18/10/2020 12:30 AM

فیله‌ر چیه‌و چۆن ئه‌نجامده‌درێت؟ گرنگی چیه‌؟

د.گه‌شین كه‌مال پزیشكی پسپۆڕی جوانكاری و نه‌خۆشییه‌كانی پێست بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ فیله‌ر.

له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا ئه‌و پزیشكه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ فیله‌ر چییه‌و چۆن ئه‌نجامده‌درێت، هه‌روه‌ها سوودو گرنگی فیله‌ریشی دیاریكردووه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ فیله‌ر، د.گه‌شین ده‌ڵێت: فیله‌ر یه‌كێكه‌ له‌ باوترین چاره‌سه‌ره‌كانی بواری پێست و جوانكاری، كه‌ ژنان و پیاوان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ی به‌ هۆكاری چرچی و چاڵی پێسته‌وه‌ روبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، فیله‌ر پێكهاته‌یه‌كه‌ ده‌خرێته‌ژێر پێست به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی چرچی و چاڵییه‌كانی پێست و له‌ڕێگه‌ی ده‌رزییه‌كی ده‌م باریكی تایبه‌ته‌وه‌ پزیشكی پسپۆڕی پێست و جوانكاری به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌و شوێنانه‌ی پێستدا بڵاویده‌كاته‌وه‌، تا پڕده‌بێته‌وه‌و پێسته‌كه‌ روون و ساف ده‌بێته‌وه‌.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی فیله‌ر بۆ چ مه‌به‌ستێك به‌كارده‌هێنرێت؟ ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ڵێت: ژێر پێست پێكهاته‌ی كۆلاجینی تێدایه‌، كاتێك ئه‌م پێكهاته‌یه‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌ له‌ژێر پێستدا، ئه‌وكاته‌ پێسته‌كه‌ چرچ ده‌بێت و چاڵی دروستده‌بێت، بۆیه‌ دوو مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانی فیله‌ر، ئه‌وانیش:
-پڕكردنه‌وه‌ی چرچی پێست و ئه‌و چاڵانه‌ی له‌ پێستدا دروستده‌بن له‌ڕێگه‌ی فیله‌ره‌وه‌ كه‌ دواتر ده‌بێته‌وه‌ به‌ به‌شێك له‌ كۆلاجینه‌كه‌.
-بۆ گه‌وره‌كردن و ده‌رخستنی به‌شێكی جه‌سته‌ وه‌ك گه‌وره‌كردنی لێو و رومه‌تی چاڵ و ده‌موچاوی باریك.

هه‌روه‌ها د.گه‌شین گرنگی فیله‌ری روونكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ گرنگی فیله‌ر له‌وه‌دایه‌ پێست روون و پاك ده‌كاته‌وه‌و له‌ هه‌موو كه‌موكوڕییه‌ك چاكی ده‌كاته‌وه‌و شێوه‌ گه‌نج و جوان ده‌كاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بۆ ماوه‌ی 6 مانگ تا 1 ساڵ ده‌مێنێته‌وه‌و هیچ زیانێكی لاوه‌كی نییه‌و سه‌لامه‌ته‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سووده‌كانی فیله‌ری به‌ چه‌ند خاڵێك دیاریكردووه‌، ئه‌وانیش:
1-خێرایی ده‌ركه‌وتنی ئه‌نجامی فیله‌ره‌كه‌ راسته‌وخۆ پاش ئه‌نجامدانی.
2-ئه‌نجامی نایاب له‌ڕووی روونبونه‌وه‌ی پێست و جوان بونه‌وه‌یه‌وه‌.
3-پێویستی به‌ سڕكردن نییه‌.
4-سه‌لامه‌تی، چونكه‌ هیچ نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك و هیچ مه‌ترسییه‌كی نییه‌.
5-هه‌وكردن روونادات.
6-تێچووی كه‌مه‌ به‌راورد به‌ راكێشانی پێست.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved