18/10/2020 05:21 PM

تابلۆیەکی سالڤادۆر دالی بە 10 ملیۆن پاوند دەفرۆشرێت

دالی مامۆستای "سوورێئالیزم"ـە و بەهۆی تابلۆ خەیاڵاوییەکانیەوە ناسراوە. ئێستا یەکێک لە تابلۆکانی ئەم شێوەکارە بۆ یەکەم جار لە مەزادێکی گشتیدا داندراوە بۆ فرۆش و خولیای کۆلێکسیۆنەرەکانی ئاسەواری هونەری جلی هەقیقەتی پۆشیوە. ئەم بەرهەمە هونەرییە بریتییە لە دوو بەش کە لاجانگی خودی دالی و "گالا"ـی هاوسەری لە حاڵێکدا کە سەریان پڕە لە هەور نیشان دەدا. ئەم بەرهەمە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە لە لەندەن لە مەزادخانەی "بونهامس"ـدا بفرۆشرێت و نرخەکەی زیاتر لە 10 ملیۆن پاوندە.
سالڤادۆر دالی کە ساڵی 1989 و لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، تابلۆی "دوو هاوسەر کە سەریان پڕە لە هەور"ـی ساڵی 1937 و لە سەردەمی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیادا ئەو کاتەی وا لە لوتکەی ناوبانگدا بوو کێشاوەتەوە. "ئیندیا نایت" کە سەر بە مەزادی بونهامسە دەڵێ: "گالا"ـی هاوسەری دالی کە 10 ساڵ لەو گەورەتر بوو بیرۆکەی سەرەکی ئەم تابلۆیەیە. ئەو لەم بارەیەوە گوتوویەتی: "خۆشەویستی دالی بەنیسبەت هاوژینەکەی وەها بوو کە زۆرینەی ئاسەوارە گرنگەکانی بە ناوی "گالا سالڤادۆر دالی" واژۆ دەکرد. پێدەچێ لەم بەرهەمەدا دالی خۆی لەلای گالا وێنا کردبێت".
ئەم تابلۆیە بریتییە لە فەزایەکی بیابانی لە دوو پەنێلی جیادا کە لە شێوەی لاجانگی دوو مرۆڤ کێشراوەتەوە و لە چوارچێوەی وێنەیەکی گەورەتردا تێکەڵ بە یەک کراون. ئەم بەرهەمە یەکێک لەو دوو بەرهەمەی دالییە کە تەکنیکی "دوو بەش کردنی تابلۆ"ـی تێدا بەکارهاتووە. ئەم تابلۆیە بەشێکە لە کۆلێکسیۆنی مۆزیسیەنی بەناوبانگی ئیتاڵی واتە "جیانچینتۆ سکلسی"(1905- 1988). پێدەچێ سکلسی ئەم بەرهەمە هونەرییەی لە "پۆل ئێلوارد" کە هاوسەری یەکەمی گالا بووە و ئەوی بە دالی ناساندووە وەرگرتبێت. لە ساڵی 2011ـدا تابلۆیەکی دالی کە پۆل ئێلواردی وێنا کردووە و لە ساڵی 1929ـدا کێشراوەتەوە بە نرخی 13.5 ملیۆن پاوند فرۆشرا. 

 

سەرچاوە: dailymail

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved