6/10/2020 01:05 AM

ئەو سێ كەسەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشكی 2020 وەردەگرن

هارفی جای ئەڵتەرو چارلز رایس كە دوو هاووڵاتی ئەمریكین لەگەڵ مایكل هیوتونی بەریتانی خەڵاتی نۆبڵیان لەبواری پزیشكی بۆ ساڵی 2020 بەدەستهێنا، لەپای ئەو رۆڵەی كە هەیانبوو لە دۆزینەوەی (ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر لە جۆری C) و بەشداری كاریگەرییان لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم نەخۆشییە كە بەرۆكی هەموو جیهانی گرتووەو سەرجەم دانیشتوانی تووشی گرفت كردووە كە جگەر توشی گرمۆڵەبوون و شێرپەنجە دەكات.

پێدانی خەڵاتی نۆبڵی پزیشكی بۆ ساڵی 2020 لەكاتێكدایە كە هەموو دانیشتوانی جیهان روبەڕووی پەتایەكی تر بۆتەوە بەهۆی كۆڤید19 و جیهان لە چاوەڕوانی ئەوەدایە پێكوتەیەك بۆ پەتاكە بدۆزرێتەوەو خەڵك لەو ڤایرۆسە كوشندەیە رزگاربكات.

لەبارەی خەڵاتەكەوە، كۆمەڵەی نۆبڵ لە پەیمانگای كارۆلینسكا لە سوید رایگەیاند: بەهای خەڵاتەكە دەكاتە 10 ملیۆن كرۆنی سویدی واتە (1.1 ملیۆن دۆلار)، پێشتریش كار بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسەكانی جۆری (A و B)ی هەوكردنی جگەر كرابوون، لە ئێستادا دۆزینەوەی جۆرە ڤایرۆسی C هەوكردنی جگەر رێگەخۆشكەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی سەرجەم ئەو ڤایرۆسانەی جگەر تووشی هەوكردنی درێژخایەن دەكات و كە دەكرێت لەڕێگەیەوە پشكنین بۆ خوێن بكرێت و ئەو دەرمانانە گەشەیان پێبدرێت كە دەبنە مایەی رزگاركردنی ژیانی خەڵك.

لە كۆتایی هەفتاكانیشدا، هارفی ئەڵتەر گەیشتە ئەو بڕوایەی كە لەڕێگەی گواستنەوەی خوێنەوە جگەر توشی هەوكردنێكی نادیار ببێتەوە، بەڵام حاڵەتەكەی بە نەخۆشی هەوكردنی جگەر لە جۆری (A و B)یەوە نەبەستەوە، ئەمەش رۆڵی كاریگەری هەبوو لە رێگریكردن لە هەوكردنی جگەرو تا ئاستی بنبڕكردنی.

خەڵاتی نۆبڵ یەكەمین خەڵات بوو لەكاتی خۆیدا راگەیەنرا، بەدوای ئەویشدا لە ساڵی 1901 ەوە خەڵاتەكانی نۆبڵ بۆ بوارەكانی زانست و ئاشتی و ئاداب و ئابووری بەسەر براوەكاندا دابەشدەكرێت.

وا بڕیاریشە، رۆژی سێشەممەی داهاتوو خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا رابگەیەنرێت، دوای ئەویش رۆژی چوارشەممە خەڵاتی نۆبڵ بۆ كیمیا، رۆژی پێنجشەممە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاداب، رۆژی هەینی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ئۆسلۆ رابگەیەنرێت، رۆژی دووشەممەی دواتر كۆتایی بە وەرزی دابەشكردنی خەڵاتەكان دەهێنرێت و كۆتا خەڵات بۆ بواری ئابووری دابەشدەكرێت.

خاك - ئاژانسەكان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved