو ناوچانەیە جلوبەرگی گەرم لە یاد مەکەن.
خاڵی کۆتاییش ئەوەیە کە بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ بنەماڵە و دۆستانتان لە ناوخۆ لە پەیوەندیدا بن دەبێ سیم‌کارتی ئەوروپی بکڕن. ئەم سیم‌کارتە لە هەموو شوێنێکی ئەوروپا بەکار دێت و ئینتەرنێتی خێرای هەیە.

 

سەرچاوە: schengenvisainfo

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved