27/9/2020 06:32 PM

داوای لێبوردنی کرد

کیم جونگ ئوونی رێبەری کۆریای باکوور گوتی "زۆر بەداخەوەم" کە هێزەکانی وڵاتەکەی پیاوێکی خەڵکی کۆریای باشووریان بۆ بەرگیری لە گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ کۆریای باکوور کوشتووە. ئەم هەواڵە لەلایەن بەرپرسانی کۆریای باشوورەوە بڵاو کرایەوە. بە گوتەی یاریدەدەرانی سەرۆکی کۆریای باشوور رۆژی هەینی پشتڕاستیان کردوە کە کۆریای باکوور داوای لێبوردنێکی فەرمیی بۆ جیرانە باشوورییەکەی خۆی ناردووە.
سووێ هوون، راوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی سەرۆکی کۆریای باشوور گوتی: "کیم جونگ ئوون داخ و کەسەری خۆی لەو رووداوە نەخوازراوە کە بووە هۆی دڵگرانی سەرۆک موون و هاووڵاتیانمان، دەبڕی."
کیم لە نامەیەکدا گوتبووی: "زۆر بەداخەوەم کە لەجیاتی ئەوەی کە یارمەتیدەری سەرۆک موون و خەڵکی کۆریای باشوور بم بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بوومەتە هۆی دڵگرانی ئەوان." لەم نامەیەدا باس لەوە کراوە، ئەو پیاوەی خەڵکی کۆریای باشوورە -کە بەپێی هەندێک لە راپۆرتەکان هەوڵی داوە را بکات بۆ کۆریای باکوور- لە ئاوەکانی کۆریای باکووردا دۆزرایەوە. ئەو لە رۆژی ٢١ سیپتامبەرەوە بێ‌سەروشوێن بوو.
بەپێی قسەکانی کۆریای باکوور، سەربازانی ئەم وڵاتە ئەو پیاوەیان کە "بەشێوەی نائاسایی سنووری بەزاندووە" داوەتە بەر ١٠ گوللـە و نەیتوانی خۆی بناسێنێت. بە، حاڵەوە بەرپرسانی کۆریای باکوور سووتاندنی تەرمی ئەم پیاوەیان رەد کردەوە.
بەرپرسانی سەربازیی سێئوول بە گوتەی چەند سەرچاوەی نادیار، رایانگەیاندووە ئەو پیاوەی خەڵکی کۆریای باشوور بووە چەندین کاتژمێر لەلایەن بەرپرسانی هێزی دەریایی کۆریای باکوورەوە لێپێچەنەوەی بۆ کراوە و پاشان بە فەرمانی بەرپرسێکی "باڵا" ئەم پیاوە کوژراوە.
ئەم رووداوە دەتوانێ گرژی و ئاڵۆزییەکانی "موون" و "ئوون" کەم بکاتەوە.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران





زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved