29/9/2020 11:54 PM

به‌كارهێنانی گوێ پاككه‌ره‌وه‌و زیانه‌كانی

د.پێشڕه‌و خالید پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری قوڕگ و لووت و گوێ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌كارهێنانی گوێ پاككه‌ره‌وه‌و زیانه‌كانی.

له‌و بابه‌ته‌یدا د.پێشڕه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گوێ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانی له‌ش كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ راگرتنی هاوسه‌نگی له‌ش و بیستن.

ڕوونیشیكردوه‌ته‌وه‌، گوێ له‌ سێ به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، گوێی ده‌ره‌وه‌، گوێی ناوه‌ڕاست و گوێی ناوه‌وه‌. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ لێره‌ بیخه‌مه‌ڕوو، كورته‌ باسێكه‌ له‌سه‌ر گوێی ده‌ره‌وه‌.

ده‌شڵێت،: گوێی ده‌ره‌وه‌ پێكدێت له‌ په‌ڕه‌ی گوێ كه‌نالی گوێ و په‌رده‌ی گوێ. كه‌ناڵی گوێ رووپۆش كراوه‌ به‌ پێستێكی زۆر ته‌نكی هه‌ستیارو كه‌ له‌ سێیه‌كی ده‌ره‌وه‌ موو چه‌ند ڕژێنێك هه‌ن كه‌ ده‌ردراوێكی تایبه‌ت ده‌رده‌ده‌ن پێیده‌وترێت مۆم كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی له‌ هه‌موو كه‌سێك دروست ئه‌بێت. هه‌ندێكجار ئه‌م مۆمه‌ زۆر كۆئه‌بێته‌وه‌و ئه‌بێته‌ هۆی گیرانی كه‌ناڵی گوێ و هه‌ستكردن به‌ كپبوونی گوێ به‌تایبه‌ت ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ كه‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كان زیاتر رووئه‌دات به‌هۆی زوو وشكبوونه‌وه‌ی مۆمه‌كه‌ له‌ناو گوێ.

ئه‌و پزیشكه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گرنگ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت: هه‌ڵه‌یه‌كی باو هه‌یه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگا، ئه‌ویش به‌كارهێنانی گوێ پاككه‌ره‌وه‌یه‌ بۆ لابردنی ئه‌و مۆمه‌، كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌م ڕێگایه‌ لانابرێت و زۆركات ئه‌بێته‌ هۆی برینداربوونی پێستی گوێ و په‌رده‌ی گوێ، هه‌روه‌ها ئه‌بێته‌ هۆی تێكدانی جوڵه‌ی سیلیاكانی پێستی گوێ كه‌ پێویسته‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی خودی گوێ. له‌كاتی گیرانی گوێ به‌هۆی مۆم پێویسته‌ له‌لایه‌ن پزیشكی تایبه‌تمه‌ند پاكبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاكامی خراپی نه‌بێت.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved