19/10/2020 04:52 PM

شۆڕشی روسیا چۆن روویدا؟

شۆڕشی روسیا لاپەڕەیەک لە مێژووی روسیایە کە بەدوای سەرەڕۆیی حکومەتی تێزار، هەژاری خەڵک و دواهاتەکانی بەشداریکردنی روسیا لە شەڕی جیهانی یەکەمدا روویدا و بووە هۆی رووخانی تێزارەکان. شۆڕشی روسیا یەکێک لە پڕهەراترین رووداوە سیاسییەکانی سەدەی بیستەمە؛ شۆڕشێکی خوێناوی کە بنەماڵەی رۆمانۆفەکانی لە دەسەڵات دوور کردەوە.
روسیا زۆر دوای ئەوروپای رۆژاوایی و ئەمریکا بووە خاوەنی پیشەسازی. کاتێک دواجار شۆڕشی پیشەسازی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا گەیشتە روسیا، کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی سیاسی-کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆی هێنا. بۆ نموونە حەشیمەتی شارە گەورەکانی ئەم وڵاتە وەکوو سەنت پیتەرزبۆرگ و مۆسکۆ لەنێوان ساڵەکانی 1890 بۆ 1910 نزیکەی دوو بەرابەر بوو. ئەم زیادبوونی حەشیمەتە دواجار قەرەباڵغبوونی شارەکان و نالەباریی دۆخی ژیانی چینی کرێکاری لێکەوتەوە.
ئەم کرێکرانە لەدژی پاشایەتیی تێزارەکان و بەهۆی کێشەی ئابووری ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. ئەم کۆبوونەوەیە کوشتاری "یەکشەممەی خوێنین"ـی لێکەوتەوە. کوشتنی بێ‌تاوانانی یەکشەممەی خوێنین، بووە خاڵی دەسپێکی شۆڕشی روسیا لە 1905ـدا. لەم کاتەدا کرێکارە تووڕەکان بە مانگرتنە سەرانسەرییەکانی خۆیان دژکردەوەیان بەم کوشتارە نیشان دا.
نیکۆلای دووهەم پاش کوشتاری 1905 بەڵێنی بە خەڵک داکە بە دامەزراندنی پەرلەمان یان "دووما" بەرەو چاکسازی هەنگاو بنێت. هاوکات، روسیا لە ئاگۆستی 1914ـدا بە مەبەستی پشتگیری لە سیربەکان و هاوپەیمانە فەڕەنسی و بەریتانییەکانی خۆی رۆیشتە ناو جەرگەی شەڕی جیهانی یەکەمەوە. بەشداریی روسیا لەم شەڕەدا بووە هۆی کۆمەڵێک کێشەی گەورە بۆ ئەم وڵاتە. هەر لە دابەزینی دەسەڵاتی سەربازییەوە هەتا کەمبوونی پێداویستییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک.
شۆڕشی فێبریە لە 8ـی مارسی 1917ـەوە دەستی پێکرد. خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی رژانە ناو شەقامەکانی پێترۆگرادەوە. خەڵک بە گشتی بە پشتیوانی کرێکارانی ناڕازی لەگەڵ پۆلیس رووبەڕوو بوونەوە بەڵام شەقامەکانیان چۆڵ نەکرد. رۆژی 12ـی مارس پەرلەمان(دووما), حکومەتی کاتی دامەزراند. چەند رۆژ دواتر تێزار نیکۆلای وازی لە دەسەڵات هێنا و تاج و تەختی سەدان ساڵەی رۆمانۆفەکان بۆ هەمیشە رووخا.
حکومەتی کاتی لەلایەن هەندێک لە بۆرژواکانەوە بەڕێوە دەچوو و هەر بۆیە لە شەش و حەوتی نۆڤەمبەری ١٩١٧ـدا شۆڕشگێڕە چەپەکان بە رێبەرایەتی لینین کۆدەتایان لەدژی ئەم حکومەتە ئەنجامدا. بۆلشویکە شۆڕشگێڕەکان باڵەخانە حکومییەکانیان داگیر کرد و لە ماوەیەکی کورتدا حکومەتی نوێ بە رێبەرایەتی لینین پێک هات و بوو بە یەکەم دەسەڵاتی کۆمۆنیستی جیهان.

 

سەرچاوە: britannica،history

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved