13/10/2020 05:45 PM

شارە ژێرزەوینییەکەی پەکین کە جێگای 6 ملیۆن کەس دەبێتەوە

بیرۆکەی دروستکردنی شوێنی ژیان لە ژێر زەوی لە ناوچەکانی ناوەندیی چین مێژوویەکی کۆنی هەیە. ئەم بیرۆکەیە کە پێێ دەگوترێ "یائۆ دونگ" یان ئەشکەوتی تەنووری جۆرێک شوێنی نیشتەجێبوونە لە دڵی زویدا کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی "شی جین پینگ"ـدایە. کۆمەڵێک وێنەی ئاسمانی لە گوندێکی سێحراوی لە چین بڵاو بووەتەوە؛ گوندێک لە دانیشتووانەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە 4000 ساڵ لە ژێر زەویدا دەژیان.


ئەم شارە ژێرزەوینییە کە لە پارێزگای ناوەندی "هنان"ـی چین هەڵکەوتووە، لە رابردوودا نزیکەی 10هەزار باڵەخانە لێبووە و دەگوترێ ئێستا نزیکەی 3هەزار کەس لەم شوێنە دەژین. بیرۆکەی ژیانی ژێرزەوی لە چین دەگەڕێتەوە بۆ رابردوویەکی کۆن، بەڵام نیشتەجێبوون لە شاری ژێرزەوینی لە سەردەمی زنجیرەی پاشایەتی "مینگ" و "خینگ" پەرەی سەند. لە کاتێکدا لە بەشێکی زۆر لە شارستانییەتی مرۆیی بیری لە دروستکردنی باڵەخانەی بەر دەکردەوە لە سەر زەوی، ئەو خەڵکەی کە لە بەشە ناوەندییەکانی چین دەژیان بیریان لە ژێر زەوی دەکردەوە. ئەم ماڵە ژێرزەوینیانە ئەو هەلەی بۆ خەڵک دەڕەخساند کە لە هاویندا ماڵەکەیان فێنک و لە زستاندا گەرم بێت و وەک دەگوترێ تەنانەت لە بەرانبەر بوومەلەرزەشدا خۆڕاگر بوون و بە هۆی ئەوەی چاڵی گەورەیان تێدا هەڵکەندرابوو مەترسی لافاویشیان لەسەر نەبوو. ئەم شوێنە لەئێستادا کارەبا و ئاوی بۆ دابین کراوە و حکومەتی چین وەکوو ئاسەواری دێرین تۆماری کردوون  و کراونەتە شوێنی گەشتیاری.
بەڵام باسی سەرەکی ئێمە شارێکی ژێرزەوینی دیکەیە لە ژێر پایتەختی چین واتە پەکین. ئەم شارە ناوی "دیژیا"ـیە واتە سیاچاڵ. قەبارە و ئەندازەی ئەم شارە یەکێک لە نهێنییە حکومیەکانە بەڵام دەگوترێ رووبەڕەکەی نزیکەی 31 مایلی چوارگۆشەیە و باڵەخانە حکومییەکانی شار لە یەک گرێ دەداتەوە. ئەم شارە لە سەردەمی شەڕی سارد و ئەو کاتەی چین و سۆڤییەت لە سنوورەکان تووشی تێکهەڵچوون و گرژی هاتبوون.


ئەم شارە لە ترسی هێرشی ئەتۆمی روسیا بە فەرمانی "مائۆ"ـی رێبەر و سەرۆکی ئەو کاتی کۆماری گەلی چین دروست کرا و نزیکەی 300هەزار کەس بە پێمەڕە و پاچ و کەرەستەی سادەی لەم چەشنەوە دەستیان کرد بە هەڵکەندنی زەوی و دروستکردنی ئەم شارە. حکومەتی ئەو کاتی چین دەیگوت توانای ئەوەی هەیە سەرجەم دانیشتووانی پەکین کە 6 ملیۆن کەس بوو لەم شارەدا نیشتەجێ بکات. ئەم شارە هەرگیز بۆ ئەم مەبەستە بەکار نەهات و لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی سارد بوو بە شوێنی کاری هەندێک لە بەرپرسانی وڵاتانی دراوسێ.

 

سەرچاوە: express

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved