29/9/2020 09:12 AM

روونكردنه‌وه‌ له‌باره‌ی فه‌رمانێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری بۆ رێكخستنه‌وه‌ی پێدانی ژماره‌ی سپاردن

وەزارەتی رۆشنبیری راگەیاند: نووسەران‌و رووناكبیران دڵنیادەكەینەوە هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی نییەو ئەو فەرمانەشی دەرچووە بۆ ئەو بابەتانەیە كە جنێوو تانوت لێدان‌و ناوزڕاندنی كەسان‌و دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئاین‌و مەزهەبەكان‌و دابونەریت‌ و سیستمی گشتی تێدابێ‌. 

روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی رۆشنبیری ‌و لاوانەوە

بڵاوكردنەوەی فەرمانێكی وەزاریمان بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب، نیگەرانی نووسەران‌و روناكبیرانی كوردستانی لێكەوتەوە، وەك هۆكارێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیی چاپكردنی كتێب لێكیان دایەوە، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە:

1-ئەو فەرمانەمان پشتی بەڕێنمایی ژمارە (6)ی ساڵی 1999ی وەزارەتی رۆشنبیری بەستووە، كە ئەویش لەبەر رۆشنایی یاسای  چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان ژمارە (10)ی ساڵی 1993 دەرچووە.

كە لەمادەی نۆی ئەو یاسایەدا  زۆر بەروونی بڵاوكرنەوەی ئەو بابەتانەی قەدەغە كردووە كە جنێوو تانوت لێدان‌و ناوزڕاندنی كەسان‌و دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئاین‌و مەزهەبەكان‌و دابونەریت‌ و سیستمی گشتی  تێدا بێ‌.

2-فەرمانەكەی وەزارەتمان جەختی لەو مادە یاساییە كردۆتەوە، هیچ نێتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە.

3- ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ‌ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، داڕشتن‌و رێزمانی كوردی‌و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن.

هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەن‌ و سنورێك بۆ جنێودان‌و ناوزڕاندن دابنرێت.

4-ئەمڕۆ 28-9-2020، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بەسەرۆكایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان‌و ئەندامێتی بەرێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەی گەرمیان درا‌و لەپارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی دروست دەكرێ‌ بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نووسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەكەن‌و ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەڕێی ئیمەیلەوە. ئەوە بۆ یەكەمجاریشە داوای ژمارەی سپاردن لە هەڵەبجە‌و گەرمیان وەردەگیرێت، ئەوەش بۆ كارئاسانی بۆ نووسەران‌و رووناكبیران.

5- نووسەران‌و رووناكبیرانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی نییە، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان هەردەم داكۆكیكاری مافەكانی نووسەران‌و رووناكبیران‌و ئازادی بیروڕا دەبێ‌.

خاك - وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved