13/10/2020 05:41 PM

3 تاقیکاری سامناک و نامرۆیی نازییەکان لەسەر جەستەی زیندانییەکانیان

بە ئەگەری زۆر نازییەکان بەدناوترین حزبی سیاسیی مێژوون کە لە سەردەمی شەری جیهانی دووهەم و بە گشتی زیاتر لە دە ساڵ حزبی حوکمڕان بوون لە ئەڵمانیا. ئەم حزبە لە 1933ـەوە هەتا ئەو کاتەی شکشتیان هێنا لە 1945ـدا دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. رەگەزپەرەستی و ناسیۆنالیزمی توندئاژۆ بەشی جیانەکراوەی سیاسەتی نازییەکان بوو و لاینگرانی ئەم حزبە لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە رەگەزی "نۆردیک/ Nordic" رەگەزی باڵایە، واتە ئەو رەگەزەی کە لە وڵاتانی سکاندیناڤی و ئەڵمانیا دەژین. جگە لەو جەنایەتانەی کە زۆر کەس لێی ئاگادارن، نازییەکان کۆمەڵێک تاقیکاریی پزیشکیان لەسەر جەستەی زیندانییەکانیان(جوو، هاوڕەگەزخواز، قەرەج و ...) ئەمجام دەدا کە ئەو کات بووە هۆی پێشکەوتنی زانستیی ئەڵمانییەکان. لە درێژەدا چەند نموونە لەم تاقیکارییە ترسناکانە دەخەینە بەر باس.

تاقیکاریی جۆشدانی ئێسک
تاقیکارییەکانی جۆشدانی ئێسک لەلایەن پزیشکە نازییەکانەوە ئەنجام دەدرا بۆ ئەوەی تێبگەن ئایا دەکرێ پرۆسەی نۆژەنبوونەوە لە جەستەدا خێراتر بکرێی یان نا. بەڵام شێوازی ئەوان بۆ زانینی ئەم بابەتە زۆ بێ‌بەزەییانە و نامرۆیی بوو و زۆر جار ئەو کەسەی ئێسکی جەستەی هەڵدەگیرا و یان ئەو کەسەی ئێسکی کەسێکی دیکەیان لە ئێسکەبەندی ئەو جۆش دەدا دەمردن. یەکێک لەو زیندانیانەی کە بە سەلامەتی لەم جەهەننەمە رزگاری ببوو دەڵێ: "ئەو برینەی لەسەر جەستەی من بوو ئەوەندە قووڵ بوو کە دەمتوانی ئێسکەکانم ببینم".

تووشکردنی بەکۆمەڵ بە مەلاریا
لە ماوەی شەڕی جیهانی دووهەمدا، زیاتر لە هەزار کەس بوونە قوربانی تاقیکاریی نازییەکان کە سەبارەت بە مەلاریا بوو. کەسە تەندروستەکان تووشی مەلاریا دەبوون، جا چ لە رێگای ئەو مێشانەی کە هەڵگری مەلاریا بوون و چ لە رێگای پێدانی خوێنی کەسانی تووشبوو بە قوربانیان. نیشانەکانی مەلاریا بریتین لە یاو و سەرئێشەی درێژخایەن کە دەتوانێ قوربانییەکە بێهۆش بکات و دواجار بیکوژێت. ئەم تاقیکارییانە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بووە هۆی مەرگی نیوەی ئەو کەسانەی تاقیکارییەکەیان لەسەر ئەنجام درا.

شیرین کردنی ئاوی دەریا
یەکێک لەو بابەتانەی کە نازییەکان کاریان لەسەر دەکرد شیرین کردنی ئاوی دەریا بوو. لە شەڕە دەریاییەکاندا سەربازەکان ناچار بوون ماوەیەکی زۆر لە دەریادا بن و ئەوەی کە بیانتوانیایە ئاوی دەریا بخۆنەوە سەرکەوتنێکی گەورە بوو. پزیشکە نازییەکان بە مەبەستی ئەنجامی تاقیکاری بۆ شیرین کردنی ئاوی دەریا 44 زیندانیان بەکار دەهێنا کە زۆربەیان قەرەجە ئەوروپییەکان بوون. ئەم کەسانە دابەش دەبوون بەسەر چوار بەشدا و هەر کامەیان تەنها دەیانتوانی یان ئاوی دەریا یان ئەو ئاوی دەریایەی کە بە شێوازی "بۆرکا" شیرین کرابوو بخۆنەوە. خاڵی ساناک ئەوە بوو کە بۆ ئەوەی باشتر بتوانن داتای تاقیکارییەکە کۆ بکەنەوە، جەرگ و بڕبڕەی پشتی قوربانییەکەیان کون دەکرد و ئیزنیان نەدەدان لە ماوەی تاقیکارییەکەدا هیچ شتێک بجۆن. ئەو کەسانەی ئاوی دەریایان پێ دەدرا تووشی سکچوون و سەرگێژبوون و شتی دەبوون و دواجار دەمردن.

 

سەرچاوە: whatculture

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved