18/10/2020 12:19 AM

‎هۆكاره‌كانی ئازاری خواره‌وه‌ی پشت

د.سه‌روه‌ر سالار چوچانی پزیشكی پسپۆڕی جومگه‌و ڕۆماتیزم و فه‌قه‌رات بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌ بڵاوه‌كانی ئازاری خواره‌وه‌ی پشت.

له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا ئه‌و پزیشكه‌ هۆكاره‌كانی به‌ چه‌ند خاڵێك ڕوونكردوه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتین له‌:

*سروشتی كاره‌كه‌ت: ئه‌و پیشانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ قورسی هه‌ڵگرتن، یان سوڕاندنی پشته‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌بنه‌ هۆی پشت ئێشه‌. هه‌روه‌ك دانیشتنی به‌رده‌وامی سه‌ر كورسیش هۆكارێكی پشت ئێشه‌یه‌.

*جانتاكه‌ت: ‎جانتا قورسه‌كه‌ت به‌ ده‌ست هه‌ڵبگریت یان شان، كه‌مه‌رت هێزی ڕاگریه‌تی. بۆیه‌ كه‌لوپه‌لی قورسیش هۆكارێكی پشت ئێشه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ڕۆژانه‌ پێویستت به‌ جانتایه‌، بیر له‌ به‌كارهێنانی جانتایه‌كی تایه‌دار بكه‌وه‌.

*هه‌ندێك وه‌رزش: ‎زیاده‌ڕه‌ویكردن له‌ ئه‌نجامدانی جیم، یان یارییه‌كانی وه‌ك گۆڵف هۆكارێكی پشت ئێشه‌ی كورتخایه‌نن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ درێژایی هه‌فته‌ ئه‌نجامی نه‌ده‌یت و ته‌نیا یه‌ك دوو ڕۆژ له‌ هه‌فته‌دا ئه‌نجامیان بده‌یت.

*خوار وه‌ستان: ‎ئه‌گه‌ر به‌ ناڕێكی و لاری و خواری ڕاوه‌ستی یان دابنیشی، ئه‌وه‌ كێشی جه‌سته‌ به‌ نایه‌كسانی به‌سه‌ر به‌شه‌كانی پشنتتدا بڵاوده‌بێته‌وه‌. به‌وه‌ش ئه‌و لایه‌ی كێشه‌ زۆره‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌سه‌ر، تووشی ماندوێتی ده‌بێت و ئازار په‌یداده‌بێت.

*خراپبوونی دیسكه‌كان: ‎دیسكی نێوان بڕبڕه‌كان مادده‌ی وه‌ك جێڵیان تێدایه‌ كه‌ یاریده‌ی ئاسان جوڵانی بڕبڕه‌كان ده‌ده‌ن و زه‌بری سه‌ر بڕبڕه‌كانیش هه‌ڵده‌مژن. به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیانپێگه‌یشتنی به‌رده‌وام و چوونه‌ته‌مه‌ن ئه‌و دیسكانه‌ تێكده‌چن و ئه‌و توانایه‌ له‌ده‌ستده‌ده‌ن و هه‌ندێكجار ده‌پچڕێن. دیسكه‌ ناڕێكه‌كانیش فشارده‌خه‌نه‌ سه‌ر دڕكه‌په‌تك و لقه‌كانی. فشاره‌كه‌ بكه‌وێته‌ سه‌ر لقه‌ ده‌ماری هه‌ر ناوچه‌یه‌ك، ئازار له‌وێ دروستده‌بێت، بۆ نموونه‌ ئازاری ڕان یان قاچ یان پێ و په‌نجه‌كان.

هه‌ر له‌و بابه‌ته‌یدا د.سه‌روه‌ر ئاماژه‌ی به‌ حاڵه‌ته‌ درێژخایه‌نه‌كانی پشت كردووه‌، وه‌كو:
*ته‌سكبوونه‌وه‌ی كه‌ناڵی دڕكه‌په‌تك، ئه‌ویش دیسان فشارده‌خاته‌سه‌ر دڕكه‌په‌تك و لقه‌ ده‌ماره‌كانی.
*داخوران و هه‌وكردنی جومگه‌كانی نێوان بڕبڕه‌كانی پشت (به‌تایبه‌ت سه‌وه‌فان).

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved