29/9/2020 11:29 PM

گۆتێرێس: پێویسته‌ زانست بكه‌ینه‌ رێنیشانده‌ر

دوای ئه‌وه‌ی په‌تای كۆڤید-19 بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ جیهاندا، له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دووپاتیكرده‌وه‌ هێشتا له ‌توانادا هه‌یه‌ بارودۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵبكرێت، به‌ڵام پێویسته‌ به ‌هه‌ڵه‌كانی رابردووماندا پچینه‌وه‌و وانه‌ی لێوه‌ربگرێن.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس ئه‌مینداری گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: له‌ده‌ستدانی ملیۆنێك كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ پرسێكی مه‌ترسیداره‌و كوشنده‌یی ڤایرۆسه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی تر دۆخه‌كه‌ی به‌ره‌و ئاڵۆزی بردووه‌.

گۆتێرێس له ‌راگه‌یه‌نراوێكی رۆژنامه‌وانیدا دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌ی گیانله‌ده‌ستدان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا یه‌ك ملیۆنی تێپه‌ڕاند، رایگه‌یاند: ئه‌و ژماره‌یه‌ عه‌قڵی توشی شۆك كردووه‌.

راشیگه‌یاند: كوشنده‌یی ڤایرۆسه‌كه‌ هێنده‌ی تر ئازارو مه‌ینه‌تییه‌كانی بۆ هه‌موو لایه‌ك زیادكردووه‌، ترسناكی ڤایرۆسه‌كه‌ ئه‌ندامانی یه‌ك خێزانی له‌یه‌ك كردووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌سته‌مه‌ بتوانین پرسه‌ بۆ خۆشه‌ویستانمان دابنێین  و ئاهه‌نگ بۆ خۆشی ژیان بگیڕێن.

گۆتێرێس هۆشداریشیدا له‌وه‌ی كۆتایی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ دیارنییه‌، هاوولاَتی كارو پیشه‌ی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، پرۆسه‌ی خوێندن راگیراوه‌، ژیان تێكچووه‌.

سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش، به‌ڵام هێشتا له‌ توانادا ماوه‌ په‌تاكه‌ كۆنترۆڵبكرێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كی به‌رپرسانه‌و هه‌ماهه‌نگی و زانسته‌وه‌ ده‌بێت، هه‌روه‌ها پابه‌ندبوون به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی وه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌كارهێنانی ده‌مامك و ده‌ستشۆردن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، له‌كاتی به‌رده‌ستبوونی هه‌رچی پێكوته‌یه‌ك، پێویسته‌ بۆ هه‌مووان دابینبكرێت و نرخه‌كه‌شی گونجاو بێت.

خاك - نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved