20/10/2020 05:25 PM

نەڤید محەمەدزادە تووشی کۆرۆنا بووە

نەڤید محەمەدزادە، ئەکتەری بەناوبانگی کوردی سینەمای ئێران، لە پۆستێکی ئینستاگرامیدا هەواڵی تووشبوونی خۆی بە کۆرۆنا بڵاو کردەوە. نەڤید لەم پۆستەدا نووسویەتی: "سەیر کە کۆرۆنا، من رۆژانێکی سەختم تێپەڕ کردووە، با ئەم دوو هەفتەیەشی لەگەڵ بێت".
محەمەدزادە هەروەها لە ستۆرییەکدا بەهۆی ئەو نەخۆشییە نەخوازراوە کە بووەتە هۆی راگرتنی پرۆژەکانی، داوای لێبوردنی لە هاوکارانی کردووە. ئەو لەم ستۆرییەدا نووسیویەتی: "لە شانۆدا فێریان کردووین کە لەکاتی کاردا نابێ نەخۆش بکەوین. بەهۆی ئەم کێشەیەوە کە منی خانەنشین کردووە و پرۆژەکانی دوا خستووە، داوای لێبوردن لەهەموو هاوڕێیان و هاوکارانم دەکەم و بەڵێنتان دەدەمێ بۆتان قەرەبوو دەکەمەوە."
لەم رۆژانەی دواییدا هەندێک لە ئەکتەرە بەناوبانگە ئێرانییەکان یەک لە دوای یەک هەواڵی تووشبوونی خۆیان بە کۆرۆنا بڵاو دەکەنەوە. "رەزا گوڵزار" و لالە ئەسکەندەری" و چەند کەسی دیکە لە لاپەڕەکانی خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم بابەتەیان راگەیاندووە.
نەڤید محەمەدزادە لەدایکبووی ساڵی 1986ـی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم ئەکتەرە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کە زۆرینەیان کوردن، گرووپێکی هونەری لە تاران پێک دێنن و دەست دەکەن بە کاری شانۆ. یۆسف باپیری وەکوو دەرهێنەر و هۆتەن شەکیبا وەکوو ئەکتەر لەو هونەرمەندە کوردانەی ئەم گرووپە هونەرییەن کە بە گوتەی خۆیان هێشتاش پەیوەندییەکانیان بەردوامە.
پاشان نەڤید و هۆتەن بە بەشداری کردن لە پرۆژە سینەمایی و تەلەفیزیۆنییەکان زیاتر دەرکەوتن و لەئێستا هەر کامەیان براوەی خەڵاتی "فەجر"ـن لە مەزنترین خەڵاتی هونەرییە لە ئێران.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved