10/10/2020 08:30 PM

هۆكارەكانی هەستكردنی بەردەوام بە برسێتی

هەندێك كەس بەردەوام هەست بە برسێتی دەكەن تەنانەت لەدوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی كەم بەسەر ژەمە خواردنەكان، پێدەچێت هەندێكیان سیستمی خۆراكی نەگونجاو بگرنەبەر، چونكە خواردنەوە شیرینەكان و شیرینی و ئەوانەی لە هەویر دروستكراون ناتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر وزە بۆ جەستە دابینبكات، بۆیە هەرزوو هەست بە برسێتی دەكرێت.

هۆكارەكانی هەستكردنی بەردەوام بە برسێتی:

* شڵەژان: لەشی مرۆڤ لەرێگەی هۆرمۆنی ئەدرینالین زاڵدەبێت بەسەر هەستكردن بە برسێتی، بەڵام لە حاڵەتی شڵەژان لەش هۆرمۆنی كۆرتیزۆل دەردەدات كە دەبێتە هۆی هەستكردن بە برسێتی و خواردنی ئەوەی چاوی دەكەوێتەسەر.

* تینوێتی و وشكبوونەوە: لە هەندێك كاتدا مرۆڤ وا هەستدەكات پێویستی بە خواردنە، بەڵام لەراستیدا توشی وشكبوونەوە بووەو لەوكاتەدا رێنوێنی دەدرێت ئاو بخورێتەوە لە پێشدا.

*رێژەی شەكر لەناو خوێن: لەكاتی خواردنی كاربۆهێدرات وەك كێك و خۆراكی لە هەویر دروستكراو یاخود سۆدا ئەوا لەش دەستدەكات بە دەردانی ئەنسۆلینی زیاد لە پێویست و رێژەی شەكر لەناو خوێن كەمدەبێتەوەو هەست بە برسێتی دەكرێت.

* توشبوون بە شەكرە: لە هەندێك حاڵەتەدا لەش توشی كێشە دەبێت لە گۆڕینی خۆراك بۆ وزە، هەستكردن بە برسێتی زۆر یەكێكە لە نیشانەكانی توشبوون بە شەكرە كە نیشانەی دیكەی وەك لەدەستدانی كێش و میزكردنی زۆرو هەستكردن بە هیلاكی زۆری لەگەڵدایە.

* زیادبوونی چالاكی غودەی دەرەقی: هەندێك حاڵەتی هەستكردنی بەردەوام بە برسێتی بۆ ئەم حاڵتە دەگەرێتەوەو وادەكات هەست بە هیلاكی بكرێت و هەروەها توڕەبوون و تێكچوونی باری دەروونی لەگەڵ دەبێت.

* باری سۆزداری: هەندێك كەس لەكاتی هەستكردن بە دڵتەنگی و خەفەت و خەمۆكی پەنا بۆ خواردن دەبەن كە ئەو حاڵەتەش بە خواردنی سۆزداری ناسراوە.

* حاڵەتی دووگیانی: هەندێك لە ئافرەتان توشی لەدەستدانی ئارەزووی خواردن دەبنەوە لە سەرەتای ماوەی دووگیانبوون، بەلام هەندێكیان بەردەوام هەست بە برسێتی و ئارەزووی خواردنی نوێ دەكەن.

* هۆكاری جیاواز: هەندێك هۆكاری جیاوازی دیكە هەیە بۆ هەستكردنی بەردەوام بە برسێتی لەوانە بە خێرایی خواردن و نەجوینی تەواوەتی یان كەمی كاتژمێرەكانی خەوتن و بەكارهێنانی هەندێك دەرمان كە كاریگەری دەكەنەسەر ئارەزووی خواردن.

هەندێك بژاردەی باشتر هەیە بۆ پەیداكردنی وزەی پێویست بۆ لەش و نەهێشتنی هەستكردنی بەردەوام بە برسێتی، ئەوانیش خواردنی خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە ڕیشاڵەكان و دانەوێڵەو میوەو سەوزە لەگەڵ خۆراكە دەوڵەمەندەكان بە چەورییە تەندروستەكانی وەك ماسی سەلەمون و چەرەسات و ئەڤۆكادۆو پرۆتینی خاڵی لە چەوری وەك هێلكەو فاسۆلیاو مریشكی برژاو.

خاك - ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved